شێرکۆ حەبیب
هەر قۆناغێکی نوێ لە عێراق، کورد دەخاتە بەر پرسیارێکی نوێ. ئەمجارەش پرسیارەکە تەنیا ئەوە نییە کە عێراق بەرەو کوێ دەچێت، پرسیاری گرنگتر ئەوەیە کە کورد چۆن لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییە هەڵسوکەوت و مامەڵە دەکات؟ لە سیاسەتدا، هەموو گۆڕانکارییەک دەرگایەک نییە بۆ دەرفەت، هەروەها هەموو گۆڕانێکیش مەترسی نییە، ئەوەی گرنگە، توانای خوێندنەوەی دۆخەکە و بڕیاردان لە کاتی خۆیدایە. کورد ئەگەر تەنها چاودێریی ڕووداوەکانی عێراق بکات، دەبێتە بەشێک لەو ڕووداوانە. بەڵام ئەگەر بتوانێت پێش گۆڕانکارییەکان هەڵوێستی خۆی دیاری بکات، ئەوا دەتوانێت لەسەر ڕووداوەکان کاریگەری هەبێت و خاوەن بڕیار بێت.
یەکەم هەنگاو: پێش هەموو شتێک، یەکریزیی نێو ماڵی کورد
هیچ هێزێک ناتوانێت لە دەرەوە بەهێز بێت، ئەگەر لە ناوخۆدا یەکگرتوو نەبێت، لە قۆناغی نوێی عێراقدا یەکێک لە گرنگترین ئەرکەکانی کورد ئەوەیە کێشە ناوخۆییەکان لە چوارچێوەی گفتوگۆ و دامەزراوەکاندا چارەسەر بکات، نەک بە شێوەیەک کە بۆ دەرەوە دەرفەتی گوشار دروست بکات.
کورد پێویستی بە ڕێککەوتنێکی سیاسی لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی گشتی هەیە، ئەمە بە مانای ئەوە نییە کە حیزبەکان دەبێت هەمان و یەک بۆچوونیان هەبێت، بەڵکو دەبێت لە بابەتە چارەنووسسازەکاندا سنووری جیاوازی و خاڵی هاوبەش دیاری بکەن.
دووەم هەنگاو: پەیوەندی لەگەڵ بەغدا بە شێوەیەکی نوێ
پەیوەندیی هەولێر و بەغدا نابێت هەمیشە لە دۆخی کێشە و وەڵامدانەوەدا بێت، کورد دەبێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور، بەرژەوەندیی هاوبەش و هاوسەنگی دابنێت.
هەر کێشەیەک نابێت ببێتە شەڕی سیاسی، و هەر جیاوازییەک نابێت زیان بە پەیوەندییەکان بگەیەنێت. هەولێر دەبێت لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ بکات، بەڵام لە گفتوگۆدا پێویستە کورد بزانێت کە داواکارییەکانی چییە و سنووری سازش لە کوێیە، سیاسەت تەنیا وتنی (نەخێر) نییە، هەروەها تەنیا وتنی (بەڵێ)ش نییە. سیاسەت ئەوەیە بزانیت لە کوێ دەوەستیت و بۆچی.
سێیەم هەنگاو: پێشمەرگە تەنها بە ناو نەبێت
لە قۆناغی نوێی عێراقدا، ئاسایش دەبێتە یەکێک لە گرنگترین بابەتەکان. کوردستان بێت، و پێویستی بە هێزێکی پێشمەرگەی ڕێکخراو، فێربوو و دامەزراوەیی هەیە، هێزێک کە ئەرکی سەرەکیی بەرگری لە خاک و هاووڵاتییان و دامەزراوەکانی کوردستان بێت. پێشمەرگە نابێت تەنیا وەڵامدەرەوەی هەڕەشە بێت، دەبێت بەشێک بێت لە پلانێکی گشتیی ئاسایشی کوردستان، پلانێک کە لەسەر پێشبینیکردن، ئامادەکاری و هاوکاریی دامەزراوەکان دامەزرابێت.
ئەگەر ئەم کارە بە شێوەیەکی دروست بکرێت، پێشمەرگە دەبێتە هێزی سەقامگیری، نەک تەنها هێزی بەرگری لە کاتی قەیران. هەردەم پێشمەرگە هێزی بەرگریی لە خاکی کوردستان و میللەتەکەی بووە، کە سەدان داستانی قارەمانییەتیی بێ وێنەی تۆمار کردووە.
