خەبات: چیادۆست ڕەسووڵ:- گوندی دۆڵەگۆمی بناری چیای ئاسۆس، دەکەوێتە سنووری ئیداریی ناحیەی بنگرد لە قەزای دووکان. لە کۆنەوە شوێنێکی بەناوبانگە بە بوونی زۆری دارەبەن، ڕەز و باخ، کەتیرە و دار و بەربوومە کوردەوارییەکان.

دارەبەن دارێکی پتەو و بەهێزە، بۆ زۆر پێداویستی سوودی لێ وەردەگیرێت. کوێستانەکانی کوردستان پڕن لەو دارە و لە کۆنەوە بە دارە پڕ خێر و بەرەکەتەکە بەناوبانگە، تەنانەت لە کوردەواریدا زۆرجار ئەگەر کەسێک بەخێرایی ڕزق و ڕۆزی بێتە دەستی، پێیدەگوترێت: کوڕی کابرای هەر دەڵێی لە بن دارەبەنێ دانیشتووە، وەها ڕزقی بەسەردا دەبارێت! دارەبەن بنێشت، قەزوان و جۆرێک لە چەسپ کە هاوشێوەی کەتیرەیە بەرهەم دەهێنێت، تەنانەت گەڵاکەشی بۆ زۆرێک لە دەرمانی گیایی سوودی لێ وەردەگیرێت. ئەمە جگە لەوەی داری دارەبەن یەکێکە لە باشترین و پتەوترین دارەکان و زۆرێک لە وڵاتان بۆ باشترین جۆری ئامێری موزیک سوودی لێ دەبینن، هەر بۆیە بە دارە پڕ هەمەجۆر و سوودبەخشەکە ناسراوە.

خەبات سەردانی گوندی دۆڵەگۆم و سەرتەنگی کرد لە بناری چیای ئاسۆس. ئەم دوو گوندە دەکەونە باکووری ڕۆژهەڵاتی ناحیەی بنگرد لە قەزای دووکان، هەروەها باشووری ڕۆژهەڵاتی شاری قەڵادزێی ناوەندی قەزای پشدەر.

ئەم دوو گوندە هەر لە کۆنەوە بە زۆری و باشیی دارەبەن بەناوبانگن. بۆ ئەمساڵیش بەهۆی زۆریی باران و دواکەوتنی کەشوهەوای وەرزی بەهار، پیشەی بنێشتکردن دواکەوت. ئەگەرچی لە زۆر شوێنی ناوچەکە وەرزی بنێشتکردن لە ئێستادا کۆتایی پێهاتووە، بەڵام بەهۆی جیاوازیی دارەکانی ئەوێ و بارودۆخی کەشوهەوا، تا ئێستاش لە هەندێک شوێن بریندارکردنی دارەکە و بەستنی قوڕی کۆجیلە هەر بەردەوامە.

هاووڵاتی عوسمان عەلی عەبدوڵڵا، ناسراو بە عوسمانی عەلیەڕەش، یەکێکە لە وەستاکانی بەستنی کۆجیلە لە دارەکان و بە خەباتی ڕاگەیاند: بنێشتکردن کارێکی گران و ئاڵۆزە. سەرەتا پێویستە جۆرە گڵێکی تایبەت بهێنیت، دواتر جوان دایبێژیت و بەرد و کەرسەکی لێ جیابکەیتەوە، ئینجا لەگەڵ ئاو تێکەڵی دەکەیت و بە قاچ باش دەیشێلیت. دواتر شاگردەکان بە گونیە و تەلیس بۆ وەستاکەی دەهێنن، وەستاکەش بە تەورێک کە هاوشێوەی قەندشکێنە و لە زۆر شوێن بە تەمشوێ ناودەبرێت، دارەبەنەکە بریندار دەکات. دوای ئەوە بە قوڕەکە شێوەیەکی نیمچە بازنەیی لە خوارەوەی شوێنە بریندارەکە دەبەسترێت، ئیدی بەرەبەرە بنێشتی نێو دارەکە دێتە خوارەوە بۆ نێو کۆجیلەکە.

زیاتر گوتی: پاش ماوەیەکی زۆر، دوای ئەوەی بنێشتی نێو دارەکە دەکەوێتە دەفری گڵینەی کۆجیلەکەوە، ئێمەش هەڵدەستین بە شکاندنی دەفرەکە و دەیخەینە نێو دەبەیەک یان تەنەکەیەک. ئەگەرچی زۆرێک لە هاووڵاتیان ئێستا هۆنەرێکی تر بەکاردەهێنن لە هەڵگرتنی بنێشتەکە، ئەویش ئەوەیە بە کەوچکێک بنێشتی نێو کۆجیلەکە بەتاڵ دەکەن، بەڵام ئەو جۆرە هۆنەرە بۆ ئێمە کەمێک گرانە و کاتێکی زۆریشمان لێ دەبات.

عوسمان عەلی ئاماژەی بەوەش کرد: بنێشتەکە پێش ئەوەی بکوڵێنرێت لەناو خەڵکدا بە بنێشتەکاڵ دەناسرێت، واتە پێش قۆناغی کوڵاندن و پێش ئەوەی بکرێتە بنێشتی کوردی. بنێشتە کاڵەکەش کڕیاری خۆی هەیە و خەڵکی وەکو دەرمان بۆ گەدە و هەروەها شوێنی برین بەکاریدەهێنن.

سەبارەت بە سوودەکانی تری دارەبەن، خەبات پرسیاری زیاتری ئاڕاستەی حاجی عوسمان کرد و سوودی زیاتری دارەبەنی لێپرسی، ئەویش لە وەڵامدا پێیگوتین: دارەبەن قەزوان بەرهەم دەهێنێت، هەروەها بنێشتی لێ بەرهەم دێت. دواتر داری دارەبەن یەکێکە لە دەگمەنترین و پڕبەهاترین جۆری دار بۆ دروستکردنی ئامێری موزیک، لە زۆر شوێنیشدا بۆ کەرەستەی جوانکاری و نێوماڵ بەکاردەهێنرێت. بەڵام بەهۆی سوود و درەنگ گەشەکردنی دارەکە، خاوەن دارەکان دڵیان نایەت بیبڕنەوە و بۆ ئەو کەرەستانە بیفرۆشن، مەگەر خەڵکانی چاوچنۆک و یاساشکێن بەدزییەوە دارەکە ببڕنەوە و بیدزن، کە ئەمەش بێگومان سزایەکی زۆر توندی لەسەرە. خۆشبەختانە لەمێژە گوێبیستی هەواڵی بڕینەوەی دارەبەن نەبووین بە نایاسایی.