سهرهتا وتار شۆڕشی ئەیلوول؛ یادەوەریی دوێنێ و ژێرخانی ئەمڕۆی کوردستان
سیروان عەلی
شۆڕشی مەزنی ئەیلوول تەنیا ناوێک نییە لە کتێبی مێژووی کوردستاندا؛ ئەیلوول وێنەی ئیرادەی خەڵکێکە کە نەیویست لە بەرامبەر زۆرداری و سڕینەوەی ناسنامەی خۆیدا سەری دابنێت، ئەو شۆڕشە، بە ڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر و بە پشتیوانیی هەزاران تێکۆشەر، دەستپێکی قۆناغێکی نوێ بوو لە مێژووی خەباتی نەتەوەیی خەڵکی کوردستاندا؛ قۆناغێک کە کاریگەرییەکانی تا ئەمڕۆ لە ژیانی سیاسی و نەتەوەیی کوردستاندا بەردەوامە.
بارزانیی نەمر تەنیا ڕابەری شۆڕشێک نەبوو، بەڵکو بوو بە هێمای خۆڕاگری، نیشتمانپەروەری و باوەڕبوون بە مافە ڕەواکانی خەڵک. لە کاتێکدا زۆرێک پێیان وابوو کورد ناتوانێت لە بەرامبەر هێزە گەورەکانی ناوچەکەدا بوەستێتەوە، بارزانیی نەمر بە ئیرادەیەکی پۆڵایین ڕابەرایەتیی خەباتێکی کرد کە دەنگی ڕەوای خەڵکی کوردستانی بە گوێی ناوخۆ و تەواوی جیهان گەیاند.
ئەوەی بارزانیی نەمر جێی هێشت، تەنیا میراتێکی مێژوویی نییە، بەڵکو ڕێبازێکە؛ ڕێبازێک کە لەسەر خۆپارێزی، یەکگرتوویی، پێداگری لەسەر مافە نەتەوەییەکان و باوەڕ بە توانای خەڵکی کوردستان دامەزراوە. شۆڕشی ئەیلوول نیشانی دا کاتێک ئیرادەی خەڵک و ڕێبەرایەتیی سیاسی لە یەک ڕێبازدا کۆدەبنەوە، هیچ هێز و گوشارێک ناتوانێت بە ئاسانی دەنگی ئەو خەڵکە بخنکێنێت، لە درێژەی ئەم خەباتەدا، ڕۆڵی پارتی دیموکراتی کوردستان و ڕێبازی بارزانی جەمسەری و یەکلاکەرەوە بووە. پارتی بە درێژایی مێژووی خۆی، لە قۆناغە جیاوازەکاندا هەوڵی داوە ئەو میراتە سیاسی و نەتەوەییە بپارێزێت و بیگوازێتەوە بۆ نەوەکانی دواتر.
مێژوو تەنیا بە یادکردنەوەی ڕابردوو نانووسرێتەوە، بەڵکو بە بەردەوامبوون لەسەر ئەو ڕێبازە دەنووسرێتەوە؛ لێرەدا ناوی سەرۆک مەسعود بارزانی بە شێوەیەکی تایبەت دێتە پێشەوە. سەرۆک مەسعود بارزانی، وەک بەردەوامکەری ڕێبازی بارزانیی نەمر، لە قۆناغێکی زۆر هەستیار و پڕ لە مەترسیی مێژووی نوێی کوردستاندا ڕۆڵێکی دیار و کاریگەری هەبووە. ئەو ڕێگەیەی لە شۆڕشی ئەیلوولدا بە ڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر دەستی پێکرد، لە قۆناغەکانی دواتردا بە هەوڵ و خەباتی ڕۆڵە نیشتمانپەروەرەکانی کورد بەردەوامە.
