سیاسەت و ستراتیژی سەرۆکوەزیرانی کوردستان بۆ دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمه‌ریکا

120

رێبوار حەمەلاو شوانی
ئەمە جاری یەکەم و دووەم و کۆتاییش نییە هێزەکانی ئەمه‌ریکا و هاوپەیمانان لە عێراق دەکشێنەوە؛ ئەو کشانەوەیەش بەدڵنیاییەوە لەسەر گوشار و هەندێک بارودۆخی تایبەت بووە، نەک پلان و خوێندنەوەی ورد و ژیرانە بۆ گۆڕانکاری و پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکە. بۆیە بەدڵنیاییەوە ئەو کارە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر هاوسەنگیی ئەمنی و سەربازیی عێراق، ناوچەکە و کوردستانیش دروست دەکات.
بەخوێندنەوەی وردبینانەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمه‌ریکا و هاوپەیمانان لە عێراق، نەک تەنها پلانێکی ئاسایی نییە، بەڵکوو بۆشاییەکی گەورە لە ڕووی ئەمنی و سەربازییەوە دروست دەکات و ڕێگە بۆ گرووپ و میلیشیا نایاساییە مەزهەبی و تایفییەکان و ئینجا دەستوەردانە دەرەکییەکان زیاتر دەکات؛ هێزی حکوومەت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەو چەکدارانە لاواز دەکات و لە ئەنجامدا هەژموونی میلیشیایی و دەرەکی بەسەر دامەزراوەکانی عێراق لە ڕابردوو زیاتر دەبێت و ناسەقامگیری و ئاژاوەگێڕی بۆ وڵات دەگەڕێتەوە، وەک چۆن لە ڕابردوودا بەهۆی گوێنەدان بە هۆشدارییەکان، عێراق تووشی چ کارەساتێک بوو.
هەرێمی کوردستان بەهۆی هەڵکەوتە گرنگ و سیاسی، سەربازی و ئابوورییەکەیەوە، زۆرجاران بەهۆی ئەو هەڵە ستراتیژییانەی عێراقەوە ڕووبەڕووی کێشەی گەورە دەبێتەوە، بەتایبەتی لە قۆناغی ئێستادا کە شەڕی تەکنۆڵۆژیا و چەکی بەرگریی پێشکەوتووە بۆ تێکشکاندنی درۆن و مووشەکە بالستیکەکان. ئەوەش وادەکات بەهۆی بەردەوامیی دەستێوەردانە دەرەکییەکان و بوونی دەیان گرووپی میلیشیایی پڕچەک و درۆن و مووشەک، ڕووبەڕووی ئاڵنگاریی زۆر ببێتەوە، و لەوە خراپتر بەکارهێنانی خاکی عێراقە بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێ ناوچەییەکان؛ ئەوەش دەخوازێت ستراتیژییەکەی تۆکمە و بەهێزی هەبێت بۆ بەرگریکردن لە قەوارەی هەرێمی کوردستان و دەستکەوتەکانی.
لە نێو هەموو ئەو ئاڵۆزی و کێشانەی ناوچەکەدا، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی کوردستان، بەخوێندنەوەیەکی وردبینانە و ستراتیژییەکی ژیرانە کار بۆ پارێزگاریکردن لە قەوارەی کوردستان و خەڵکەکەی دەکات. وەک هەمیشە رژدە لەسەر ئەوەی کە پارێزگاریکردن لە سەقامگیری، ئارامی و دڵنیایی بۆ خەڵکی کوردستان، ئەولەوییەتی کارەکانێتى، ئەویش بەڕێگەی سیاسەت و دیپلۆماسیی کارا و سەرکەوتوو.
ئەوەی سەرۆکوەزیرانی کوردستان، مەسرور بارزانی، ئامانجێتى، بەتایبەتی لەدوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمه‌ریکا و پێشتریش ئاماژەی پێکردووە، لەسەر چەند بنەمایەک دەوەستێت:
1- پشتبەستن وەک هەمیشە بە توانای ناوخۆیی و گرنگیدان بە هێزی پێشمەرگە لە ڕووی تەکنۆلۆژیای پێشکەوتوو، سەربازی و هەواڵگرییەوە.
2- پارێزگاریکردن لە ئاسایشی ئابووری و دارایی، گرنگیدان بە کارى بازرگانی و وەبەرهێنان و پارێزگاریکردن لە ژیانى خەڵکی کوردستان، ئینجا گرنگیدان بە هاوپەیمان و هاوبەشە ستراتیژییەکان لەڕووی تەکنۆلۆژیای سەربازی، درۆنی و سایبرییەوە.
3- وەک هەمیشە پارێزگاریکردن لە ژیانی خەڵک و ئینجا قەوارەی هەرێمی کوردستان و هەموو ئەو دەستکەوتانەی کە بەرهەمی دەیان ساڵ قوربانیدان، خوێنی شەهیدان و ماندووبوونی پێشمەرگە قارەمانەکانە، چونكە کلیلی پێشکەوتنی هەر کۆمەڵگەیەک بوونی ئاسایش و سەقامگیرییە.
4- کاتی ئەوە هاتووە دەسەڵاتدارانی بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور، هاوبەشی و هاوسەنگی کار بکەن، بەتایبەت لە ڕووی دابینکردنی سیستەمی بەرگری بۆ هەرێمی کوردستان و ئینجا جێبەجێکردنی دەستوور و پابەندییەکانیان لە پێناو پارێزگاریکردن لە قەوارەی کوردستان.
هەربۆیە، هەنگاوەکانی سەرۆکوەزیرانی کوردستان لە ڕابردوو و ئێستای گۆڕانکاری و پێشهاتە نوێیەکاندا، بەتایبەتی لەدوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان، ڕوانگەیەکەی ڕوون و ئاشکرایە کە پارێزگاریکردن لە سەقامگیریی هەرێمی کوردستان، واتە ئارامی و ئاسایش لە عێراق و هەموو ناوچەکە.
گرنگە ئەم کشانەوەیە وا نەکات مێژووی ڕابردوو دووبارە بێتەوە بۆ قووڵتربوونەوەی قەیرانەکان لە ڕووی ئەمنی و ئابوورییەوە. لەو ڕووەوە، مەسرور بارزانی بە پلان و ستراتیژیی وردبینانە و دیپلۆماسیی کارا، گشت هەوڵەکانی لە پێناو سەقامگیریی کوردستانە وەک هۆکارێک بۆ ئارامیی هەموو عێراق و ناوچەکە.