سهرهتا وتار لە حزبیبوونەوە بۆ نیشتمانیبوون پێشمەرگە لە دیدگای نێچیرڤان بارزانیدا
د. هوشیار مزەفەر
(1)
یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە ڕووداوێکی سەربازیی ئاسایی نەبوو کە بتوانرێت لە دابەشکردنەوەی یەکەکان یان گواستنەوەیان لە پێکهاتەیەکەوە بۆ پێکهاتەیەکی دیكه کورت بکرێتەوە؛ بەڵکو ئەو بڕیارەی کە لە 22ـی ئادارـی 2026 ڕاگەیەندرا و واژووی لەسەر کرا، لە ناوەڕۆکدا هەوڵێکە بۆ داڕشتنەوەی یەکێک لەو داوودەزگایانەی کە زۆرترین پەیوەندی بە مێژووی هاوچەرخی کوردستانەوە هەیە، و خستنە ناو ئەو چوارچێوەیەی کە دەبێ داوودەزگەی دەوڵەت تیایدا هەبن: هێزێک، مەرجەعیەتێک، بڕیارێکی سەربازی و موئهسهساتێک کە پێشمەرگە بە موڵکی هەموو خەڵکی کوردستان سەیر بکات، نەک درێژکراوەیەکی ڕێکخراوەیی بۆ هیچ حیزبێکی سیاسی. وەک بیرخستنەوەش، ئەمانە هێزی فەرمیی عێراقن.
لەبەر ئەمەشە ئەو بۆنەیەی کە تێیدا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، تەواوبوونی پرۆسەی یەکخستنەوەی پێشمەرگەی ڕاگەیاند، بایەخێکی هەبوو کە لە چوارچێوە سەربازییە ڕاستەوخۆکەی تێپەڕاند؛ چونکە ئەمە دوای ساڵانێکی درێژ لە گفتوگۆ و مشتومڕ لەسەر داهاتووی ئەم هێزانە هات و لەسەر ئەو شێوازەی کە مرۆڤ دەتوانێت پێیدا لە واقعێکەوە کە مێژووییە بە بوونی پێکهاتەی سەربازیی خاوەن پەیوەندیی حبزبییەوە بەستراوەتەوە، بگوازێتەوە بۆ واقعێکی نوێ کە تێیدا وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە دەبێتە مەرجەعی مؤسەساتی بۆ سەرجەم هێزەکان، و بڕیاری سەربازییش لە رکابەریی سیاسیی نێوان حیزبەکان جیا دەبێتەوە.
ڕەنگە ئەوەی لە هەڵوێستی نێچیرڤان بارزانیشدا زۆرترین سەرنج ڕابکێشێت ئەوەیە کە بارزانی مامەڵەی لەگەڵ یەکخستنەوەکە نەکردووە وەکو دەستکەوتێکی ئیداریی تەواوبووی ئامانجەکان، بەڵکوو وەک دەستپێکێک بۆ گۆڕانکارییەکی قووڵتر لە تێگەیشتنی موئەسەساتی سەربازیی کوردستاندا پێشکەش کرد، گۆڕانکارییەک کە لە هەمان کاتدا پەیوەندیی بە داهاتووی هەرێم و پەیوەندیی لەگەڵ عێراقەوە هەیە. هەر لەبەر ئەمەش بوو گوتارەکەی لە دیاریکردنی فەلسەفەی ئەم قۆناغەدا ڕوون بوو، کاتێک جەختی کردەوە کە کوردستان پێویستی بە “هێزێک، وەزارەتێک، و فەرماندەییەک” هەیە و پێشمەرگە دەبێت هێزێکی نیشتمانی بێت و دوور بێت لە دەستێوەردان و ناکۆکییە حیزبییەکان.
