
خهبات- سهرههنگ نهجمهدین
تیپی دێرینەکان بە مێژوویەکی پڕ لە ئەزموون و شارەزایی، ساڵانێکی زۆرە بەردەوامە لە بواری وەرزش و تۆپی پێ، ئەم تیپه لە سەرەتای دامەزراندنییەوە هەوڵیداوە ڕۆحی وەرزش و پەیوەندیی نێوان یاریزانانی کۆن و خۆشەویستانی تۆپی پێ بپارێزێت و وەرزش وەک هۆکارێک بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکان بەردەوام بکات.
لە چاوپێكهوتنهكهدا لەگەڵ هەندرێن سەڵاح مورتکە، سەرۆکی تیپی دێرینەکان، باس لە مێژووی دامەزراندنی تیپەکەیان و ئامانجەکانی و چالاکییە وەرزشییەکان و دەستکەوتەکان و ئەو بەها ئەخلاقی و کۆمەڵایەتییە کرا کە تیپهکە لە ماوەی چهندین ساڵه گرنگیی پێداوە.
لهبارهی دامهزراندنی تیپهكهیان و ئامانج لهدامهزراندنی، هەندرێن مورتکە بۆ رۆژنامهی خهیات ڕایگهیاند: ئێمه دوو تیپمان هەیە، تیپی لاوانی سیڤان، کە لە ساڵی 2003 دامەزراوە و تیپی دێرینەکانیش لە ساڵی 2007، لە تیپی دێرینەکاندا ئەو یاریزانانە بەشدار دەبن کە تەمەنیان لە سەرووی 40 ساڵە، لە کاتێکدا تیپی لاوانی سیڤان یاریزانانی 15 ساڵی تا سەرووی 35 ساڵ لەخۆ دەگرێت، یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی دامەزراندنی تیپی لاوان، گرنگیدان بە بەهرەی یاریزانانی لاو و پەروەردەکردنیان لە ڕووی ڕەوشت و ئەخلاق و پابەندبوون بە یاسا و ڕێساکانی تۆپی پێ بووە، بهتایبهتی یەکێک لە ئامانجەکانمان ئامادەکردنی یاریزانە بۆ یانەکانی کوردستان لە هەموو ئاستەکاندا.
بە بۆچوونی سەرۆکی تیپهکە، وەرزش پێش ئەوەی ململانێ و کێبڕکێ بێت، پەیوەندییەکی بەهێزی بە ئەخلاقەوە هەیە و یاریزان دەبێت ڕێز لە بڕیارەکانی ڕاهێنەر و ناوبژیوان بگرێت.
سەرۆکی تیپهكه ئاماژە بەوە دەکات کە هەردوو تیپهکەیان لە زۆربەی خولەکانی تۆپی پێی 11 یاریزانی بەشداری دهكهن و یەکێک لە تایبەتمەندییەکانیان ئەوەیە بەشداریی خولی گەورە و یاریگای بچووككراوه بكهن.
لەبارەی هۆکاری بەردەوامبوونی یاریزانان لە تیپی دێرینەکاندا، جەختی لەسەر کۆمەڵێک تایبەتمەندی دەکات کە بە بڕوای ئەو بنەمای کارکردنی تیپەکەیانە.
ههروهها دەڵێت: یاریزان لە تیپهکەیان تام و چێژ لە وەرزش وەردەگرێت، لە دیدی ئەوانەوە وەرزش تەنها بردنەوە نییە، بردنەوە بەشێکە لە وەرزش، لە کاتی بەشداریی لە چالاکییە وەرزشییەکاندا، هەست بە ئارامی و دروستکردنی ژیانێکی تەندروستتر دهكهین.
بە وتەی ئەو، یاریزان لە ڕووی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیشەوە، بەشداریی لەگهڵ تیپی دێرینەکان، دەرفەتێکە بۆ گەڕانەوە بۆ یادەوەرییەکانی ساڵانی لاوی و دووبارە ئاشنابوونهوهمان به یاریزان و هاوڕێ کۆنەکانه.
بەپێی وتەکانی هەندرێن مورتکە، لە مێژووی تییپهکەدا یادەوەرییە خۆشەکان زۆرن، یەکێک لە یادهوهرییه خۆشهكان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2007، کاتێک تیپهکە لە ماوەی شەش مانگدا بەشداریی سێ خولی کردووە و توانیویەتی هەر سێ خولەکە بەدەستبهێنێت و پلەی یەکەم مسۆگەر بکات.
لەگەڵ ئەوەشدا، باس لە نەریتێکی خۆش و بەردەوام دەکات کە تیپی دێرینەکان و تیپی لاوانی سیڤان پەیڕەوی دەکەن، ساڵانە یان هەر دوو ساڵ جارێک، یاریزانە کۆن و نوێیەکان لە شوێنێك کۆدەبنەوە و ئێوارەخوانێکیان بۆ ئامادە دەکرێت.
له كۆتاییدا ئهو باوەڕی وایە کە بەردەوامبوون لە وەرزش دەتوانێت تەندروستی جەستەیی و دەروونی باشتر بکات و لە هەمان کاتدا پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بەهێزتر بکات، بۆیە پەیامی ئەو و تیپهكهی ڕوونە، وەرزش تەنها بۆ بردنەوە نییە، وەرزش ڕێز، ئەخلاق، هاوڕێیەتی، خۆشەویستی و بەردەوامییە.