ئەمریکا لە ڕێگەی دەزگای کۆچ و گومرگەوە ئامادەکاری دەکات بۆ دیپۆرتکردنەوەی ئەو هاووڵاتییە ئێرانیانەی بە نایاسایی چوونەتە ئەو وڵاتە، و بەنیازە ڕەوانەی ئێران یان وڵاتێکی سێیەمیان بکاتەوە.

 بەپێی بەڵگەنامە دزەپێکراوەکانی حکومەتی ئەمریکا کە کەناڵی “جەزیرەی ئینگلیزی” بڵاوی کردووەتەوە، واشنتن سەرقاڵی جێبەجێکردنی پلانێکە بۆ دیپۆرتکردنەوەی پەنابەرە ئێرانییەکان. لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەکەمەوە گفتوگۆی چڕ لەسەر ئەم پرسە کراوە بۆ ئەوەی ئەو کەسانە ڕەوانەی ئێران یان وڵاتێکی سێیەم بکرێن.

  یەکێک لەو دادوەرە ئەمریکییانەی کە بابەتەکەی ئاشکرا کردووە، سەبارەت بە وردەکاریی بەڵگەنامەکان ئاماژە بەوە دەکات: نووسراوەکان ڕێکەوتی 15ـی تشرینی دووەمیان لەسەرە؛ هەرچەندە ناوی هیچ وڵاتێکی سێیەم ئاشکرا نەکراوە کە ئێرانییەکانی بۆ ڕەوانە دەکرێت، بەڵام ئەو کەسانەی فەرمانی ناردنەوەکە دەیانگرێتەوە، ڕەوانەی ناوچەیەک دەکرێن کە هێشتا جەنگ و ململانێی زۆری تێدایە.

  کەناڵی جەزیرە ئاشکرای کردووە کە ئەمریکا تەنیا لەگەڵ وڵاتانی سێیەمدا گفتوگۆی نەکردووە، بەڵکوو لەگەڵ حکومەتی ئێرانیشدا لەسەر ئەم بابەتە لەسەر خەت بووە. بەپێی نووسراوە دزەپێکراوەکان، چۆنیەتیی هەماهەنگییەکان دیاری کراون و پۆلیسی کۆچ و گومرگی ئەمریکا (ICE) فشارەکانی لەسەر ئەو پەنابەرانە زیاتر کردووە کە بڕیارەکە دەیانگرێتەوە.