
خەبات: تریفە ئازاد
لەسەرەتای دەستپێکردنی وەرزێكی نوێی خوێندندا، سەردانی بازاڕی قەیسەریی شاری هەولێرمان کرد. لەوێ ئافرەتێک بە ناو ئەمیرە ئەحمەد خەریکی کڕینی جلوبەرگی قوتابخانە بوو بۆ منداڵەکانی، سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی پۆشاکی قوتابیان گوتی: ساڵانە گۆڕانکاری لە جلوبەرگی قوتابخانەدا دەکرێت، ئەمەش بە باش نازانم، چونکە پارساڵ جۆرێک بوو و ئەمساڵ بووەتەوە بە جۆرێکی تر. قوتابی هەیە پارساڵ دوو دەست جلی بۆ کڕیوە و بەشی ئەمساڵیشی دەکرد، چونکە هەموومان دەزانین دۆخی دارایی خەڵک چۆنە، بەڵام بەهۆی ئەم بڕیارە نوێیەی وەزارەتەوە ناچارین ئەو جۆرە بکڕین کە دیاری کراوە.
زیاتر گوتی: من خۆم دوو قوتابیم هەیە و دەبێت دوو دەست جل بکڕم، ئەمە بۆ من ڕەنگە ئاسایی بێت، بەڵام بۆ کەسێک چەند منداڵێکی لە قوتابخانە بێت دەبێتە بارگرانییەکی گەورە. لە ڕووی نرخیشەوە، هەر دوکاندارێک بە نرخێک دەیزانێت؛ دەبوو کاتێک وەزارەتی پەروەردە گۆڕانکارییەکە دەکات، نرخێکی گونجاویش بۆ کڕینی جلوبەرگەکان دیاری بکات.
باوکێک بە ناوی دڵشاد محەمەد کە لەگەڵ سێ لە کوڕەکانیدا هاتبووە بازاڕ، لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەی «خەبات» ئاماژەی بەوە دا: حەق وایە وەزارەتی پەروەردە ئیتر بە یەکجاری ئەم بڕیارە پەسەند بکات و گۆڕانکاری تێدا نکات، چونکە دەبێتە بارگرانی بۆ خەڵک.»
روونیشی کردەوە: من دوو کوڕم لە دوو قۆناغی جیاوازی خوێندندان و ئەمساڵیش یەکێکی تریان دەچێتە پۆلی یەک، وە کچێکیشم لە ئامادەیییە. واتە جگە لەو قوتابییەی تازە دەچێتە پۆلی یەک، دەبێت جلی سێ قوتابیی تر بگۆڕم. هەرچەندە جلی پارساڵیان مابوو، بەڵام بڕیاری وەزارەتی پەروەردەیە و دەبێت بگۆڕدرێن. ئەم بڕیارە لە لایەک جێگەی دەستخۆشییە چونکە پۆشاکەکە بۆ هەمووان یەکجۆر دەکات، بەڵام لە لایەکی ترەوە دۆخی ئابووریی خەڵک باش نییە و بووەتە جێی نیگەرانی.
سەبارەت بە چاودێریی بازاڕیش گوتی: لە لایەکی ترەوە هیچ بەدواداچوونێک لەسەر دوکانداران نییە؛ هەر کەسە و بەپێی دڵی خۆی مۆدێل و نرخێکی داناوە. بەڕاستی جلی وا هەیە کواڵێتی زۆر خراپە و نرخەکەشی زۆر گرانە، چونکە چاودێری لەسەر بازاڕ، نرخ و کواڵێتی نییە، دایک و باوکی قوتابیش ناچارن بە هەر نرخێک بێت بیڕن.
لە بەرامبەردا، سەمیع ئەحمەد کە خاوەنی دوکانی جلوبەرگە، باسی لە هۆکارەکانی گرانبوونی نرخەکان کرد و گوتی: دیاریکردنی لۆگۆ و گۆڕینی ڕەنگەکان لەلایەن وەزارەتەوە، لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و گومرگ، تێچووی سەر خێزانەکان و ئێمەی دوکاندارانیشی زیاتر کردووە.
سەمیع ڕوونی کردەوە: ئێمە ساڵانە جلوبەرگی قوتابخانە هاوردە دەکەین و نرخەکانیش بەپێی کواڵێتی دیاری دەکرێن. کاتێک وەرزی قوتابخانە نزیک دەبێتەوە و سەفەر دەکەین بۆ هێنانی کەلوپەل، دۆخی ئابووری، گرانبوونی نرخی دۆلار، زیابوونی گومرگ و درەنگ گەیشتنی بارەکان دەبنە هۆی گرانبوونی نرخەکان. بۆ ئەمساڵیش وەزارەتی پەروەردە دیسان ڕەنگی جلی قوتابخانەی گۆڕی و لۆگۆیەکی نوێشی بۆ زیاد کرد؛ دروستکردنی ئەم لۆگۆیە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر بەرزبوونەوەی نرخەکان هەبوو. کاتێک ئێمە بە نرخێکی گران کەرەستە هاوردە بکەین، ناچارین بە گرانیشی بفڕۆشینەوە.
لە کۆتاییدا گوتی: جلەکان بەپێی کواڵێتی جیاوازن؛ خەڵک هەیە پارەی زیاتر دەدات بۆ کواڵێتی بەرز، خەڵکیش هەیە توانای نییە بەڵام ناچارە بکڕێت. پێویستە وەزارەتی پەروەردە بە یاسایەک بڕیار لەسەر جۆری جلوبەرگەکە بدات و ساڵانە گۆڕانکاریی تێدا نکات، چونکە زیان بە خەڵک و دوکانداران دەگەیەنێت. بۆ نموونە ئێمە جلی پارساڵمان لەسەر ماوەتەوە و نافرۆشرێت، ناچارین بە نیوەقیمەت یان هەروا بیبەخشین، چونکە دیکە بۆ قوتابخانە دەستنادات.