ئەرێ ئەم دژایەتییەی کوردستان بۆ؟؟!!

167

مەریوان نەقشبەندی
پشتیوانیی شیشان دەکەن بۆ جیابوونەوە لە ڕووسیا، چونکە موسڵمانن. پشتیوانیی لە بۆسنە دەکەن بۆ جیابوونەوە لە یوگوسلافیا، چونکە موسڵمانن. پشتیوانیی لە کشمیر دەکەن بۆ جیابوونەوە لە هیندستان، چونکە موسڵمانن. پشتیوانیی لە ئیگۆرەکان دەکەن بۆ جیابوونەوە لە چین، چونکە موسڵمانن. پشتیوانیی لە موسڵمانەکانی بۆرما دەکەن بۆ جیابوونەوە لە میانمار، پشتیوانیی بزوتنەوەی مۆرۆ دەکەن بۆ سەربەخۆیی و جیابوونەوە لە فلیپین تەنیا لەبەرئەوەی موسڵمانن، پشتیوانیی بۆکو حەرامیش دەکەن بۆ جیابوونەوە لە نەیجیریا. بەناوی ئیسلامەوە زیاتر لە 57 دەوڵەتیان دروست کردووە، تەنانەت نەتەوەی عەرەب لەبەرئەوەی موسڵمانن 22 دەوڵەتیان لەسەر نەخشەی هەردوو کیشوەری ئاسیا و ئەفریقیا بۆ خۆیان دروست کردووە، کەچی کاتێ خەڵکی کوردستان کە ژمارەیان لەهەموو خەڵکی کەنداو زیاتره و ‌ %90 موسڵمانن، کە باسی سەربەخۆیی دەکات، سەرجەم ئەم وڵاتە ئیسلامییانە دژی ئەم مافە دەوەستنەوە و دەڵێن ئەمە بۆ لاوازکردنی ئوممەتی ئیسلامە و پیلانی ئیسرائیل و ڕۆژئاوایە، ئینجا ئێستا ئەو چەند دێڕە شیعرەی شاعیرە فەلەستینییەکەم بیرکەوتەوە کە بەعەرەبی نووسیویەتی و من لێرەدا تەنیا مانا کوردییەکەی دەخەمەڕو:
سەلاحەدینی ئەیوبی سەرکردەیەکی قارەمانی کورد بوو، کاتێ سەرکەوت بەسەر سەلیبییەکان و قودسی ڕزگارکرد گوتیان سەلاحەدین عەرەبە، باشە ئەگەر سەلاحەدین لەو جەنگەدا شکستی بهێنایە چییان دەگوت؟! دڵنیام دەیانگوت ئەوە جاسوسێکی کورد بوو نەدەبو ڕێگە بدەین بکرێتە سەرکردەی سوپای ئیسلام.
بۆ زانیاریی بەڕێزتان: حاڵی حازر نزیکەی %70 ئاڵوگۆڕی بازرگانیی ئیسرائیل لەگەڵ وڵاتانی ئیسلامییە.