بەهزاد حەوێزی
میدیا بە گشتی چەندین رەهەندی بەربڵاوی هەیە و لەگەڵ شۆڕشی تەكنەلۆجیا و گەیاندندا بەتایبەتی وەكو میدیای سیاسی شانبەشانی شەپۆڵی بە جیهانیبوون و تەكنۆئەلكترۆنی، كە دنیای تەنیوەتەوە، قووڵتر خۆی دەنوێنێ، جیفرسۆن دەڵێ: لەبەرئەوەی بناغەی حكومەتەكەمان را و بۆچوونی خەڵكە، یەكەمین شت دەبێ پارێزگاری لێبكەین ئەو مافەی خەڵكە، ئەگەر بڕیار لای من بێت لە نێوان ئەوەی حكومەتی بێ رۆژنامەوانیمان دەوێ یا رۆژنامەوانی بە بێ حكومەت ئەوە بە هیچ شێوەیەك دوو دڵ نەدەبووم لەوەی دووەهەمینیانم بە باشتر دەزانی.
چەمكی میدیای سیاسی
میدیای سیاسی وەكو كایەكی ئەكادیمی و دیاردەیەكی نوێ بۆ یەكەمجار وەكو بوارێكی سەربەخۆ ساڵی(١٩٦٥)لە كتێبی (رەفتاری سیاسی-Political Behavior) باس كراوە، كارتێكردنی سیاسی لە نێوان حكومەت و هاووڵاتی تێدا روون كراوەتەوە، لە لایەكی ترەوە میدیای سیاسی پرۆسەیەكی هۆشیارانەیە بۆ بڵاوكردنەوەی بیروباوەڕ و ئایینزای ئەوتۆی دەوڵەت لە ناخ و دەروونی خەڵك و گەلدا، هەروەها یەكێكە لە ئامرازەكانی پتەوكردنی بنەماكانی حوكمڕانیی.چەمكی میدیای سیاسی لەبەرئەوەی بەردەوام لە پەرەگرتن دایە بۆیە لە گۆڕانكاریی دایە، ئیتر دەرفەتی ئەوە دەڕەخسێت پێناسەی تر لە خۆ بگرێت، لە سەرینی ئەمەوە توێژەرانی بواری میدیا و سیاسەت لە رووی چەمكەوە چەندین پێناسەیان بۆ میدیای سیاسی داڕشتووە. (میدو) پێی وایە میدیای سیاسی ئەو هێما و پەیامە ئاڵووێركراوانەی نێوان سیستەمی سیاسی و میدیای سیاسین، هەمان كات (ماكنێر) ئاماژە بەوە دەدات میدیای سیاسی میدیایەكی ئامانجدارە و پەیوەستە بە سیاسەت، لەم دوو پێناسەیەدا بەدیار دەكەوێت مەبەست لە بەكارخستنی میدیای سیاسی لەو پرۆسە كارلێككردنەدا و لە جوغزی سیاسەتدا بۆ بەدیهاتنی ئامانجەكانی سیستەمی سیاسییە و پێشوەختە بە بەرنامە و پلان داڕێژراوە.رۆڵ و كاریگەری ئەو جۆرە میدیایە پەیوەست بووە بە چەندین گۆڕانكاری گرنگ لەبارەی چەندین رەگەزەوە، كە لە رووی ئاراستە و چەمكەوە كاریان كردۆتە سەر میدیای سیاسی، لەوانەش: ئەلیكترۆنە چەندییەكان و تیۆری زانیارییەكان و بایۆلۆجیای پشكی و زانستی زەریاكان و ئەتۆمییەكان و زانستی ژینگە (ئیكۆلۆژیا) و زانستی ڤاڵایی ئاسمان و سیستەمی ژمارەیی لە لایەكی دیكەوە پرۆسەی میدیاناسی یا میدیۆلۆجیی (Mediology) پەو داهێنانە گەورەیەی تەكنەلۆجیای زانیارییەكان، كە سەردەمێكی نوێی هێنایە ئاراوە، بە سەردەمی تۆڕەكان و ئینتەرنێت ناوبرا.
