نێردەی وڵاتان سەردانی پەرلەمانی كوردستانیان كرد بۆ پیرۆزبایی كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان، دواتر نێردە دیپلۆماسییەكان لەگەڵ دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان كۆبوونەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەم پێنجی تشرینی دووەم، كونسوڵ و نوێنەرانی وڵاتان لە هەرێمی كوردستان، سەردانی پەرلەمانی كوردستانیان كرد و لەگەڵ دەستەی سەرۆكایەتیی نوێی پەرلەمان لە كۆبوونەوەدان.
لە باڵەخانەی پەرلەمانی كوردستان ئێستە كۆبوونەوە هەیە، ئامانجی سەرەكیی سەردانەكە، پیرۆزباییكردنە لە دەستەی نوێی سەرۆكایەتیی پەرلەمان، هاوكات بە مەبەستی دەربڕینی پاڵپشتیشە بۆ پرۆسەی یاسادانان لە هەرێمی كوردستان.
نوێنەرانی وڵاتانی زلهێز و وڵاتانی ناوچەكە كە بەشدار بوون لە كۆبوونەوەكە، بریتین لە ئەمەریكا، بەریتانیا، فڕەەنسا، چین، رووسیا، توركیا، ئێران، دانیمارك، هۆڵەندا، یۆنان، هیندستان، كۆریا و ژاپۆن، هەروەها نوێنەرایەتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق (یونامی)ـیش لە كۆبوونەوەكەدا ئامادە بووە.