
خەبات- دانا بۆتانی:
ژمارەی دانیشتووانی سنووری شارەوانیی بنەسڵاوە بە نزیکەیی ۷۳ هەزار کەسە، کە پێکهاتووە لە ۲۷ بلۆک، ٤ شارۆچکە (ستی)، و چەندین گەڕەک و گوند. وەک ڕۆژنامەی «خەبات» بەدواداچوون بۆ هەموو ئەو پڕۆژە و خزمەتگوزارییانە دەکەم کە لە سەردەمی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا شارەوانیی بنەسڵاوە پێشکەشی هاووڵاتییانی کردووە. وەڵامی پرسیارەکانیشم لە زریان سەباح، بەڕێوەبەری شارەوانیی بنەسڵاوە وەردەگرمەوە.
ئەو خزمەتگوزارییانەی شارەوانیی بنەسڵاوە پێشکەشی هاووڵاتییانی دەکات چیین؟ — بەهۆی فراوانی سنووری شارەوانیی بنەسڵاوە، کە پێکهاتووە لە بیست و حەوت بلۆک (کە دانیشتووانی نێو قەزای بنەسڵاوە دەگرێتەوە)، لەگەڵ چوار شارۆچکە کە پێکهاتوون لە: (هێران ستی ۲، ئاوێنەی شار، ئاڵتوون ستی، سەری بڵند)، گوندەکانی (پونگینە، گڕەسۆر، چەمرگە، هەdictە بەگ)، گەڕەکەکانی (زێرەڤانی، گوڵان، قەڵاتی نوێ) و هەرسێ بازاڕی نێو قەزای بنەسڵاوە لەگەڵ گوندەکانی دەوروبەری. فراوانیی ئەم سنوورە وامان لێدەکات لە چوار وەرزی ساڵدا ئامادە بین بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی باشتر بۆ هاووڵاتییانمان. تەنیا بۆ کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاک لە سنووری شارەوانیی بنەسڵاوە، ڕۆژانە ٥۳ تەن زبڵ و مانگانە بە کۆی گشتی ۱,٥۹۰ تەن زبڵ و خاشاک هەڵدەگرینەوە و رەوانەی زبڵخانەکانی کانی قڕژاڵەی دەکەین.
ژینگەپارێزی یەکێکە لە ئەرکەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، شارەوانیی بنەسڵاوە چۆن دەڕوانێتە ژینگەی کوردستان؟
— ئێمە وەکو شارەوانیی سنووری بنەسڵاوە، بە هاوکاریی هاووڵاتییانمان خۆمان بە جەنگاوەرێکی ژینگەپارێزی دەبینین؛ بۆیە کاری ئێمە تەنیا زبڵ کۆکردنەوە نییە، بەڵکو کارێکی دیکەمان رووپۆشکردنی خاکەکەمانە بە سەوزایی. تەنیا لە کابینەی نۆیەمدا دەستمان کردووە بە چاندنی زیاتر لە ۱,۸۰۰ دار لە جۆرەکانی (ئەکاسیا، توو، سنۆبەر)، ٤۰۰ گوڵەباخ، ٤٥۰ داری چەتر، ۱,۰۰۰ داری سیسەم، ۱٤۰ تۆتۆنیا (وەک داری سنۆبەر)، ۱,۷٥۰ دار و ژاڵە، ۳۰۰ دانە فریزکردنی ۱,۹٥۰ م² باخچە بە ڕووبەری ۱۸,۰٤۹ م²، لەگەڵ پارکی نەمران و پارکی هەوار کە دروست کراون بە ڕووبەری ۱۷۰,۰۹۲ م². ئەم ئامارانە دەری دەخەن کە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرنگییەکی تەواو بە پاکی و خاوێنیی ژینگە دەدات، بۆیە ئێمەش وەک شارەوانیی بنەسڵاوە دۆستی ژینگەیین.
