سەرۆكوەزیرانی عێراق بە بۆنەی یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە، پەیامێكی پیرۆزبایی بڵاو كردەوە و یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی نیشتمانی و چەسپاندنی کاری دامەزراوەیی بە گرنگ وەسف كرد و پێشمەرگەیشی بە پاڵەوان ناوبرد.
ئەمڕۆ دووشەممە 21ـی 9ـی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆكوەزیرانی عێراق لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (ئێكس) پەیامێكی پیرۆزبایی لە یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە بڵاوی كردەوە و نووسویەتی: “بەبۆنەی تەواوبوونی یەكخستنەوەی هێزەكانیان لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە، پیرۆزبایی لە ڕۆڵەکانی گەلەکەمان لە هەرێمی کوردستان و پاڵەوانانی پێشمەرگە دەکەین.”
سەرۆكوەزیرانی عێراق یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی نیشتمانی و چەسپاندنی کاری دامەزراوەیی بە گرنگ وەسف كرد.
ئاماژەی بەوەش دا، كە “یەکخستنەوەی هێزە ئەمنی و سەربازییەکان لە چوارچێوەیەکی دەستوور و یاسادا و بەهێزکردنی هەماهەنگیی نێوان سەرجەم هێزە چەکدارەکانی عێراق و پێکهاتەکانی، هەنگاوێکی گرنگە بۆ چەسپاندنی ئاسایشی نیشتمانیمان و یەکگرتوویی بڕیاری بەرگرییمان.”