سەرۆک مەسعود بارزانی لەو باوەڕەوە هەڵسوکەوتی کردووە کە پاراستنی دەستکەوتەکانی خەڵکی کوردستان تەنیا بە هەست و هەڵچوون ناکرێت، بەڵکو پێویستی بە دانایی سیاسی، خۆڕاگری، یەکگرتوویی و هەڵوێستی نیشتمانی هەیە. بە تایبەتی لە بەرامبەر ئاڵۆزی و گوشارە قورسەکاندا، هەوڵی داوە قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان و دەستکەوتە نەتەوەییەکان بپارێزرێن و میراتی شۆڕش بۆ داهاتوو بگوازرێتەوە. ئەگەر بارزانیی نەمر بناغەی باوەڕ و خەباتی نەتەوەیی دامەزراندبێت، سەرۆک مەسعود بارزانی لە قۆناغێکی نوێدا بە هەمان ئیرادە هەوڵی داوە ئەو بناغەیە بە هێز و شێوازێکی هاوچەرخ بەردەوامی پێبدات.
لە نێوان ئەم دوو قۆناغەدا پەیوەندییەکی ڕوون هەیە: یەکێکیان بناغەی دانا و ئەوی دیکەیان پاراستن، بەهێزکردن و بەردەوامیی ئەو میراتەی گرتە ئەستۆ. ئەمڕۆ کاتێک لە کوردستانێک دەدوێین کە خاوەنی قەوارەی سیاسی و دەستووریی خۆیەتی، نابێت ئەو ڕێگە پڕ لە قوربانییە لەبیر بکەین؛ لەپشت هەر دەستکەوتێکی سیاسی و لەپشت ئەو ئارامییەی ئەمڕۆ هەیە، مێژوویەکی درێژ لە پێداگری، خەبات، قوربانیدان و خۆڕاگری هەیە.
شۆڕشی ئەیلوول کوردی لە داواکارییەکی بچووکی سیاسییەوە بەرەو خەباتێکی ڕێکخراو و بەردەوام گواستەوە. ئەو شۆڕشە توانای ئەوەی هەبوو جیاوازییە ناوخۆییەکان لەبەر بەرژەوەندییە گشتییەکان بتوێنێتەوە و کۆمەڵگەی کوردستان لە دەوری ئامانجێکی هاوبەش کۆبکاتەوە. لەبەر ئەوە، ئەیلوول بۆ نەوەی ئەمڕۆ تەنیا یادەوەرییەک نییە، بەڵکو وانەیەکی زیندووە: هیچ دەستکەوتێک بەبێ قوربانی بەدەست نایەت، و هیچ دەستکەوتێکیش بەبێ یەکگرتوویی و هۆشیاری پارێزراو نابێت. ئەرکی ئێمە تەنیا شانازیکردن بە شۆڕشی ئەیلوول نییە، بەڵکو تێگەیشتنە لە پەیامەکەی. ئەگەر ئەوان بۆ ئێمە خەباتیان کردبێت، ئێمەش دەبێت بۆ نەوەکانی داهاتوو کار بکەین.
ئەیلوول سەلماندی خەڵکێک کە ئیرادەی هەبێت، دەتوانێت لە قۆناغە سەختەکاندا خۆی بسەلمێنێت. کاتێک باس لە شۆڕشی ئەیلوول دەکەین، باس لە بنەمای ئەو کوردستانە دەکەین کە ئەمڕۆ هەیە؛ ئەوەی هەیە بەرهەمی خەباتی ئەو شۆڕشە مەزنەیە.
ڕاستە ئەمڕۆ یادەوەریی شۆڕشە، بەڵکو پەیامەکەشی بۆ داهاتووە. ڕێز و سڵاو لە گیانی پاکی بارزانیی نەمر، شەهیدانی شۆڕش و خەبات و ئازادیی کوردستان، و هەموو ئەوانەی بە قوربانی، ڕێگەی ئەمڕۆی کوردستانیان هەموار کرد. شۆڕشی ئەیلوول زیندووە، چونکە ئەو ئیرادەیەی دروستی کرد، ئەمڕۆ لە دڵی میللەتەکەماند زیندووە.