لێرەدا بە پێویستی دەزانم، بە رێز و پێزانیێکی زۆرەوە، ئاماژە بە رۆلی گرنگ و پشتگیریی جەنابی سەرۆک بارزانی بکەم کە هەمیشە وەک رێبەڕێکی نیشتمانی و سەرۆکێکی پێشمەرگە، هەموو ژیانی خۆی لە خەم و خزمەتکردنی پێشمەرگە و کوردستان بەسەر بردووە و کاری بەردەوامی کردووە بۆ ئەوەی ناو و شکۆی پێشمەرگە بەرز و پارێزراو بێت و لە نزیکەوەش، سەرپەرشتی پرۆسەی یەکخستنەوەی پێشمەرگەی کردووە. هەروەها سوپاسێکی تایبەتی پشتیوانيی بەردەوامی برای بەڕێزم کاک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەم کە رۆڵێکی کاریگەری لە سەرکەوتنی چاکسازییەکاندا هەبوو.
سوپاسی بەڕێز کاک قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران دەکەم کە هاوئاهەنگ و هاریکار بوو لە سەرخستنی پرۆسەی چاکسازی و بەئەنجامگەیاندنی.
هەروەها سوپاس و پێزانێکی زۆر بۆ دۆستانمان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و هەموو هێزەکانی هاوپەیمانان، بۆ هەموو هاوکاری و پشتیوانییان لە ساڵانی رابردوودا، کە بێگومان پشتیوانیی ئەوان، رۆڵێکی کارای لە تێکشکاندنی تیرۆریستانی داعش لەلایەن پێشمەرگە و سەرەنجام پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستاندا هەبووە.
سوپاس بۆ بەڕێزان کاک شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە و کاک عەبدولخالیق بابیری، بریکاری وەزارەت و کاک عیسا عوزێر، سەرۆک ئەرکان و هەموو بەرپرس و پلەدارانی وەزارەت و فەرماندەکانی پێشمەرگە و هەموو پێشمەرگە قارەمانەکان بۆ ماندووبوون و هەوڵ و کۆششیان بۆ سەرخستن و بەئەنجام گەیاندنی پرۆسەی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە. دەستخۆشیان لێ دەکەم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.
بەڕێزان؛
ئەم یەکگرتنەوەیە، قۆناخ و هەنگاوی یەکەمی پڕۆسەیەکی دوور و درێژە؛ چونکە ئەم یەکگرتنەوەیە چەند گرنگە، بەڵام قۆناخی داهاتوو زۆر گرنگترە، کە ئەویش بریتییە لە قۆناخی پەرەپێدانی تواناسازی و پێشخستنی هەمەلایەنەی پێشمەرگە و بە تایبەتی توانا مرۆییەکان و برەودان بە ئاست و جۆری مەشقی جەستەیی و هۆشیاریی پێشمەرگە بە پێی پێوەر و ستانداردە سەربازییە نێودەوڵەتییەکان، بۆ ئەوەی وەک هێزێکی نیشتمانیی پیشەیی و رێکخراو و یەکگرتوو، لە ئاستی ئەرک و بەرپرسیاریەتییە گرنگ و نیشتمانییەکەیدا بێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان.
پێشمەرگە تەنیا هێزێکی چەکداری سەربازی نییە، بەڵکوو سیمبۆلی خەبات و قوربانیدان و ناسنامەی تێکۆشانی خەڵکی کوردستان و مایەی شکۆ و شانازی هەموو کوردستانییەکە.
ئازایەتی و گیانفیدایی پێشمەرگە، لە بەرگریکردن لە مافە رەواکانی خەڵکی کوردستان بە گشت پێکهاتە جیاوازەکانییەوە و تێکشکاندنی تیرۆریستان و داکۆکیکردن لە بەها بەرزەکانی ئازادی و دیموکراسی و بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی هەرێمی کوردستان، شانازی و سەروەرییەکی گەورەی بە هێزی پێشمەرگە بەخشیوە.