دەکرێت ئاماری بەشێک لە کارەکانتان لەڕووی مۆڵەتدان بخەیتەڕوو؟ — تەنیا مۆڵەتی نیشتەجێبوون (واتە مۆڵەتی خانوو) کە دراوە بە هاووڵاتییانی سنوورەکەمان ۲,۰۲٤ مۆڵەتە، بەڵام مۆڵەتی بیناسازی و پیشەسازی ٥۹ مۆڵەتە. لە هەمان کاتدا وەک شارەوانیی بنەسڵاوە، تەنیا لەم کابینەیەدا ۲,۰۰۰ کارتمان کردووە بە سەنەد (تاپۆ) لە گەڕەکی گوڵان. جگە لەمانەش، ٥,۰۹٥ پارچە زەویمان دابین کردووە و دابەشی سەر فەرمانبەرانی حکوومی کراوە؛ لەگەڵ ئەوەشدا بەشێک لەو زەوییانەی بەسەر فەرمانبەراندا دابەش کراون، خزمەتگوزاریی ئاو، ئاوەڕۆ و کارەبایان بۆ دابین کراوە و خاوەن موڵکەکانیش قەرەبوو کراونەتەوە. بۆیە کابینەی نۆیەم بە دڵنیاییەوە کابینەی خزمەتگوزارییە.
لە ماوەی کابینەی نۆیەمدا، ئەو پڕۆژە و خزمەتگوزارییانە چیین کە لە سنووری شارەوانیی بنەسڵاوە پێشکەش کراون؟ — لە کابینەی نۆیەمدا لە سنووری شارەوانیی بنەسڵاوە ۲۰ پڕۆژە جێبەجێ کراون و سێ پڕۆژەش ڕەزامەندییان دراوێ و هێشتا جێبەجێ نەکراون.
ئەو لەمپەر و تەگەرانە چیین کە لەکاتی کارکردندا تووشتان دەبن؟ — بەداخەوە لە ئێستادا ٤۸ کەیسمان لە دادگایە بەهۆی زێدەڕۆیی هاووڵاتییان بۆ سەر موڵکی گشتی، بەڵام لە کابینەی نۆیەمدا ئەم ڕێژەیە دابەزیوە بۆ ئاستی صفر، چونکە هیچ کەسێک لە یاسا بەرزتر نییە. ئێمە هاووڵاتییانی سنوورەکەمان بە ڕێزەوە ئاگادار دەکەینەوە لە ئەگەری هر زێدەڕۆییەک بە پێدانی پسوولەی ئاگادارکردنەوە بەپێی یاسای ژمارە ۱۱۸ی ۱۰/۱/۱۹۹۳ی یاسای شارەوانییەکان؛ بۆیە بەرامبەر هەر زێدەڕۆییەک بێگومان بەپێی یاسا مامەڵە دەکەین.
دەکرێت بڕی داهات و خەرجیی سنووری شارەوانیی بنەسڵاوە بخەنەڕوو؟ — بە دڵنیاییەوە دەتوانین، بەڵام بڕی داهات و خەرجی لە سنووری شارەوانییەکەمان لە ساڵێکەوە بۆ ساڵێکی دیکە گۆڕانکاریی بەسەردا دێت، بۆیە هەمیشە بڕی خەرجیمان لە داهاتمان زیاترە و ئەمەش دەرخەری پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی زیاترە.
• بڕی داهاتمان لە ساڵێکدا: بە نزیکەیی ٥۳۷,۷٦۰,٤۹۷ (پێنجسەد و سی و حەوت ملیۆن و حەوتسەد و شەسەدە هەزار و چوارسەد و نەوەد و حەوت) دینارە.
• بڕی خەرجیمان: دەگاتە نزیکەی ۱,۱٥٤,۷٥۳,۸٥۰ (یەک ملیار و سەد و پێنجاو چوار ملیۆن و حەوتسەد و پێنجاو سێ هەزار و هەشتسەد و پێنجا) دینارە.
ئەم ژمارانە و ئەو هەموو خزمەتگوزارییە دەرخەری ئەوەن کە شەو و ڕۆژ کار دەکەین لە پێناو پێشکەشکردن و گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتییانی سنوورەکەمان لە شارەوانیی بنەسڵاوە.