سهرهتا وتار شۆڕشی ئەیلوول؛ لاپەڕەیەکی گەش لە مێژوو و ناسنامەی کورددا
پەری محەمەد
شۆڕشی ئەیلوول تەنیا لاپەڕەیەکی ناو پەڕتووکەکانی مێژوو نییە، بەڵکو دەنگ و سێبەری بڕوا و ئیرادەی گەلێکە کە ڕەتیکردۆتەوە، کە ژێردەست بێت. لە ١١ی ئەیلوولی ١٩٦١دا، لە نێو شاخە بەرزەکانی کوردستانەوە، چەخماخەی چەکێک و دەنگی بانگەوازی شۆڕشێک بەرز بوویەوە کە بووە وەرچەرخانێکی گەورە لە خەباتی ڕزگاریخوازیی خەڵکی کوردستاندا. ئەم شۆڕشە بە ڕابەرایەتیی مەلا مستەفا بارزانی، تەنیا باسی شەڕ و هەڵگرتنی چەک نەبوو، بەڵکو بیری لە دروستکردنی کەرامەت و ماف و ناسنامەی نەتەوەیی دەکردەوە.
لە سەردەمێکدا کە هەوڵی سڕینەوەی ناسنامەی کورد دەدرا، شۆڕشی ئەیلوول هات تا بە هەموو جیهان بڵێت: کورد هەیە و مافی ژیانی سەربەرزانەی هەیە.
بەهێزیی شۆڕشی ئەیلوول لەوەدا بوو کە تەنیا شۆڕشی ناوچەیەک نەبوو؛ بەڵکو لە خانەقینەوە تا زاخۆ، هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە لە دکتۆر، ئەندازیار، مامۆستا، قوتابی، ئافرەتان، جووتیار و کاسپکاران و… لە سەرانسەری کوردستان تێیدا بەشدار بوون. لە سایەی ئەم شۆڕشەدا، بۆ یەکەمجار داوودەزگەی بەڕێوەبردن، سیستەمی دادوەری و ڕێکخراوەکانی ژنان و قوتابیان لە ناوچە ئازادکراوەکاندا دروست بوون و مۆدێلێکی خۆبەڕێوەبردنی سەرکەوتوویان نیشان دا.
یەکێک لە دەستکەوتە لووتکەییەکانی ئەم شۆڕشە: ڕێککەوتنی ١١ی ئاداری ١٩٧٠ بوو، کە تێیدا بۆ یەکەمجار لە مێژووی هاوچەرخدا دەسەڵاتدارانی بەغدا ناچار بوون بە فەرمی دان بنێن بە مافی ڕەوای خەڵکی کوردستاندا.
ئەمڕۆ کە یادی شەست و پێنج ساڵەی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول دەکەینەوە، دەرک بەوە دەکەین، کە ئەم شۆڕشە تەنیا شۆڕشی چەک هەڵگرتن نەبوو، بەڵکو قوتابخانەیەکی گەورەی یەکڕیزیی سەرجەم خەڵکی کوردستان بوو، خۆڕاگری و بڕوابەخۆبوون بوو. وانەی سەرەکیی شۆڕشی ئەیلوول بۆ ئەمڕۆش ڕوونە: مادامەکێ گەلێک یەکڕیز و یەکگرتوو بێت و بڕوای بە ڕەوایەتیی مافەکانی خۆی هەبێت، هیچ هێزێک ناتوانێت ئیرادەی تێکبشکێنێت. بەم بۆنەیەوە، سەری ڕێز و وەفا دادەنوێنین بۆ بارزانیی نەمر و تەواوی پێشمەرگە ماندوونەناسەکانی شاخ و ڕۆحی پاکی شەهیدانی شۆڕشی ئەیلوول.