
خەبات- تریفە ئازاد
لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستاندا، بەرهەمهێنانی هەنگوین یەکێکە لە سێکتەرە گرنگەکانی کەرتی کشتوکاڵ و هەنگەوانی، کە ساڵانە ڕێژەیەكی باش لە هەنگوین لە كوردستان بەرهەم دێت و ناوبانگی هەنگوینی کوردستان تەنیا لەسەر ئاستی ناوخۆیدا نەمێنێتەوە، بەڵکو سنوورەکانی بەزاندووە و بووەتە یەکێک لە بەرهەمە سروشتییە داواکراوەکان لە وڵاتانی عەرەبی و کەنداو. بەڵام لە پشت ئەم ناوبانگ و کوالێتییە بەرزەوە، دیارینەکردنی نرخێکی جێگیر گرفتی بەردەم هەنگەوانان و كڕیارانە.
نەبوونی نرخی جێگیر؛
بازاڕێک بە ئارەزووی فرۆشیاران
یەکێک لە دیارترین ئەو دیاردانەی بەرچاو دەکەوێت، جیاوازییەکی زۆر لە نرخی کیلۆیەک هەنگویندا هەیە. تاوەکو ئێستا هیچ میكانیزمێک یان لایەنێکی فەرمی نرخێکی دیاریکراوی بۆ بەرهەمی هەنگوین دەستنیشان نەکردووە، بەمەش دەرگا بۆ بەرهەمهێنەران و فرۆشیاران کراوەتەوە تا بەپێی ئارەزوو و حەزی خۆیان نرخ بەسەر بەرهەمەکانیاندا بسەپێنن.
لە هەندێک ماركێت و شوێنی فرۆشتندا، نرخی کیلۆیەک هەنگوین دەگاتە ١٠٠ هەزار دینار، لە کاتێکدا هەمان جۆر و هەمان کوالێتی لە شوێنێکی دیکەدا بە ٤٠ هەزار دینار پێشکەش بە کڕیاران دەکرێت. ئەم جیاوازییە گەورەیە ئاماژەیەکی روونە بۆ نەبوونی چاودێری و نەبوونی پێوەرێکی جێگیر بۆ نرخدارکردن.
حەسەن مەنتك هەنگەوانێكی گوندی بیستانەیە و دەڵێت: لە کوردستان تێگەیشتنێکی هەڵە لەلای هاووڵاتییان دروست بووە؛ وا دەزانن هەر کاتێک نرخی هەنگوینەکە زۆر بەرز بوو، ئەوا کوالێتییەکەشی زۆرباشە. راستییەکە بە تەواوی پێچەوانەیە، نرخ پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە باشیی بەرهەمەکەوە نییە و ناکرێت تەنیا بەهۆی گرانبەهاییەوە متمانە بە بەرهەمێک بكرێت.
سەرەڕای گرفتەکانی بازاڕی ناوخۆ، هەنگوینی هەرێمی کوردستان وەک یەکێک لە باشترین جۆرەکانی هەنگوین لەسەر ئاستی جیهان پۆلێن دەکرێت. ئەمەش بەهۆی دەوڵەمەندیی سروشتی شاخاویی کوردستانە. كە تا ئێستا لە چەندین پێشانگا و پێشبڕکێی نێودەوڵەتیدا بەشدارییان کردووە و لە زۆربەیاندا هەنگوینی هەرێمی کوردستان توانویەتی پلەی یەکەم بەدەستبهێنێت. ئەم سەرکەوتنانەش بوونەتە هۆی دروستبوونی خواستێکی زۆر و بەرچاو لەسەر ئەم بەرهەمە لەسەر ئاستی وڵاتانی دەرەوە.
