سه‌ره‌تا چاوپێكه‌وتن شوان كه‌لاری بۆ (خه‌بات): ئاستەنگ و دژایەتییەکان ئیرادەی مەسرور بارزانی بۆ خزمەت...

شوان كه‌لاری بۆ (خه‌بات): ئاستەنگ و دژایەتییەکان ئیرادەی مەسرور بارزانی بۆ خزمەت و پڕۆژە ستراتیژییەکان بەهێزتر دەکەن

2

خه‌بات: پەری محەمەد:- پەرلەمانتارێکی پێشووی عێراق ڕایدەگەیەنێت: مەسرور بارزانی بە ئیرادە و جددییەتێکی زۆرەوە بەسەر قەیران و ئاستەنگەکاندا تێپەڕیوە و هەنگاوەکانی کابینەکەی، بەتایبەت پڕۆژەی ڕووناکی و هەژماری من، کوردستانیان گەیاندووەتە قۆناغێکی نوێ، هەروەها ئاماژە بەوەش دەکات کە هەوڵ و دژایەتیی نەیاران نەک نابنە بەربەست، بەڵکوو زیاتر هاندەر دەبن بۆ درێژەدان بە پڕۆژە خزمەتگوزارییە فراوانترەکان.

شوان کەلاری، پەرلەمانتاری پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، تایبەت بە ڕۆژنامەی خەبات ڕاگەیاند: هەوڵی نەیاران ئیرادەی کاک مەسرور بارزانی بۆ خزمەت و پڕۆژە ستراتیژییەکان بەهێزتر دەکات و کاروانی ئاوەدانی و خزمەتگوزاری بەردەوامە وەک سەرکردەیەکی جدی خاوەن ئیرادە بەهێز و خزمەتگوزار و ڕاستگۆ هاتووەتە مەیدان و بە شێوەیەکی کردەیی توانیویەتی بەسەر بارودۆخە قورس و دژوارەکاندا زاڵ ببێت.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو: ئەگەر تیشک نەخرێتە سەر پڕۆژە گرنگ و ستراتیژییەکانی وەک ڕێگەوبان، ئاوەدانکاری، دروستکردنی بەنداو، پۆند و پارکەکان، ئەو بەتایبەتی هەر دوو پڕۆژەی ڕووناکی و هەژماری من بەتەنیا دەستکەوتێکی ئەوەنده‌ گەورە و کاریگەرن کە کوردستانیان لە قۆناغێکەوە گواستووەتەوە بۆ قۆناغێکی تری پێشکەوتووتر.

ئەو پەرلەمانتارەی پێشوو سەبارەت بە هۆکاری ڕەخنە و دژایەتییەکانیش دەشڵێت: پێموایە ئەوانەی چاویان بە پێشکەوتنەکان هەڵنایەت، هەمان ئەو لایەنانەن کە نەیانتوانی ڕێگری لە سەرکەوتن و پێشڕەوییەکانی مەسرور بارزانی بکەن، چونکه‌ سەرەڕای ئاستەنگەکانی بەغدا دەستکەوت و خزمەتگوزارییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەت بوونەتە جێگەی نیگەرانی و گرێی دەروونی لای ئەو حزب و کەسایەتییانەی کە بەرژەوەندیی خۆیان لە لاوازی و کەمیی خزمەتگوزاری و کێشەکانی کارەبا و مووچەی هەرێمی کوردستاندا دەبینن، بۆیە پەنا بۆ پەلاماردان دەبەن.

لە کۆتاییدا شوان کەلاری جەخت دەکاتەوە کە ئەو دژایەتی و هەوڵانە ناتوانن ڕێگری لە کاروانی پێشکەوتن بگرن، بەپێچەوانەوە ئەم دژایەتیکردنە وا دەکات مەسرور بارزانی سوورتر بێت لەسەر جێبەجێکردنی پڕۆژە و خزمەتگوزاریی گەورەتر، لە بەرانبەریشدا نەیاران زیاتر پاشەکشە بکەن و لاوازتر ببن.