هەنگوینی هەرێمی کوردستان لە ڕکابەرییەکی بەرفراوانی وڵاتانی عەرەبیدا، توانی چوار خەڵاتی زێڕین و زیوی لە کۆنگرەی یەکێتیی هەنگەوانانی عەرەب لە عەممان، پایتەختی ئوردن، بەدەست بهێنێت.
ئەمڕۆ هەینی، ٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، عوسمان مەجید، ئەندامی یەکێتیی هەنگەوانانی عەرەب، ڕایگەیاند کە بەشداریی ئەمساڵ زۆر جیاواز بووە و مەرجەکانی پێشبڕکێکەش قورس بوون، چونکە بەپێی ستانداردە جیهانییەکان، پێشتر پشکنینی تاقیگەیی ورد بۆ سەرجەم بەرهەمەکان لە وڵاتی سعودیە و لەو تاقیگەیە ئەنجام دراوە کە لەلایەن یەکێتییەکەوە دیاری کرابوو.
سەرەڕای گەرمای توند و سەختیی پرۆسەی گواستنەوە، هەنگەوانانی کوردستان نموونەی هەنگوینەکانیان بە شێوەی شلە، شانە و بەستوو، هەروەها ئەو بەرهەمانەیان کە بۆ دەرمان و چارەسەری پزیشکی بەکاردەهێنرێن، ڕەوانەی تاقیگە کرد. لە نێو زیاتر لە ٢٠٠ بەشداربووی وڵاتانی عەرەبیدا، هەموو نموونەکانی هەرێمی کوردستان پەسەند کران و لە ئەنجامدا، توانییان دوو پلەی یەکەمی زێڕین و دوو پلەی دووەمی زیوی بەدەست بهێنن.
سەبارەت بە ئاستەنگەکانی بەردەم هەنگەوانان، عوسمان مەجید ئاماژەی بەوە کرد کە بەهۆی ساختەکردن و تێکەڵکردنی هەنگوینی هاوردەکراو و دەستکرد لە بازاڕەکانی ناوخۆدا، بازاڕی هەنگوینی ناوخۆیی زیانی بەرکەوتووە. هەروەها، تێچووی بەشداری لە کۆنگرەکەدا، لەوانە پشکنینی تاقیگەیی، گەشت، مانەوە و بەشداری، بە تەواوی لەسەر ئەرکی هەنگەوانەکان بووە، بەبێ ئەوەی هیچ هاوکارییەکی دارایی پێشکەش بکرێت.
ئەو ئەندامەی یەکێتیی هەنگەوانانی عەرەب داوای لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی کشتوکاڵ کرد کە لە کۆنگرە و پێشانگە نێودەوڵەتییەکانی داهاتوودا، لە ڕووی دارایی و ئاسانکارییەوە هاوکاریی هەنگەوانانی کوردستان بکەن، چونکە بە گوتەی ئەو: «ئەگەر هاوکاری هەبێت، لەبری چوار نموونە دەتوانین بە ٥٠ نموونە بەشداری بکەین و خەڵاتی زیاتر بەدەست بهێنین. ئەمەش ناوبانگی هەنگوینی کوردستان لەسەر ئاستی جیهان بەرزتر دەکاتەوە و ڕێگە بۆ گەیشتنی بەرهەمەکە بە بازاڕە نێودەوڵەتییەکان خۆش دەکات».
هەروەها، جەختی لەوەش کردەوە کە شاندی کوردستان بە ئاڵای کوردستان و بە پۆشینی جلوبەرگی ڕەسەنی کوردی بەشدارییان کردووە، ئەمەش بووەتە جێی سەرنج و گرنگیپێدانی میدیا عەرەبی و جیهانییەکان لە کۆنگرەکەدا.