چوارەم هەنگاو: کورد نابێت هەموو هیوای بە دەرەوە ببەستێت
لە سیاسەتی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا، هاوپەیمانی و هاوکاری گرنگن، بەڵام هیچ هاوپەیمانییەک نابێت جێگەی توانای خۆماڵی بگرێتەوە، کورد دەبێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ واشنتۆن و ڕۆژئاوا و هێزە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان بەردەوام پەرە پێ بدات، بەڵام بنەمای بڕیارەکانی لە بەرژەوەندیی خۆی بێت.
دوست و هاوپەیمان دەتوانن یارمەتیدەر بن، بەڵام لە کۆتاییدا ئەوە خۆمانین کە دەبێت بەرپرسیاریی بڕیارەکانمان لە ئەستۆ بگرین. ئەمەش واتای دوورکەوتنەوە لە دەرەوە نییە، واتای ئەوەیە پەیوەندییە دەرەکییەکانمان بە ئامرازێک بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانمان بگۆڕین.
پێنجەم هەنگاو: دەرفەتەکان لە ناو قەیرانەکاندا بدۆزرێنەوە
عێراق تەنیا کۆمەڵێک کێشە نییە، لە هەمان کاتدا بازنەیەکیشە لە دەرفەتەکان.
کورد ئەگەر بتوانێت بەشدارییەکی کاریگەر لە دامەزراندنی عێراقێکی سەقامگیرتر بکات، دەتوانێت شوێنی خۆی لە ناو پرۆسە سیاسییەکەدا بەهێزتر بکات، کوردستان کاتێک داواکارییەکانی خۆی دەخاتە بەردەم بەغدا لەسەر ئەم بنەمایە، هەروەها دەبێت پێشنیار و بەشداریکردنی بەهێزی هەبێت لە بەغدا، بۆ ئەوەی ئاگاداریی هەموو بڕیارەکان بێت و بتوانێت مافەکانی دابین و جێبەجێ بکات.
ئەمە جیاوازیی نێوان ئەوەیە کە تەنها بەرگری لە مافەکانت بکەیت و ئەوەیە کە ببیتە بەشێک لە دۆزینەوەی چارەسەر، کوردستان دەتوانێت بەشێک بێت لە چارەسەری کێشەکانی عێراق، بەبێ ئەوەی ماف و ناسنامەی خۆی پشتگوێ بخات.
شەشەم هەنگاو: خوێندنەوەی دوورمەودا
کورد پێویستی بە دامەزراوە و ناوەندی توێژینەوەیی زیاتر هەیە کە بتوانن دۆخە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەکان بخوێننەوە و سناریۆی جیاواز بۆ ساڵانی داهاتوو دابنێن، بەتایبەتی شیکردنەوەی بۆ چوون و تێروانینەکانی سەرۆک بارزانی.
بڕیار نابێت تەنیا بە هەواڵی ئەمڕۆ دروست بکرێت. دەبێت بزانین ئەگەر ئەم ڕێگایە بگیرێت، چی ڕوودەدات، ئەگەر ئەو ڕێگایە هەڵبژێردرێت، چی دەگۆڕێت، و ئەگەر هیچمان نەکرد، چی دەبێت. ئەمە سیاسەتی پێشبینیکردنە، نە سیاسەتی چاوەڕوانی.
کورد چۆن هەڵسوکەوت بکات؟
کورد لەگەڵ عێراقی دوای ئەم قۆناغەدا نابێت بە ترس و پەلە مامەڵە بکات، هەروەها نابێت بە دڵخۆشیی بێبنەما بڕیار بدات، پێویستە ئارام بێت، بەڵام چالاک، پێویستە لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ بکات، بەڵام لەسەر بنەمای ماف و دەستوور، پێویستە پەیوەندییە دەرەکییەکانی بەهێز بکات، بەڵام بڕیاری کۆتایی لە بەرژەوەندیی خۆی بدات. پێویستە پێشمەرگە بەهێز و ڕێکخراو بێت، بەڵام له هەمان کاتدا دامەزراوەکانیش بەهێز بن.
گرنگتر لە هەموو ئەمانە، کورد دەبێت لە نێوان حیزب و نیشتماندا جیاوازی بکات. حیزب دەتوانێت بۆ بەرنامە و دەسەڵات ڕکابەری بکات، بەڵام نیشتمان شوێنی ڕکابەرییەکی بێسنوور نییە.
ئەمڕۆ کورد لەبەردەم پرسیارێکی گەورەدایە: ئایا تەنیا چاوەڕێی ئەوە دەکات عێراق چی دەکات؟ یان خۆی دەبێتە بەشێک لەوەی عێراق بەرەو کوێ دەچێت؟ وەڵامی ئەم پرسیارە دەتوانێت شێوەی مامەڵەکردنی کورد لەگەڵ قۆناغی داهاتووی عێراق دیاری بکات.