ئەو هەنگەوانە ئاماژەی بەوەكرد، کە لە ئێستادا سێ وڵاتی عەرەبی لە پێشەنگی ئەو وڵاتانەن کە بەردەوام داواکاریی زۆریان لەسەر هەنگوینی کوردستان هەیە، ئەوانیش وڵاتانی: سعودییە، ئیمارات و قەتەڕن. ساڵانە بڕێکی بەرچاو لە بەرهەمی ناوخۆیی ڕەوانەی ئەم وڵاتانە دەکرێت و وەک بەرهەمێکی نایاب و گرانبەها مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.
بەرهەمهێنانی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو زیادی كردووە
بەپێی قسەی ئەو هەنگەوانە و هەندێك لەو شوێنانەی لەناو بازاڕی هەولێر هەنگوین دەفرۆشن، وەرزی بەرهەمهێنانی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو گەشەکردنێکی بێوێنەی بەخۆیەوە بینیوە و زیاتر لە هەزار تۆن هەنگوینی سروشتی بەرهەمهاتووە و زۆرینەی ڕێژەی بەرهەمهێنانیش كەوتۆتە ناوچە شاخاوییەكان.
شێوازی دەستنیشانکردنی هەنگوینی سرووشتی
لەلایەکی دیکەوە، هاوردەکردنی هەنگوینی بێکوالێتی یان دەستکاریکراو بۆ ناو بازارەکانی هەرێمی کوردستان کێشەیەکی دیکەی دروست کردووە. زۆرجار هاووڵاتییان بەهۆی هەرزانیی نرخەکەیەوە ڕوو لە کڕینی بەرهەمە هاوردەکراوەکان دەکەن، بێئاگان لەوەی کە ئەم بەرهەمانە ماددەی شەکر یان کیمیاییان تێکەڵ کراوە.
حەسەن مەنتك ئاماژەی بە پێوەرێکی زانستی کرد بۆ جیاکردنەوەی هەنگوینی سرووشتی لە بەرهەمی دەستکرد و گوتی: «هەر هەنگوینێک کوالێتییەکەی بەرز و سروشتی بێت، لە پلەی گەرمیی نزمدا دەبەستێت. بهڵام ئەو جۆرە هەنگوینانەی کە بە هیچ شێوەیەک نابەستن، نیشانەی ئەوەیە کە کوالێتییان نزمە و ماددەی دیکەیان تێکەڵ کراوە.
جۆرەکانی هەنگوینی ناوخۆ و ئاستی نرخەکانیان
ئەو هەنگەوانە ڕوونیشی كردەوە، کە بەپێی شێوازی بەرهەمهێنان و دەستکاریی هەنگەوانەکە، هەنگوینی کوردستان دابەش دەبێت بەسەر سێ جۆری سەرەکیدا کە نرخی هەر یەکێکیان جیاوازە:
1.هەنگوینی پاڵاوتە: بەردەستترین و هەرزانترین جۆری هەنگوینی ناوخۆییە. بڕی کەمترە و بە ئاسانی دەپاڵێورێت. نرخەکەی لە نێوان ٣٥ بۆ ٤٠ هەزار دیناردا بۆ کیلۆیەک جێگیرە و لەچاو کوالێتییەکەی بەرهەمێکی زۆر باشە.
2. هەنگوینی شەمێ (شانەی دەستکرد): ئەم جۆرەیان ئەو هەنگوینەیە کە هەنگەوانەکە خۆی شانەی مۆمیی دەستکردی بۆ هەنگەكان داناوە تا پرۆسەی دروستکردنی شەمێکە خێراتر بکەن. نرخی ئەم جۆرە لە نێوان ٥٠ بۆ ٦٠ هەزار دیناردا دەبێت.
3. هەنگوینی خەلیف (شانەی سروشتی): بە گرانترین و بەنرخترین جۆری هەنگوین دادەنرێت. لەم جۆرەدا هەنگەكە خۆی بە تەواوی و بە سروشتی شانە مۆمییەکە (خەلیف) دروست دەکات بێ ئەوەی هەنگەوان هیچ دەستکارییەک بکات. نرخی ئەم جۆرە ڕەسەنە لە نێوان ٦٥ بۆ ٧٠ هەزار دیناردا دەبێت.