ئەمڕۆش پێشمەرگە، وەک هێزێکی دەستووری و بەشێکی گرنگی سیستەمی بەرگری عێراق، دڵنیاکەرەوە و زامنی پاراستنی ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستانە. بۆیە لێرەدا جەخت لە گرنگیی و پێویستی بەهێزکردنی هاریکاریی و هاوئاهەنگیی ئەمنی و سەربازی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق دەکەینەوە لە پێناو پاراستنی زیاتری سەقامگیریی عێراق. لەم رووەوە ئامادەیی و پشتیوانیی خۆمان بۆ سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بەڕێز عەلی زەیدی دووپات دەکەینەوە لەپێناو پتەوکردنی هاوکاری نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق.
هیوادارین حکومەتی فیدراڵ هاوکار و یارمەتیدەرمان بێت بۆ ئەوەی مافەکانی پێشمەرگە پارێزراو بێت و مووچە و شایستە داراییەکانیان لەگەڵ هاوتاکانیان لە سوپای عێراق یەک بخرێت و هەمان مافیان هەبێت، چونکە بە پێی دەستوور، پێشمەرگە بەشێکە لە سیستەمی بەرگریی عێراق و پێویستە مافە دەستووری و شایستە داراییەکانیان لەم چوارچێوەیەدا بێت.
ئامادەبووانی بەڕێز :
خۆتان دەزانن کە یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، داوای لەمێژینەی ئێمە و هەموو کوردستانییەکی نیشتمانپەروەر بووە. خۆشبەختانە ئەمڕۆ سەرکەوتین و سەرجەم هێزەکان خراونەتە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە و لە چوارچێوەی یەک هەیکەلی سەربازیی مۆدێرندا، لە ڕووی ئۆپەراسیۆن، مەشق و راهێنان، سەرکردایەتی و کۆنترۆڵ و راگەیاندن و ژمێریارییەوە، بوونەتە هێزێکی یەکگرتوو.
بێگومان لایەنگیریی و ئینتیمایی سیاسی و حزبی ، مافێکی ڕەوا و ئاسایی هەر تاکێکە ، بەڵام دەبێت لایەنگیریی و ئینتمایی نیشتمانی و کوردستانی، ببێتە پێوەر بۆ پێشمەرگە کە پێویستە لە ژێر سەرپەرشتی وەزارەتی پێشمەرگەدا، پابەندی بڕیارەکانی سەرووی خۆیان بن بە پێی پلەبەندی و زنجیرەی سەربازی.
دەمانەوێ پێشمەرگە، ئەو هێزە نیشتمانیی و کوردستانییە بێت کە لە سەرووی هەموو بەرژوەندییە حزبی و تاکەکەسییەکانەوە بێت و بۆ یەکلاکردنەوەی ناکۆکی و ململانێی ناوخۆیی و حزبی بەکار نەهێنرێت؛ بەڵکوو ئامانجی یەکەم و کۆتایی پێشمەرگە، بەرگریکردن بێت لە خەڵک و خاکی کوردستان بێ جیاوازی و وەک هەمیشەش، فاکتەری ئاشتی و ئارامی و سەقامگیریی بێت لە عێراق و ناوچەکەدا.
لە کۆتاییدا، پیرۆزبایی ئەم دەسکەوتە مێژووییە لە هەموو خەڵکی کوردستان دەکەم و هيوای تەندروستی و سەربەرزی و پێشکەوتنی بەردەوامیش بۆ پێشمەرگە قارەمانەکانمان دەخوازم.
سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدەکانمان دادەنوێنین و رێز و پێزانینمان بۆ قوربانیدانی بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدانی پێشمەرگە و خەبات و تێکۆشان و ماندووبوونی پێشمەرگە بریندار و خاوەن پێداویستی تایبەت و پێشمەرگە خانەنشینەکان هەیە.
خودای مەزن پێشمەرگە و كوردستان لە هەموو شەڕ و نەهامەتی و ناخۆشییەک بپارێزێت.
لە کۆتاییدا دەمەوێت ئەم دەرفەتە ئیستیفادەی لێ بکەم و پیرۆزبایی رۆژی لەدایکبوون لە برای بەڕێزم کاک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بکەم؛ هیوادارم تەمەن درێژ، تەندروست و سەرکەوتوو بێت.