پرۆژەی ستراتیژی ڕێگای كۆڕێ – شەقڵاوە – قەندیل لەلایەن سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانییەوە کرایەوە و خرایە خزمەت هاووڵاتیان و شۆفێران.

پەیامی فەرمی: سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، هیوادارین بتوانین هەموو ڕێگاکانی کوردستان بە جوانترین شێوە دروست بکەینەوە و هەموو شارەکان بەیەکەوە ببەستینەوە.

دەقی پەیامەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان، بەڕێزان زۆر زۆر سوپاس بۆ ئامادەبوونتان

خۆشحاڵم ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوەم بۆ کردنەوەی ئەم ڕێگایە جووتسایدییە، بەینی پیرمام و ڕێگای شەقڵاوە و ماوەران و کاوانیان و بەستنەوەی ئەم دەڤەرە بەیەکەوە. کە بەڕاستی جادەیەک و شەقامێکی یەکجار جوان و رێک‌وپێکیان دروست کردووە، هەرچەندە زۆریش سەختە ئەگەر تەماشای بکەن پڕکردنەوە و دابڕینی شاخەکان، بەڵام بە شێوەیەکی زۆر جوان و رێکوپێک و ستانداردێکی نێودەوڵەتی دروستیان کردووە. دەستخۆشی لە کۆمپانیای نۆرس لایت دەکەم بۆ جێبەجێکردنی ئەم کارە جوانە.

هیوادارم هەمیشە سەرکەوتووبن، نموونەیان زۆر بێت و بتوانین هەموو ڕێگاکانی کوردستان بەم شێوەیە لەم ئاستە باشە دروست بکەین و شارەکانمان بەیەکەوە ببەستینەوە کە بێگومان ئاسانکارییەکی زۆر دەکات بۆ هاتووچۆی هاووڵاتیان، بۆ گەشتیارەکان کە سەردانی کوردستان دەکەن، بۆ بابەتی بازرگانی، کەمکردنەوەی کات، بۆ گەیاندن و پێکەوە بەستنەوەی شارەکان بەیەکەوە. ئەمانە هەمووی، یەعنی ئەم ڕێگایە کاریگەرییان لەسەر ئەو بابەتانە دەبێت و یارمەتی هاووڵاتییان دەدات.

هیوادارم هاووڵاتیان چێژ لەم جووتسایدییە وەربگرن، بەڵام ڕێنماییەکانی هاتووچۆش لەبەرچاو بگرن، بۆ سەلامەتی خۆیان و سەلامەتی کەسوکارەکانیان و سەلامەتی هاووڵاتیانی تر، هیوادارم هەمیشە سەلامەت بن.

ئەوەی جیاوازە لەو جووتسایدییە کە هەستم پێکرد، ئاهەنگی سروودی (ئەی ڕەقیب) لەسەر شەقامەکە دروست کراوە بە جۆرێک ئەگەر لەسەر خێرایی 80 بڕۆی گوێت لە ئاهەنگی سروودی ئەی ڕەقیب دەبێت، کە بەڕاستی شتێکی زۆر جوانە. هیوادارم تاقی بکەنەوە، بەڵام لەسەرخۆ، ئینشائەڵڵا بەبێ کێشە و گرفت.

پیرۆزە لە خەڵکی ئەم دەڤەرە و لە هەموو کوردستان، هەر سەرکەوتووبن، کوردستانمان هەر ئاوەدان بێت.