ئەم دیدگایە ئەوە دەخاتە ڕوو کە پرسە بنەڕەتییەکە تەنیا ئەوە نییە کە یەکە سەربازییەکان لە ژێر ناوی یەک وەزارەتدا بن، بەڵکو لەوەدایە کە خودی وەزارەتەکە ببێتە مەرجەعی ڕاستەقینەی کارمەندەکە و هەموو پێشمەرگەیەک هەست بەوە بکات کە ئەو موئەسەساتەی پەیوەندیی پێوەیە، موئەسەساتی کوردستانە، نەک موئەسەساتی حزبێک، ناوچەیەک یان باڵێکی سیاسی؛ و ئەمە ئەو جیاوازییەیە لە نێوان تێکەڵکردنی ئیداری و یەکخستنەوەی ڕاستەقینەدا بەپێی دیدگای نێچیرڤان بارزانی.
و جارێکی دیكهش ئەوەی کردەوە، بۆیە پێشوازیکردنی سەرکردەکان لەم بابەتە، پێشوازیکردن بوو لە نێچیرڤان بارزانی.
(2)
پێشمەرگە خاوەن مێژوویەکی دوورودرێژی تێکۆشان و قوربانیدانە و ئەم مێژووە بە یەک حیزبەوە نەبەستراوەتەوە، تەنانەت ئەگەر حیزبە کوردستانییەکانیش ڕۆڵی جۆراوجۆریان لە ڕێبازەکەیدا گێڕابێت؛ چونکە ئەو ساتانەی کوردستان کەوتە بەر مەترسی، ئەو سنوورە سیاسیانەیان نەدەناسی کە لە ژیانی حیزبیدا دەرکەوتن و شەرڤان و تێکۆشەری کورد بۆ پاراستنی هەمان خاک و هەمان کۆمەڵگە لە پاڵ یەکتردا دەوەستان. لەبەر ئەمەش، ئەو بیرۆکەیەی کە نێچیرڤان بارزانی خستیەڕوو، پشتی بە گواستنەوەی یەکڕیزیی سەنگەر بۆ یەکڕیزیی موئەسەسات بەستووە، کە مانایەکی زۆر گرنگە لەم قۆناغەدا.
ناوبراو لە گوتارەکەیدا گوتی: کە کاتێک پێشمەرگە ڕووبەڕووی مەترسییەکان بووەوە، هیچ جیاوازییەک لە نێوان پێشمەرگەیەک و یەکێکی تردا نەبوو، و نە لە نێوان ناوچەیەک و ناوچەیەکی تریشدا، بەڵکو ئەوان لە هەمان سەنگەردا وەستان و بەیەکەوە قوربانییان دا و خوێنیان ڕشت لە پێناو پاراستنی یەک خاک و یەک گەلدا، پاشان ئەوەشی خستە سەر کە ئەوەی پێشمەرگەی لە گۆڕەپانەکانی جەنگدا یەکخست، دەبێت لە ناو موئەسەسات و فەرماندەیی و بڕیاردانیشدا یەکیان بخات. ئەم بیرۆکەیە بە شێوازێکی ورد ناوەڕۆکی پڕۆژەکە دیاری دەکات؛ کێشەکە لە بوونی مێژووی هاوبەش، دۆزی هاوبەش یان دوژمنی هاوبەشدا نەبوو، بەڵکوو لەوەدا بوو کە ئەم هاوبەشییە مێژووییە بە تەواوی نەبووە موئەسەساتێکی سەربازیی یەکگرتوو. هەر لەبەر ئەمەشە قۆناغە نوێیەکە دەیەوێت مێژووی هاوبەش بکاتە بنەمایەک بۆ بنیاتنانی موئەسەساتێکی هاوبەش.
لێرەوەشە ئەو دەستەواژەیە هاتووە کە لە دیاریکردنی ناسنامەی پێشمەرگەدا ڕوونتر بوو، کاتێک گوتی: “پێشمەرگە هێزێکی حزبی نییە، بەڵکوو هێزی کوردستانە”. ئەمەش دەستەواژەیەکە کە گواستنەوەیەکی فکریی گرنگ کورت دەکاتەوە؛ لە بەسەرهاتنی پێشمەرگە وەک هێزێک کە بەستراوەتەوە بە ڕێڕەوە سیاسییەکانی لە سایەیدا سەریان هەڵداوە، بۆ سەیرکردنی وەک موئەسەساتێکی نیشتمانیی کوردستانی کە دەبێت هەمووان لە خۆ بگرێت و هەمووان بپارێزێت.