سه‌ره‌تا هزرو هونه‌ر ڕزگار حەمە رەئووف مەقامێکی عەلی مەردان نوێ دەکاتەوە

ڕزگار حەمە رەئووف مەقامێکی عەلی مەردان نوێ دەکاتەوە

2

خەبات: بەرهەم شێخ عزەدین:- هونەرمەند ڕزگار حەمە رەئووف.. مەقامێکی کەم بیستراوی مامۆستا عەلی مەردان نوێ دەکاتەوە، ڕزگار حەمە ڕەئووف، دەربارەی ئەو بەرهەمە نوێیەی بە خەبات ی گوت: ئەم گۆرانییە بەناوی (دڵ لەبەر دەردی فیراقی یارا)یە، مەقامەکە لە هۆنراوەی شاعیری گەورەی کورد سافی هیرانییە و سەر لەنوێ کاری میوزیکم بۆ ئەنجامداوە. گوتیشی مامۆستا عەلی مەردان هێندە بەسۆز و هەستەوە مەقامەکەی چڕیوە ئەگەر بۆ جارێ گوێ بیستی ببین وامان لێدەکات چەند جارێکی دیکە گوێی لێبگرینەوە.

ئەم مەقامە لەسەر پەیژەی مەقامی نەهاوەندە لەکاتی خۆیدا کاری میوزیکی بۆ کراوە. بەڵام کوالێتی باش نییە، بۆیە بەئەرکی سەرشانی خۆم زانیوە کە بۆ لەمەولا کار لەسەر ئەو بەرهەمانە بکەم کە زۆر کۆنن و کوالێتی دەنگ و میوزیکەکەیان خراپ بوون، پێموایە پێویست بە سەر لەنوێ تازەکردنەوە دەکەن.

ڕزگار حەمە ڕەئووف دەڵێت: لە ئێستادا چەند بەرهەمێکی دیکەم لە بەردەستە بۆ ئەوەی کاری تێدابکەم و بەرهەمێکی نەبیستراوی هونەرمەندانی کۆچکردوو مامۆستا حەسەن زیرەک و حوسێن عەلیشم تەواو کردووە بەم نزیکانە بڵاویان دەکەمەوە، مەبەست لە نوێکردنەوەی ئەم بەرهەمانە بۆ ئەوەیە کە نەوەی ئێستا بە شێوازێکی نوێ و مۆدێرن گوێبیستی ئەم کاری ئەم کەڵە هونەرمەندانەی پێشووبن کە بەشێوازێکی تازەگەریی کاری میوزیکی بۆ ئەنجامدراوە.