خەبات: چیادۆست ڕەسووڵ:- بناری چیای کێوەڕەش کە دەکەوێتە باکوری ڕۆژهەڵاتی شاری ڕانیە، شوێنێکی تا بڵێی جوان و دڵگیرە، لە هەمان کاتیشدا شاخێکی ناسراوو بەناوبانگە و لە زۆر ڕووەوە بووەتە پێناس و لۆگۆ و پێناسەی قەزای جوانی ڕانیەو ئامڕازێکیشە وەک هێما و ڕوانین بەسەر دەشتی بیتوێندا.
بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانی هاووڵاتیان و کەسانی خەمخۆر و دڵسۆزی ناوچەکەیە ئەوەیە: کە ماوەیەکە بناری چیاکە بووەتە چەق و ناوەندی فڕێدانی زبڵ و خاشاک و پڕکردنەوەی ئەو ڕێڕەوانەی کە سەرۆکایەتی شارەوانی ڕانیە بە ئامێرەکانی شۆڤڵ و گرێدەر کۆڵیویەتی لە پێناو ڕۆیشتنی پاشماوەی هەموو ئەو ئاوی بارانەی بەدامێنی شاخەکەدا دێتە خوارێ.
ئەم ڕێڕەوە ئاویانە دەبنە هۆی پاراستن و لانەدانی ئاوی باراناوەکە کە ساڵانی پێشوو لافاوێکی زۆر دروست دەکردو سەرجەم پاشەڕۆی ئاوەکە دەهاتنە نێو شارەکەوە.
شایانی باسە لە چەند ساڵی ڕابردوودا بەشێکی زۆری هاووڵاتیانی ناوەندی قەزای ڕانیەو هەریەکە لە گەڕەکەکانی ڕەشەمێرگ و قوولەو ماڵەکانی نزیک گوندی( تیتۆکە ) کە له ئێستادا خەریکە لەگەڵ شارەکە تێکەڵ دەبێتەوە، دەکەوتنە بەر شاڵاوی ڕێژنە باران و لافاوی بەخووڕ و بەم هۆیەشەوە چەند ماڵ تووشی زەرەرو زیانێکی زۆری ماددی دەبوون، بەڵام خۆشبەختانە ئەمساڵ سەرۆکایەتی شارەوانی ڕانیە هەر لە سەرەتاوە خەمی ئەو ناوچانەی خواردووەو سەرجەم ڕێڕەوو مەنهۆڵ و جۆگەلە ئاوەکانی لە پاشماوەی پیسی ماڵان و زبڵ و خاشاک پاککردووەتەوە، وە ماوەی چەند ڕۆژێکیشە تەواوی ئامێرەکانی سەر بە سەرۆکایەتی شارەوانی ناوەندی قەزای ڕانیە لە کاردان و هەڵمەتێکی گشتگیرو پڕ هەرەوەزیان دەستپێکردووە لە پێناو پاکڕاگرتنی ژینگەو پاراستنی ماڵی ئەو هاووڵاتیانەی کە ساڵانە بەهۆی لافاوو ئاوی ئاوەڕۆکانەوە زیانیان بەردەکەوت.
خەبات لە نزیکەوە سەردانی شوێنەکەی کردو هاووڵاتی ناسراوی شارەکەی هێنایە ئاخاوتن بەناوی ئەندازیار ( هێمن مامەسەن خدر ) کە چالاکوانێکی ژینگەیی ناسراوو لە هەمان کاتیشدا ئەندازیارەو خاوەن نوسینگەش تەلارو بیناسازیشە، بە خەباتی گوت: ئەگەرچی ساڵانی پێشوو ئەو گەرەکانەی دەکەوتنە نزیک بناری چیای کێوەڕەش بەبێ زیان و زەرەر دەرنەدەچوون، بەڵام خۆشبەختانە ئەمساڵ سەرۆکایەتی شارەوانی ڕانیە، بەتایبەتیش بەشی ئامێرەکان و خزمەتگوزاری، هەستاون بە ڕاگەیاندنی هەڵمەتی خاوێنکرنەوەو کردنەوەی ڕێڕەوی ئەو ئاوو باران و لافاوەی کە بە دەوری بازنەی بناری چیای کێوەڕەشدا کێشراون، ئەوە جێگەی نیگەرانیە فڕێدانی ئەو زبڵ و خاشاکە زۆرەیە کە بەشێکی کەمی هاووڵاتیان نا بەرپرسانە فڕێی دەدەنە نێو چاڵ و جۆگەلە ئاوو مەنهۆڵەکانەوە.
من پێشتریش چەندین جار دیدارم لەگەڵ بەرپرسان و کەسانی دەستڕۆیشتووی سەرۆکایەتی شارەوانی و هەروەها لێپرسراوانی ئێدارەی ڕاپەڕینیش ساز داوە، هەموو جارێ ئەو ڕستەیەم لەگەل دووپاتکردوونەتەوە کە پێویستە هاووڵاتیانی یاسا شکێن و کەمتەرخەم سزا بدرێن، بەداخەوە لە چەند مانگی ڕابردوودا کۆمەڵێک لەو یاسا شکێنانە ناسراشنەوەو شارەوانیشیان ئاگادار کردەوە، بەڵام چونکە خوا پێداوو خزمی خەڵکانی دەستڕۆیشتوو بوون، هەرچی زوو بوو تاوانەکەیان پەردەپۆش کراو لەم یاسا شکێنیە بەخشران، لە ڕاستیدا ناکرێت کەسێک سزا بدرێت و کەسێکیش ببەخشرێت، یاسا دەبێ بۆ هەموومان وەکو یەک بێت، نەک پڕ جیاوازی بێت لە نێوان خەڵکی زەنگین و گەدا.
گوتیشی: داواکارم هاووڵاتیان بەگشتی پابەندی پاراستنی ژینگە بن و خاک و خۆڵ و دارو بەردی ئەم نیشتمانە بە موڵکی خۆیان بزانن.