عارف ڕوشدی
هەر وەک چۆن باوەڕدارانی ڕاستەقینە و خواناسانی ڕاستگۆ، هاوشێوەی سۆفییە پاک و بێگەردەکان، لە کاتێکدا ڕووبەڕووی چەندین جۆر لە تانە و تەشەر و ئازاری ڕۆحیی و جەستەیی دەبنەوە، نەوەک هەر سست نابن، بەڵکو لەسەر ڕێباز و باوەڕی تۆکمەی خۆیان پتەوتر و جێگیرتر دەبن، بە هەمان ڕیتم و بە هەمان گوڕوتینیش، خوازیارانی ئازادی و سەرفرازیی نیشتمان، سەرەڕای هەموو جۆرە ئابڵۆقەدان، گوشار، ئازاردان و ستەمکارییەک، ڕۆژ بە ڕۆژ بەهێزتر و ئیرادەدارتر دەبن لە ڕەتکردنەوەی یەکجارەکیی ڕێچکەی ملکەچبوون و نزمبوونەوە و خۆبەدەستەوەدان.
لێرەوەیە کە ڕیفراندۆم، نەک تەنیا وەک ڕووداوێکی مێژوویی، بەڵکو وەک سەمبۆل و سەروەرییەکی هەمیشەیی و نەمر دەمێنێتەوە بۆ تەواوی ژیاندۆستان، ئازادیخوازان و ئەو گەلە شکۆمەندەی، کە ڕێز لە خۆیان و ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان دەگرن. لە هەمان کاتدا، نەفرەت و نوشستییەکی سەرشۆڕانە و هەمیشەیییە بۆ خوازیارانی کۆیلایەتی، دەستەمۆبوون و بانگهێشتکەرانی خۆڕادەستکردن بە ئیرادەی بێگانە.
مێژووی نەتەوەکەمان سەلماندوویەتی، کە ڕێگای ئازادی پێویستی بە وەفاداری، قوربانیدان و هەڵوێستی مەردانە هەیە. ئەوانەی کە بە هەر بەهانەیەک بێت، چ بە پاساوی لاواز، چ بە دوودڵی و بێلایەنیی نەرێنی، هاوکاری و پشتیوانی حکومڕانیی خۆماڵی ناکەن و بە هاندان، خەمخۆری و ڕەخنەی بنیاتنەر کۆڵەکەکانی بەهێز ناکەن، پشتیوانی لە پابەندییە ئەخلاقی و پیرۆزەکانی هزری نەتەوەیی ناکەن، هەوڵ نادەن نیشتمانەکەیان لە ئاستی نیشتمانی گەلانی دیکەی جیهاندا بە بەرز و سەربەرز بهێلنەوە، هیچ جێگەیەکی شانازییان لە مێژوودا بۆ نامێنێتەوە.
ئەوانەی بە زەقکردنەوەی کەموکوڕییەکان هانی ملکەچبوون و خۆڕادەستکردن دەدەن، برەو بە پڕوپاگەندەی ژەهراویی ناحەزان و نەیارانی ئەم گەلە دەدەن و بێ نووچدان دەبنە خزمەتکار و هاندەری دووبەرەکی، تێکدانی یەکڕیزی و بڵاوکردنەوەی تۆوی بێئومێدی لە دڵی تاکەکانی کۆمەڵگەدا، پێویستە چاک بزانن و دڵنیا بن، کە لە هیچ قۆناغێک و لە لایەن هیچ بەرەیەکەوە ڕێزدار و بەنرخ نابن. ئەم جۆرە کەسانە، کە شەرەفی نەتەوەیی بە ئاسوودەیییەكی كاتیی دەفرۆشن، نە لە دەفتەری نیشتماندا شوێنێکی شایستەیان دەبێت و نە لە دادگای ویژدانی گەلدا بەخشندەیییان پێ ڕەوا دەبینرێت، بەڵکو تا هەتایە شۆڕبووەوە و ڕووڕەشی دین و دونیا دەبن.
نیشتمانپەروەری ڕاستەقینە لە هەناوی قەیرانەکاندا دەردەکەوێت، ئەو کاتەی زەحمەتی و ئاستەنگەکان ڕووبەڕووی ئیرادەی گەل دەبنەوە، مرۆڤی مەزن و ئازادیخواز، جیاوازییەکانی وەلا دەنێت و دەیسەلمێنێت، کە ئاڵای سەربەخۆیی و کەرامەتی نەتەوە لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییە بچووکە تایبەتییەکانەوەیە.
وەفاداریی بۆ ڕێبازی سەربەخۆیی، تەنیا بە قسە و دروشم بەدی ناهێنرێت، بەڵکو بە کرداری مەردانە، چاسپاویی لە بەرامبەر سەختییەکان و پاراستنی دەستکەوتە مێژووییەکان دەسەلمێنرێت. هەر بۆیە، ئەوانەی لە سەنگەری گەل و خاکدا دەمێننەوە، ناویان بە پیتی زێڕین لە لاپەڕەکانی مێژوودا تۆمار دەکرێت و دەبنە جێگەی شانازیی نەوەکانی داهاتوو، لەکاتێکدا ئەوانەی پشتیان لە داخوازییە ڕەواکانی گەلەکەیان کرد و بوونە داردەست و دەنگی نەیاران، هیچیان بۆ نامێنێتەوە جگە لە سەرشۆڕیی مێژوویی و لەبیرچوونەوە لە ناو خۆڵەمێشی فەرامۆشیدا.