دوای نزیکەی پێنج کاتژمێر کۆبوونەوە، کۆبوونەوەی شاندی دارایی هەرێمی کوردستان و عێراق تەواوبوو، ئەندامێکی شاندی هەرێمی کوردستانیش بە ئاڤای وت، لێکتێگەیشتنی ئەرێنیمان هەیە لەسەر جێگیرکردنی ماف و داخوازییەکانی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژە یاسای بودجە.

  شاندی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بۆ جاری سێیەم چوونە بەغدا بەمەبەستی جێگرکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجە، بەو ئامانجەی سەرجەم داواکارییەکانی هەرێمی کوردستان لە پرۆژەیاسای بودجە جێگیر بکرێن.

بەپێی زانیارییەکان  تاوتوێکردنی ڕەشنووسی بودجەی 2027، گفتوگۆکردن لەسەر پشکی هەریمی کوردستان و شایستە داراییەکان بووە، بۆ ئەوەی بەر لە ناردنی پرۆژەیاسای بودجەی 2027 بۆ پەرلەمانی عێراق و ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، جێگیر بکرێن و داواکارییەکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێن.

وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بە داتای ورد، سەرجەم داواکارییەکانی ڕەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق کردووە، گرنگترینیان ئەمانەن:-

٠ گەرەنتیکردنی مووچە و شایستە داراییەکان

٠ تەرخانی دارایی بۆ دەستپێکردنەوەی دامەزراندن کە لە 2014ـەوە ڕاگیراوە.

٠ دەستپێکردنەوەی پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران کە لە 2019 ـەوە وەستاوە.

٠ هاوتاکردنی مووچە و ئیمتیازایاتی پێشمەرگە، زیندانیانی سیاسیی و کەسوکاری شەهیدان و خاوەن پێداویستی تایبەت.

٠ خەرجکردنی ئیکرامیەی 12 مووچە و خەرجکردنی مووچە کەڵەکەبووەکانی خانەنشنینی شارستانی و سەربازی.

٠ بەهەمیشەییکردنی مامۆستا و فەرمانبەرانی گرێبەست.