ڕۆژی سێشەممە ١ـی ٩ـی ٢٠٢٦، بە ئامادەبوونی د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک و حسێن کەلاری، بەرپرسی لقی ٢٢ـی گەرمیان، ئەکبەر حەیدەر بەرپرسی لقی ١٥ـی خانەقین، هەروەها بە بەشداریی ژمارەیەک لە ئەندامانی بەش، نووسەران، ڕۆشنبیران و ڕۆژنامەنووسان، ڕێوڕەسمی یادی سیانزە ساڵەی دامەزراندنی ڕادیۆی (کازیوە) بەڕێوەچوو.
بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان و سەروەریان (بارزانیی نەمر و کاک ئیدریسی هەمیشە لە یاد)، ئامادەبووان ساتێک بە بێدەنگی وەستان. ڕێوڕەسمەکە بە دروشمی (سیانزە ساڵ بەردەوامی و پێشەنگی) ساز کرابوو، سەرەتا بە وتەی بەخێرهێنانی میوانان لەلایەن (کاروان کەلاری)ـەوە دەستی پێکرد.
پاشان، حسێن کەلاری، بەرپرسی لقی ٢٢، وتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا تیشکی خستە سەر ڕۆڵ و گرنگیی ڕادیۆی کازیوە لە ناوچەکەدا. دواتر د. سالار عوسمان لە وتارێکدا بە گرنگی و بایەخەوە باسی لە مێژووی خەبات و قوربانیدانی خەڵکی دەڤەری گەرمیان کرد، هەروەها جەختی لەسەر پێویستیی ڕادیۆی کازیوە کردەوە وەک مینبەرێک بۆ گەیاندنی دەنگی هاوڵاتییان لە سەرجەم بوارەکاندا، و لەو سۆنگەیەشەوە گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی ستافی ڕادیۆکە کرد بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنیانەوە.
لە درێژەی ڕێوڕەسمەکەدا، بڕگەیەکی میوزیک کەشێکی هونەریدا لەلایەن گرووپی میوزیکی (شکار)ـەوە پێشکەش کرا، کە تێیدا چەندین هۆنراوە و سترانی ڕەسەنیان ژەند و چێژیان بەخشییە ئامادەبووان.
پاشان وەک پێزانینێک بۆ هەوڵ و بەردەوامیان، خەڵات و ڕێزلێنان پێشکەش بە ستاف و کارمەندانی ڕادیۆی کازیوە کرا.
لە دوماهیدا بە بەشداریی میوانان و ئامادەبووان، کێکی یادی سیانزە ساڵەی تەمەنی ڕادیۆکە بڕدرا.











