مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووساندا، تیشکی خستە سەر پرسی پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا، پڕۆژەیاسای بودجە، سەرچاوە سروشتییەکان و لووتکەی هەولێر.
سەرۆکی حکوومەت لە سەرەتای لێدوانەکانیدا داوای یەکڕیزیی نێوخۆیی کرد و گوتی، “هیوادارم هەموو لایەنێک هەست بەوە بکەن کە بابەتی پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و پاراستنی ئەم ئەزموونە گەورەترە لە هەموو دەستکەوتێکی شەخسی و حزبی. دەبێت هەموو تاکێکی هەرێمی کوردستان هەست بە بەرپرسیارێتیی مێژوویی خۆی بکات. ئێمە ئامادەین ناکۆکییەکانمان وەلا بنێین و هەموومان ببین بە پێشمەرگە بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان”.
سەبارەت بە پڕۆژەیاسای بودجەی 2021 و بەیاننامەکەی بەغدا، سەرۆکوەزیران سەرسوڕمانی خۆی نیشاندا و گوتی، “ئێمە تووشی سەرسوڕمان بووین بەو بەیاننامەیەی ئەمڕۆ دەرچوو، چونکە لەگەڵ ناوەڕۆکی ئەو گفتوگۆیانە ناگونجێت کە پێشتر لەگەڵ دەسەڵاتی بەغدا هەمانبووە. شاندی ئەوان پەیامی جیاوازیان گەیاندبووە ئێمە کە ئاراستەکە بەرەو چارەسەری کێشەکان بوو لەسەر بنەمای دەستوور، بۆیە ئەمەی ئەمڕۆ کراوە بە هیچ جۆرێک جێگەی قبووڵ نییە”.
لەبارەی کۆبوونەوەی سێقۆڵیی چەند ڕۆژ ڕابردووی تایبەت بە کێڵگەی کۆرمۆر و پێشهاتەکانی گازی سروشتی و بڕیارەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، مەسروور بارزانی ڕوونیکردەوە، لەو کۆبوونەوەیەدا پێشکەوتنی باش هەبووە بۆ چۆنیەتیی جێبەجێکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە سەرچاوە سروشتییەکان.
سەرۆکی حکوومەت جەختیکردەوە، “هەر شتێک لە دەرەوەی ئەو چوارچێوەیە بێت لای ئێمە قبووڵکراو نییە. ئێمە ئامادەین هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا و کۆمپانیاکان بکەین بۆ ئەوەی لە بەرژەوەندیی سەرچاوە سروشتییەکان و بەرژەوەندیی خەڵکی عێراق بێت، بەڵام هەمیشە بەڵێنیان داوە و بەڵێنەکان جێبەجێ نەکراون”.
سەبارەت بە هەڵوێستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، سەرۆکوەزیران هیواخوازیی خۆی دەربڕی کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕێز لە دەستوور بگرن و ببنە زامنی، بەو جۆرەی دەنگی پێدراوە، هاوکات پشتیوانی لە پاراستنی مافەکانی خەڵکی کوردستان و عێراقی فیدراڵ بکەن.
پەیوەست بە بەڕێوەچوونی لوتکەی هەولێر لە هەرێمی کوردستان و پلانەکانی داهاتوو، سەرۆکی حکوومەت ڕوونیکردەوە، هیوادارە سازکردنی ئەو لووتکەیە لە هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت و هەرێمی کوردستانیش هەمیشە لایەنێکی کارای ئەو کۆڕبەند و لووتکانە بێت.
سەبارەت بە هەنگاوەکانی گەیشتن بە لێکگەیشتن لەنێوان هەولێر و بەغدا کە مافەکانی هەرێمی کوردستان مسۆگەر بکات، مەسروور بارزانی دووپاتیکردەوە، دەرگای گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا دانەخراوە و پێیان وایە هەموو پرسێک بە گفتوگۆ چارەسەر دەکرێت، بەڵام دەبێت گفتوگۆکان بە تەواوی لەسەر بنەمای دەستوور بن، نەک لەسەر بنەمای بڕیاری تاکەکەسی و پێشێلکردنی مافە دەستوورییەکان.
سەرۆکی حکوومەت کۆتایی بە لێدوانەکەی هێنا و گوتی، “ئێمە لە گفتوگۆ بەردەوام دەبین. بە هیچ شێوەیەک هەنگاوێکی نادەستووری لای هەرێمی کوردستان پەسەندکراو نییە، بەڵام ئەگەر لەسەر بنەمای دەستوور بێت، دەرگا واڵایە بۆ ئەوەی لەسەر هەموو پرسەکان بگەینە ڕێککەوتنێکی هاوبەش”.