سهرهتا وتار ڕاڤەیەکی فەلسەفی بۆ ڕاستگۆیی لە چارەسەرکردنی کێشەکاندا
ئەحمەد جەردیس
لە پەیوەندییە مرۆییەکاندا هەڵەتێگەیشتن و ڕوودانی کێشە شتێکی ئاسایی و چاوەڕوانکراوە، بەڵام ئەوەی جیاوازی دروست دەکات، شێوازی مامەڵەکردن و یەکلاکردنەوەی ئەو کێشانەیە. بەرزترین ئاستی ئازایەتی ئەوەیە کە مرۆڤ لە کاتی هەڵەتێگەیشتن و تێکچوونی پەیوەندییەکاندا ڕاستگۆیی و ڕووبەڕووبوونەوە بکاتە بنەمای ڕەفتاری خۆی.
کاتێک کێشەیەک لەنێوان دوو لایەن ڕوودەدات، گرنگترین هەنگاو ئەوەیە کە ڕاستییەکان وەک خۆیان و بە ڕاشکاوی بگوترێن. هیچ شتێک بۆ کات و کەسانی تر نەهێڵدرێتەوە، چونکە سپاردنی ڕاستییەکان بە کەس و لایەنی تر، دەرفەت بۆ شێواندنی ڕاستییەکان و دروستبوونی ناڕاستی دەکاتەوە. کاتێک لایەنی بەرامبەر ڕاستییەکان ڕاستەوخۆ لە خۆتەوە دەبیستێت، هەم ئەرکی خۆت بەجێهێناوە و هەم ڕێگەت لە دووڕوویی و دەستتێوەردانی دەرەکی گرتووە.
دەشێت لەم پڕۆسەیەدا، بەرامبەرەکەت باوەڕ نەکات یان نەیەوێت ڕاستییەکان قبوڵ بکات؛ لەم بارودۆخەدا مرۆڤ ئازادە لەوەی باوەڕ بە کێ دەکات یان چی قبوڵ دەکات، بەڵام کاتێک ڕاستییەکان بە ڕوونی دەوترێن، ئیتر تەنها چەکێک کە بۆ کەسانی بەدکار دەمێنێتەوە پەنابردنە بۆ ناڕاستی، لەگەڵ ئەوەشدا ناڕاستیش لەبەرامبەر ڕاستگۆییدا هەمیشە لاواز و کاتییە.
ڕاستگۆیی لە ڕووبەڕووبوونەوەدا نەخشەی ڕەوشت و کەسایەتیی بەهێزی مرۆڤ دەردەخات. بێدەنگ نەبوون و ڕاشکاوی، ویژدانی مرۆڤ ئاسوودە دەکات و وا دەکات هەرگیز لە بەرامبەر هەڵوێستەکانیدا هەست بە پەشیمانی نەکات.
لە کاتێکدا کە پەیوەندییە مرۆییەکان ڕۆژانە بەر شاڵاوی هەڵەتێگەیشتن، دەنگۆ و بەلاڕێدان دەکەونەوە، ئیتیکی ڕووبەڕووبوونەوە و ڕاشکاوی دەبێتە یەکێک لە ئاڵۆزترین پرسە فەلسەفییەکان. مرۆڤ هەمیشە لە نێوان دوو ڕێگەدایە: ئایا ڕاستییەکان ڕاستەوخۆ و بێپەردە بگەیەنێتە بەرامبەرەکەی، یان بهێڵێت قسەکان لە فلتەری دەمی کەسانی تر و کەشی لێڵدا بپەڕێنەوە؟
لە ڕوانگەی فەلسەفەی ئیتیکییەوە، فەیلەسوفی ئەڵمانی (ئیمانوێل کانت) پێیوایە کە ڕاستگۆیی ئەرکێکی بێمەرجە. لای کانت، شاراوەیی و شێواندنی ڕاستییەکان ڕێگە خۆش دەکات بۆ تێکدانی پەیمانی کۆمەڵایەتی. کاتێک مرۆڤ لە کاتی هەڵەتێگەیشتنێکدا ڕاستییەکان وەک خۆیان و بێپەردە دەڵێت، بەرپرسیارێتیی ئیتیکیی خۆی تەواو دەکات. هەروەها کاتێک ڕاستییەکان لە کاتی خۆیدا ڕاستەوخۆ دەگەیێنرێن، شوێنێک بۆ گومان و هەڵسەنگاندنی چەواشەکارانە نامێنێتەوە. وەک کانت ئاماژەی پێدەکات، ئەنجامی ڕاستگۆیی هەرچییەک بێت ویژدانی مرۆڤ بە پاکی دەمێنێتەوە، چونکە ڕاستییەکەی نەکردووەتە ئامرازی یاری پێکردن.
