محەمەد زەنگەنە
دوای هەڵوەشانەوەی ئیدارەی خۆجێی و هەسەدە و ئاوێتەبوون لەگەڵ هێزەكانی حكوومەت و سوپای سووریا، هێزی تایبەت بە پارێزگای حەسەكەی سەر بە حكوومەت، بە چەند هێما و ئاماژەیەكی هەڕەشە ئامێزەوە چوونە نێو ئەم شارە و بە بەرزكردنەوەی پەنجەی هەڕەشە، پەیامێكی زۆر نەرێنییان ئاراستەی خەڵكی ئەم شارە كرد و شێوازێكی شاراوەی زاڵبوون و سەپاندنی ئیرادە و شەڕیان بەسەر كوردی ئەو شارە نیشان دا، ئەوەش بووە هۆی دروستبوونی شەپۆلێكی فراوانی ناڕەزایی و تووڕەبوونی كوردی ناوچەكەی لێ كەوتەوە، كە خۆیان خەڵكی رەسەن و خاوەنی شارەكەن، بەڵام كورد هێمنیی پاراست و كاردانەوەی توند نەبوو.
بەڵام، وەكو هەمیشە كورد لێی راهاتووە، ئەم جارە، چەند كەسێكی سەر بە هێزی نا نیزامیی هۆزە عەرەبییەكان، دەستیان تێكەڵی خوێنی لاوێكی كورد كرد، بەبێ هیچ هۆكار و بیانووێك و هاوشێوەی تیرۆریستانی داعش، سەریان لە لەشی جیا كردەوە و شەهیدیان كرد، سیپان ئەو لاوە بوو كە پێشتر لە ریزەكانی هەسەدە بوو، بەپێی رێككەوتنی ئەم دواییەش، بووە بەشێك لە سوپای سووریا.
ئەم رووداوە، تووڕەبوونی شاراوە و ئارامگرتن و هێمنیی بەزۆری كوردی ئەو ناوچەیەی بەجارێك تەقاندەوە كە بووە هۆی دروستبوونی چەندین پێكدادان لەنێوان خەڵكی حەسەكە و كۆبانێ لەدژی هێزەكانی حكوومەتی سووریا و لە چەندین شوێنی فەرمی دا، ئاڵای ئەو وڵاتە هێنرایە خوارەوە و رەوشێكی زۆر نالەباری لەو شارانە دروست كرد و قەیرانی نەبوونی متمانەی لەنێوان كورد و حكوومەتی سووریا فراوانتر كردەوە.
هاوكات، سەرەڕای هەوڵەكانی حكوومەت بۆ لێكۆڵینەوە لەم رووداوە و راگەیاندنی دەستگیركردنی تاوانبار و ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە، بەڵام هێشتا تووڕەبوونی خەڵكی رۆژئاوا لە ئاستێكی مەترسیدار دایە و لەوانەشە كاردانەوەی زۆر مەترسیداری لێ بكەوێتەوە.
ئەوەی لێرەدا گرنگە، كوردی رۆژئاوا، بەناوی شەڕی نەتەوەییەوە باس لە تۆڵەكردنەوە ناكات، بەڵكو ئەو گەلە دەیەوێت حكوومەت وا نیشان بدات كە بەڵێ كوردیش هاوبەشی ئەو وڵاتەیە و هیچ جیاوازی و جیاكارییەكی نەتەوەیی لەو وڵاتەدا نییە، واتا.. پێویستە دەستپێشخەریی سەرەكی لەلایەن حكوومەتەوە بێت و خۆیان هەنگاوی یەكەمی چارەسەری بنێن.
بەڵام ئەگەر ئەوە نەكرا، تەنها دەوڵەتی سووریا لە داخرانی دەرگاكانی چارەسەری بەرپرسیار دەبێت و هەر خۆیشیان لەو كاتەی كە دۆخەكە دەگاتە بنبەست، پەنا بۆ كورد دەبەن و داوای چارەسەرییان لێ دەكەن، لەو كاتەش، هیچ گەرەنتییەك نابێت بۆ دووبارە نەبوونەوەی ئەو تاوان و كردەوە نابەجێیانەی لەدژی كورد ئەنجام دەدرێن.
بۆیە گرنگە بیر لەوە بكەنەوە، دۆڕاندنی كورد لەسەر ئاستی جەماوەر، دەبێتە هۆكاری گەورەترین شكست و شكانەوە بۆ ئەو دەوڵەتە تازەیەی دەیانەوێ بێتە دی.