تایبەتمەندیی و گرنگی میدیای سیاسی
یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی میدیای سیاسی ئەوەیە هەمیشە لەگەڵ پێشكەوتنی زانستدا هەنگاوی نوێی ناوە و كاریگەری بەسەر كایە سیاسییەكان زیاتر بووە، بۆ نموونە گەشەسەندنی تەكنەلۆجیا لە كۆتایی سەدەی بیستەمدا زۆر بە روونی بۆتە سەرهەڵدانی دیموكراسی لیبراڵی، بۆیە لای هەندێك توێژەر وەك تەكنەلۆژیای ئازادی وایە و تەكنەلۆجیای كۆتایی سەدەی بیستەم كە (ئیشیل دە سولا پۆل) ناوی ناوە (تەكنەلۆجیاكانی ئازادی).
میدیای سیاسی وەك كاریگەرترین هێز وایە لە چوارچیوەی سیاسەت و ئابووری، بۆیە پێویستی بە ستراكچەرێكی مەعریفی-رۆشنبیریش هەیە، ئینجا بنەما زانستی و ئەكادیمیەكان، تا وەك میدیاییەكی سیاسی هاوچەرخ رۆڵی خۆی لە گۆڕانكارییە سیاسییەكان ببینێ، لە چوارچیوەی ئەو هاوكێشە پەرەگرتووەدا ئەو میدیایە بەرەو سیستمازەكردن هەنگاو دەنێ بەجۆرێك پەیامێكی روون و رەخنەگرانەی هەبێت، لەلایەكی دیكەوە ئامرازەكانی میدیای سیاسی ئامرازگەلی گرنگ و ستراتیجی سیستەمی سیاسی و هێز پارت و لایەنە سیاسییەكانیشن.ئەو هێزانە لە سیستەمی سیاسیدا بۆ بەردەوام بوونیان هەموو رێگایەكی پرۆسەكاری میدیایی دەگرنەبەر بۆ ئەوەی بواری میدیایی قۆرخ بكەن، لەوانە بەكارخستنی ئامرازەكانی میدیا بۆ كاركردنە سەر جەماوەر و رێنماییكردنی و بڵاوكردنەوەی بیروڕا و پەیامە سیاسییەكەی و جەختكردنە سەر رەوایی حوكمڕانیی، لەلایەكی دیكەوە پێویستە ئامرازەكانی میدیای سیاسی له هەر پاشكۆگەرییەك بۆ دەسەڵات و سیستەمی سیاسی ئازاد بێت، واتە سەربەخۆ دوور لە دەستتێوەردان و مۆنۆپۆڵكاری دەسەڵاتی سیاسی، كەواتە تا رادەیەكی زۆر بەندە بە پرسی ئازادی.تایبەتمەندییەكی دیكەی میدیای سیاسی ئەوەیە سیستەمگەلێكە بۆ پێوەندیپێكردن، لە رێگەی ئامرازەكانی و میكانیزمی كاركردندا كار لەسەر كارنامە و ئاراستەكانی قەوارە سیاسییەكان و رای گشتی و داڕژتنی بڕیار و ..تد، دەكات، هەروەها لە چوارچیوەی كار و چالاكییەكانی ئامرازەكانی راگەیاندن تەنیا ئامانج دەستەبەركردنی مەعریفە و گەیاندنی هەواڵ نییە، بەڵكە ئەو واقیعە سیاسییەش فۆرمەڵە و پەیكەربەندی دەكات و گرنگییەكی ئەوتۆش بە رووداوەكان دەدات.ئەمڕۆ میدیای سیاسی وەك ئامراز و هێزێكی رۆشنبیریی و سیاسی سەربەخۆ و جەماوەری مایەی بایەخدانێكی زۆرە، سەربەخۆیی میدیایی (Media Independence) تەبای فاكتەرێكی سانسۆرە بەسەر كەموكوڕی و گەندەڵیی دامەزراوەكانی دەسەڵات و سیستەمی سیاسی و پتەوكردنی ئازادی رادەربڕین و فرەیی فیكری و چۆنیەتی پیادەكردنی دیموكراسی و مافەكانی مرۆڤ و حوكمڕانێتی باش.