سهرهتا وهرزش دوو نوێنەری هەولێر به ئهندامی فیدراسیۆنی پاسکیلسواری عێراق ههڵبژێردرا
خهبات: سهرههنگ نهجمهدین:- بەشداری و نوێنەرایەتی کورد لە دامەزراوە و فیدراسیۆنە وەرزشییەکانی عێراق، هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەهێزکردنی ڕۆڵی وەرزشی کوردستان، لەم چوارچێوەیەدا هەڵبژاردنی دوو نوێنەری هەولێر بۆ دەستەی کارگێڕی فیدراسیۆنی پاسکیلسواری عێراق، دەستکەوتێکی گرنگ و جێی شانازییە بۆ وەرزشی کوردستان.
هەڵبژاردنی ئەنجومەنی گشتی فیدراسیۆنی پاسکیلسواری عێراق، ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو لە هۆڵی لیژنەی ئۆڵۆمپیی عێراق بەڕێوەچوو، بە ئامادەبوونی دوو ئەندامی دەستەی کارگێڕی لیژنەی ئۆڵۆمپیی عێراق، د. ههرده ڕەئووف و حامد حەنون، هەروەها 30 ئەندامی ئەنجومەنی گشتی بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکەدا کرد.
لە ئەنجامی دەنگداندا، ههریهك له عەبدولقادر نورەدین بە 20 دەنگ و کەنعان ئیسماعیل بە 18 دەنگ توانییان متمانەی ئەندامانی ئەنجومەنی گشتی بەدەستبهێنن و ببنە ئەندامی دەستەی کارگێڕی فیدراسیۆنی پاسکیلسواری عێراق.
هەڵبژاردنی ئەم دوو نوێنەرەی هەولێر، بە تایبەتی لە پۆستە کارگێڕی و بڕیاردەرەکاندا، دەرفەتێکی گرنگە بۆ بەشداریی زیاتر لە بڕیارەکانی پەیوەندیدار بە وەرزشی پاسکیلسواری و گەیاندنی دەنگ و داواکارییەکانی وەرزشی کوردستان لە ئاستی فیدراسیۆنی عێراقدا.
لە بەشەکانی تری هەڵبژاردنەکەدا، د. عەلی حەمید بە 27 دەنگ هەڵبژێردرا، ئەحمەد سەبریش بە 29 دەنگ پۆستی جێگری سەرۆکایەتی فیدراسیۆنەکەی بەدەستهێنا، ئەم ئەنجامە دەستکەوتێکی گرنگە بۆ هەولێر و وەرزشی کوردستان، چونکە بوونی عەبدولقادر نورەدین و کەنعان ئیسماعیل لە دەستەی کارگێڕی فیدراسیۆنی پاسکیلسواری عێراق، دەرفەتێکی نوێ بۆ بەهێزکردنی نوێنەرایەتیی کورد و بەشداریی کاریگەر لە پەرەپێدانی ئەم بوارە وەرزشییە دەڕەخسێنێت.