سهرهتا وتار هەڵسەنگاندن و ڕەخنەگرتن لە پێناو بنیاتنانی عەقڵانییەت و ڕاستگۆیی مێژووییدا
عارف ڕوشدی
هەڵسەنگاندن و ڕەخنەگرتن لە ڕووداوەکان، هەڵوێستەکان و لێکەوتە گشتییەکان، پرۆسەیەکی هەستیار، گرنگ و لەهەمان کاتدا یەکجار پێویستە بۆ پێشکەوتنی کۆمەڵگە. بەڵام ئەوانەی لەم بوارەدا چالاکن، پێویستە پێوەری بابەتیبوون، پشتئەستوور بە زانیاریی پشتڕاستکراوەی مێژوویی و هەنووکەیی، و دوور لە هەستی سۆزداری، لایەنگریی تەسک و نمایشی (وەک سیاسەتی ڕازیكردنی هەردوولا و نەشیش بسووتێ و نەکەباب) پیادە بکەن.
ڕەخنەی بنیاتنەر کە لە پێناوی بەشداریی ئەرێنی و بۆ پشتیوانی و چەسپاندنی حەقیقەتدا دەنووسرێت، هەرگیز ڕەوایی بە (هاوتاکردنی نالۆژیكی) لایەنە ناکۆکەکان نادات. چونکە لە کاتێکدا کارکردن بەو ئاڕاستەیە لەوانەیە لە گۆشەیەکەوە وەک «بیرکردنەوەیەکی چاکەخوازی و ئاشتەوایی» سەیر بکرێت، بەڵام لە کۆتاییدا دەرەنجامێکی نەرێنی و کاڵبووەوە بەرهەم دەهێنێت. بۆیە لە پێناوی ڕاستکردنەوەی بنەڕەتیی هەڵە و کەموکوڕییەکاندا، پێویستە کەسی ڕەخنەگر یان هەڵسەنگێنەر، حەقیقەتەکان باڵادەست بکات و پەردە لەسەر لایەنی خەتابار هەڵگرێت، بەبێ ترسنۆکی یان خۆلێخزاندن لە ڕاستییەکان.
بە پێچەوانەوە، توانای پێکانی مەبەستی گشتی فەراهەم نابێت و گرفتەکەش بە بێچارەسەری و بە ئاڵۆزی دەمێنێتەوە. هەروەها، بۆ ئەوەی ڕێڕەوی ڕووداوەکان ئەرێنی بن و ڕەخنەی بنیاتنەر کاریگەریی ڕاستەقینەی خۆی هەبێت، پێویستە شانبەشانی دەستنیشانکردنی کەموکوڕییەکان و ڕەوتی نالەبار، هانبدرێت بۆ بەخۆداچوونەوەیەکی زانستییانە، باوەڕهێنان بە ڕێڕەوی تەندروست، و بەشداریی ئەرێنی لە پرۆسەی خزمەتکردنی ڕاستەقینەی کۆمەڵگەدا. ئەمەش مسۆگەرکردنی مەرجەکانی پێشکەوتن، پاراستنی بەها باڵاکان، و خۆپارێزیی یاسایی و کۆمەڵایەتی بەدوای خۆیدا دەهێنێت، بەتایبەت لەو بوارە هەستیارانەی کە پەیوەندییان بە داهاتوو، چارەنووس و دواڕۆژی نەتەوەیەکەوە هەیە.
لەم سۆنگەیەوە، ڕەخنەی ڕاستەقینە وێرانکەر نییە، بەڵکو ئامرازێکی گرنگە بۆ نوژەنکردنەوەی هۆشیاریی گشتی و گەڕاندنەوەی هاوسەنگی بۆ جەستەی کۆمەڵگە. کاتێک کەسایەتی یان ناوەندە ڕۆشنبیرییەکان دەست بۆ قەڵەم دەبەن بۆ هەڵسەنگاندن، ئەرکی ئەوەیە کە نەک هەر ئاراستەی ڕووداوەکان ڕوونبکەنەوە، بەڵکو ببنە پردێک لە نێوان تێگەیشتنی تیۆری و پیادەکردنی مەیدانیدا. ئەوەش پشت بە کولتوورێکی کراوە و لێبووردەیی فیکری دەبەستێت، کە تێیدا ڕەخنە وەک دیارییەکی گرانبەها سەیر بکرێت، نەک وەک هەڕەشە بۆ سەر بەرژەوەندییە تایبەتەکان. تەنیا لەو ڕێگەیەوە دەتوانین کۆمەڵگەیەک بنیات بنێین کە لەسەر بنەمای بەها مەدەنییەکان و حوکمی لۆژیک و زانست ڕێڕەوی خۆی دیاری بکات و لە قەیرانە دوبارەبووەوەکان ڕزگاری بێت.