سهرهتا وتار چەمکی (برایەتیی گەلان) پرەنسیپێکی فیکری یان ئامرازێکی خەڵەتێنەر؟
عارف ڕوشدی
لە دونیای سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا، بەکارهێنانی چەمکی «برایەتیی گەلان» بەبێ بوونی زەمینەیەکی یەکسان و دانپێدانانی پێشوەختە بە مافەکانی یەکتر، زیاتر لە خەیاڵێکی سیاسی یان بەکارهێنانی داپۆشەرێکی ئایدۆلۆژی دەچێت.
بەتایبەتی لەو وڵاتانەی کە لەسەر بنەمای داگیرکاری و زەوتکردنی خاکی گەلانی دیکە دامەزراون، چونكە دەسەڵاتی سەردەست و دەستەبژێری سیاسی و ڕۆشنبیرییەکەشی هەمیشە لە هەوڵی چەسپاندنی باڵادەستیی ڕەهادان لە هەموو کایەکاندا. ئامانجی سەرەکیی ئەم ڕەوتە، کزکردن و سڕینەوەی هەستی نەتەوەیی و نیشتمانیی گەلی ژێردەستەیە لەژێر پەردەی گوتاری ساختەی «تەبا لەگەڵ دەوروبەر». بەڵام ئەوەی جێگەی تێڕامان و هەڵوێستە لەسەرکردنێکی جدییە، پەیدابوون و سەرهەڵدانی ئاراستەیەکی (لادەری چەواشەکار)ـە لە ناوخۆی ژینگەی کۆمەڵایەتی و سیاسیی و دەستەبژێری گەلی داگیرکراودا. ئەم ئاراستەیە لەبری پشتگیری لە سەربەخۆیی فیکری و سیاسیی گەلەکەی خۆی، دەبێتە ئامرازێک بۆ جێبەجێکردنی ئەجێندای هێزە ناوچەیییەکان.
گەلی کوردستان و بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکەی چەندین دەیەیە بەشێوەیەکی ڕێکخراو ڕووبەڕووی ئەم دیاردە مەترسیدارە بوونەتەوە.
ئەم لادانە فیکری و سیاسییە بەشێوەیەکی تۆختر پاش هاتنەکایەی دروشمە پەڕگیرەکان و دروستبوونی شێوازی جۆراوجۆری کارکردنی سیاسی سەریهەڵدا، کە لەبری خزمەت بە پرسی ڕەوای نەتەوەیی، بووە هۆی پەرتبوونی وزەی گەلەکەمان لە بەشە جیاوازەکانی کوردستاندا.
بەداخەوە، وەک هێڵێکی هاوتەریب، لە ئەنجامی هەرەسی فیکری و سیاسیی هەندێک لایەن و دەستەبژێردا، پەنا بۆ تێزی لادەرانە براوە. ئەم ڕەوتانە لە پێناوی دەستکەوتی تەسک و کاتیی دارایی و بەهێزکردنی پێگەی خۆسەپێنییاندا، هاوشانی نەیارە مێژوویییەکانی کورد، سەرگەرمی دژایەتیکردنی بزووتنەوەی ڕەسەنی کوردایەتی و چاندنی تۆوی بێئومێدی و یاخیبوون لە بەها نەتەوەیی و نیشتمانییەکانن. ئەم جۆرە ڕەفتارە سیاسییە، ڕاستەوخۆ بووەتە هۆی بەهێزکردنی پیلانی شوڤێنییانەی ناوەندەکانی دەسەڵات لە بەغدا، و دروستکردنی ئاستەنگ و گوشاری بەردەوام لەبەرامبەر پرۆسەی سیاسی و قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستاندا.
لێرەدا جێگەی خۆیەتی پرسیارێکی جدی و جەوهەری ئاڕاستەی پەیڕەوانی تێزی «برایەتیی گەلان» و بانگەشەکارانی خۆتوواندنەوە لە بۆتەی گەلی سەردەستدا بکەین:
– ئایا گەلانی سەردەست و دەسەڵاتدارانی ناوچەکە تا چ ڕادەیەک باوەڕیان بە یەکسانیی مروڤانە و مافی خودیارییکردنی گەلی کورد هەیە؟
– تا چ ڕادەیەک ڕێز لە خواستە ڕەوا و نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی گەلی کوردستان دەگرن؟
– ئایا ئامادەن هاوسەنگییەکی ڕاستەقینە لە نێوان ئەرک و مافەکاندا بێننە ئاراوە؟
– لە عێراقی ئەمڕۆدا، ئایا ئامادەن ڕێز لە دەستوور و سیستەمی فیدراڵی بگرن و بە کردار دەستبەرداری پڕۆسەی نەگریس و بەردەوامی تەعریب و بێبەشکردنی کورد ببن لە مافە سەرەتاییەکانی؟
بێگومان وەڵامی هەموو ئەو پرسیارانە، نەخێرە، چونكە مێژوو ئەوەی سەلماندووە کە «برایەتی» لەسەر بنەمای ژێردەستەیی و سەپاندنی ئیرادە دروست نابێت، بەڵکوو هاوبەشیی ڕاستەقینە تەنیا کاتێک دێتە دی کە دان بە بوون، کیان و سەروەریی تەواوی گەلی کوردستاندا بنرێت.