محەمەد زەنگەنە
دوای بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە و نەمانی ئیدارەی خۆجێی شار و شارۆچكەكانی كوردستانی سووریا و ئاوێتەبوونی هەموو دەزگا سەربازی و ئەمنی و مەدەنییەكانی ئەو ئیدارەیە لەنێو دام و دەزگاكانی دەوڵەتی سووریا و هەموو ئەو كاردانەوانەی لێی كەوتەوە، چ بە ستایش یانیش هاودژی و بێ ئومێدی، چەند سەرچاوەیەك باس لە بوونی پێشمەرگەی رۆژ دەكەن لە سیستەمی بەرگریی سووریا و بەشداری كردن لە پێكهێنانەوە و رێكخستنەوەی كایە و بنەماكانی وەزارەتی بەرگری دەكەن.
قسەكان لەم بارەیەوە زۆر و جیاواز و یەك نەگر بوون، هیچ لێدوانێكی فەرمیش لەم بارەیەوە، بەتایبەتی لەلایەن سووریاوە نەدراوە و ئەگەر قسەیەكیش لەم بارەیەوە بكرێت، چ زانیاریی ئەوتۆی تیادا نابێت.
بەڵام بۆ تاوتوكردنی ئەم پرسە، زۆر گرنگە ئەو بژاردەیە بەهەند وەربگرین و وەكو ئەگەرێكی واقیعی و راستییەكی حاشا هەڵنەگر باسی لێوە بكەین، بە هەموو ئەو كۆڵەگانەی بابەتەكە پێك دەهێنن.
پێشمەرگەی رۆژ كە لە هەرێمی كوردستان دامەزرا و لە رۆڵە و كچ و كوڕانی رۆژئاوای كوردستان پێك هاتووە، شارەزاییەكی زۆری لە شێوازی مەشق و راهێنانی هێزی پێشمەرگە وەرگرتووە و توانیویەتی بەشێوەیەكی زۆر تۆكمە و رێكخراو خۆی دابمەزرێنێت، گواستنەوەی ئەو شارەزاییەش بۆ رۆژئاوای كوردستان و بۆ خودی سووریا، كار و پێشهاتێكی زۆر گرنگ و پێویست دەبێت.
بەڵام تێپەڕینی ئەم هەنگاوە، كارێكی ئاسان نابێت، هۆكارەكانیش بۆ ئەم ئەنجامە زۆرن.
خودی دەوڵەت تاوەكو ئێستا، ئەو هزرەی نییە كە قبووڵی شتێك بكات، تایبەت و پەیوەست بێت بە كورد و مۆركی نەتەوەیی كوردیی پێوە بێت، بە بەڵگەی دانەنانی زمانی كوردی بە زمانی دووەمی فەرمیی دەوڵەت و نەگۆڕینی تایتڵی دەوڵەتی سووریا و مانەوەی وەك ئەوەی لەسەردەمی بەعس هەبوون بەناوی (كۆماری عەرەبیی سووریا).
هاوكات، دوای بڕیاری هەڵوەشانەوەی هەسەدە، ئایا ئەوانەی رۆژێك لەرۆژان لەنێو سەركردایەتیی ئەو پێكهاتە سەربازییە و لایەنە مەدەنییەكەی بوون، وا بەئاسانی قبووڵی هێزێك دەكەن كە هەمیشە لەدژی بوون و هەموو كارێكیان كرد بۆ ئەوەی هیچ رۆڵێكیان لە رۆژئاوای كوردستان نەبێت؟
لەلایەكی دیكەشەوە، ئایا ناكرێ هەمان سیناریۆی هەرێمی كوردستان لەبارەی پەیوەندیی نێوان هێزی پێشمەرگە و سیستەمی بەرگریی عێڕاق لەوێش دووبارە نەبێتەوە؟
ئەمانە هەموویان پرسیاری دروست و لەجێن و پێشهاتی پێشبینی كراون و رووداوی چاوەڕوان كراون لە ئایندەیەكی نزیك لە سووریا، بەڵام گرنگترین شت لەو پرۆسەیەدا، هەبوونی ئیڕادەیەكی بەهێزە بۆ چەسپاندنی رۆڵی كوردە لە پرۆسەی سیاسیی سووریا تا گەیشتن بە قۆناغی داننانی دەستووری، كە لە مشتومڕ و گەنگەشە و تەنانەت شەڕی سیاسیش بەدوور نابێت.