سیاسەتمەدارەكان جەختیان لە رۆڵی گرنگی میدیای سیاسی كردۆتەوە لە فۆرمەڵەكردنی رای گشتی و گۆڕانكارییەكان، كە هێزێكی كاریگەری گۆڕین و سەرلەنوێ بنیاتنەرانەیە، بەڵام ناكرێت ئەو خاڵە فەرامۆش بكەین، كە دەوڵەتان بە گوێرەی تێگەیشتن و ستراتیژییەتی خۆیان ئامرازەكانی میدیا بەكاردەهێنن، چونكە میدیا لە بنەڕەتدا چەكێكی دوو رووە ئەگەر بە هۆشیارییەوە بەكار نەهێنرێت دەرهاویشتەیەكی پێچەوانەی لێدەكەوێتەوە. پەیوەندی ئەو ئامرازانە بە سیاسەتی وڵاتان بە گشتی، بریتییە لە دەستەبەركردنی زانیارییە سیاسییەكان و زانیاری سیاسەتی گشتی كۆمەڵگە و زانیارییە بەراییەكانی داڕێژەرانی بڕیار و گواستنەوەی رای گشتی و كاركردنی وەكو سەكۆیەك بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی ئەلتەرناتیفە سیاسییەكان و وەك كەناڵێكی پێوەندیكردن، چاودێریكردن، ..تد.
بۆ نموونە لەسەر ئاستی جیهاندا وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا یەكێكە لەو وڵاتانەی سوودی لە جیهانگەرایی تەكنەلۆجیای پێشكەوتووی میدیا وەرگرتووە وەكو: تۆڕە ئەلیكترۆنییەكان و سیستەمگەلی پەخشی مانگە دەستكردەكان، ئیتر بەو جۆرە توانیویەتی سنوورەكان ببڕێ و پەیامەكانی بە هەموو جیهان بگەیەنێ ئەمەش میكانیزمێكی هەژموونداریی میدیایی(Media Hegemony) و رۆشنبیرییە. كەواتە كاریگەری ئامرازەكانی میدیای سیاسی لەسەر سیستەمی سیاسی وڵاتاندا لەو پرۆسە هەمەلایەنەی كارتێكردن و دەرەنجامەكانی، تا دێ قووڵتر خۆی دەنوێنێ، ئەو هاوكێشەیەش لە كاریگەری تەكنەلۆجیا و پەرەگرتنی ئامرازەكانی پێوەندیكردن بەدەر نییە، هەرچەندە میدیای سیاسی بە هیزێكی گرنگ و دەسەڵاتێكی كاریگەری گۆڕانكارییەكانیش دادەنرێت.
سەرچاوەكان:
كتێب:
1 – د.حەمید جاعد ئەلدلیمی، كۆمەڵناسی راگەیاندن، و: محەمەد عەبدوڵڵا كەلاری، خانەی موكریانی بۆ چاپ و بڵاوكردنەوە، هەولێر، چ2، 2018.
2 – جون ماكسویل هاملتون و جورج أ كریمسكی، صناعة الخبر فی كوالیس الصحف الامریكیة، دار الشروق، ط2، القاهرة، 2002.
3 – موریس فلامان، اللیبرالیة المعاصرة، ت: تمام الساحلی، مجد المؤسسة الجامعیة للدراسات والنشر والتوزیع، ط2، بیروت،2002.
4 – فرانسیس فوكویاما، نهایە الانسان – عواقب الثورە البیوتكنولوجیة، ت: د. أحمد مستجیر، اصدارات سطور، القاهرة، 2002.
گۆڤار:
5 – Brian McNair. An Introduction to Political Communication-Fifth edition، Routledge،2009
6 – بومشعل یوسف، دور الاعلام السیاسی في التنشئة السیاسیة في المجتمع، مجلە الباحث فی العلوم الانسانیة والاجتماعیة، 2022/ (02) 14-ISSN: 2170-1121.
7 – هاني جرجس عیاد، الاعلام والسیاسة – دراسة حول الاعلام السیاسی و التحولات الجدیدة، مجلة المعهد العالي للدراسات النوعیة، عدد 3، مجلد 4، ینایر 2024.