کاتێکیش ڕاستییەکان روونن، ئەوانەی توانای بەرگەگرتنی ڕاستییەکانیان نییە یان دەیانەوێت پەیوەندییەکان تێکبدەن، پەنا بۆ ناڕاستی دەبەن.
(نیچە) لە شیکردنەوەی دەروونناسیی ئەسفراگی و ڕەوشتی لاوازەکاندا ڕوونی دەکاتەوە کە مرۆڤی لاواز بەهۆی نەبوونی ئازایەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوە، پەنا بۆ فێڵ، ناڕاستی و دروستکردنی کەشی ناروون دەبات. نیچە پێیوابوو کە ڕووبەڕووبوونەوە و هێنانەبەرباسی ڕاستییەکان ڕەفتاری شێوازە بەهێزەکەی مرۆڤە، لە بەرامبەردا پەنابردن بۆ کایەی پشتەوە و کەشی ناروون، دەرخەری ترسنۆکی و نەبوونی جورئەتە، هەروەک نیچە دەڵێت: (ئەوەی ناتوانێت لەبەردەم ڕاستیدا بوەستێت، هەوڵدەدات بە ناڕاستی دەوروپشتی داپۆشێت).
لە ڕووی دەروونناسیی کۆمەڵایەتییەوە، (کارل ڕۆجەرز) ئاماژە بەوە دەکات کە ڕاشکاوی بنەمای تەندروستییە لە هەر پەیوەندییەکدا، بەڵام پاش ئەوەی ڕاستییەکان بە ڕوونی دەوترێن، قۆناغی ئازادیی ئەوەی تر دەستپێدەکات. ئەگەر کەسی بەرامبەر باوەڕ بە ڕاستییەکان نەکات و پەنا بۆ گوێگرتن لە ناڕاستی ببات، لێرەدا فەلسەفەی بوونگەرایی وەڵام دەداتەوە؛ (ژان پۆڵ سارتەر) جەخت لەسەر ئازادی و بەرپرسیارێتیی تاک دەکاتەوە. هەر کەسێک ئازادە باوەڕ بە چی دەکات، بەڵام هەڵبژاردنی باوەڕهێنان بە ناڕاستی لە شوێنی ڕاستی ڕاشکاو، بەرپرسیارێتییەکی ئیتیکییە کە دەکەوێتە سەر شانی بڕیاردەرەکە خۆی.
ئەم هاوکێشەیە نیشانمان دەدات کە ڕاشکاوانە وتنی ڕاستییەکان لە کاتی کێشەکاندا تەنیا ڕەفتارێکی کۆمەڵایەتیی سادە نییە، بەڵکو هەڵوێستێکی قووڵی فەلسەفییە. مرۆڤێک کە هیچ شتێک بۆ دەمی کەسانی تر نایەڵێتەوە و ڕاستییەکان بەبێ پەردە دەڵێت، ویژدانی خۆی ڕزگار دەکات لە تۆمەتی کەمترخەمی یان شاراوەیی و سنوورێک بۆ دووڕوویی دادەنێت، چونکە دەرفەت بە ناوەندکارە خراپەکان نادات، هەروەها مافی ئازادیی باوەڕهێنانیش دەداتە کەسی بەرامبەر بەبێ ئەوەی خۆی بکاتە قوربانیی هەڵبژاردنە هەڵەکانیان.
کەواتە ڕاستگۆیی و ڕاشکاوی باشترین شێوازی بەرگرییە لە کەرامەتی مرۆڤ؛ ئەوەشی باوەڕ بە ڕاستییەکان ناکات، لە ڕاستیدا خۆی لەبەردەم هەڵبژاردنی نێوان ڕاستی ڕووت و ناڕاستی جوانکراودا ڕاگرتووە.