* غەریب عەلی سەلیم
مۆزەخانە بە یەکێک لە گرنگترین دامەزراوە شارستانییەکان بۆ پاراستنی کەلەپوور و مێژوو هەژمار دەکرێت ، ئامانجی سەرەکی لە بنیادنانی مۆزەخانە بۆ پاراستنی پارچەی شوێنەواری و مێژوو و بیرەوەرییە کۆمەڵایەتییەکانە. مۆزەخانە و ئەرشیفی پەروەردەی هەولێر بە تاکە مۆزەخانەی پەروەردەیی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان وعێراق و تەنانەت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت، نەک هەر مێژووی ڕۆشنبیری و پەرەسەندنی خوێندن لە ناوچەکەدا دەپارێزێت، بەڵکو بووەتە شوێنێكی گەشتوگوزاری و ڕۆشنبیری و کلتووری و پەروەردەیی.
مێژوو و شوێنی مۆزەخانە
مۆزەخانە و ئەرشیفی پەروەردەی هەولێر دەکەوێتە ناوەڕاستی بازاڕی هەولێر، لە بەشی ڕۆژهەڵاتی قەڵای هەولێر و بازاڕی قەیسەری هەڵكەوتووە. لەناو قوتابخانەی ئەربیل ئولا دانراوە. مێژووی دروستبوونی قوتابخانەكە بۆ ساڵی 1920 دەگەڕێتەوە، لە ساڵانی (1926 – 1927)كراوەتە باڵەخانەی قوتابخانەی (ئەربیل ئولا – هەولێری یەکەم)، یەکەم باڵەخانەی فەرمیی خوێندن بووە لە شاری هەولێر. دوای ئەوەی بۆ ماوەی زیاتر لە 60 ساڵ خوێندنی تێدا بەردەوام بوو، دواتر بۆ سەردەمێک بنکەی پۆلیس بووە. بەڵام لە ساڵی 2010 بە بیرۆکەی مامۆستا و شاعیر (شێخ ئیسماعیل بەرزنجی) و بە پاڵپشتی پارێزگای هەولێر، نۆژەنکرایەوە و لە 19ی ئازاری 2014 بە فەرمی وەک مۆزەخانە ڕاگەیەندرا. قوتابخانەی ئەربیل ئولا وەک «سیمبولی پێکەوەژیان و تەبایی» ناودەبرێت، چونکە لە سەدەی ڕابردوودا تەنها بۆ کورد نەبووە، بەڵکو قوتابیانی عەرەب، تورکمان، کریستیان و جووی لەخۆیدا کۆکردبووەوە و هەموو ئایینزا و نەتەوەکان پێکەوە تێیدا خوێندویانە.
پێکهاتەی مۆزەخانەکە
مۆزەخانەکە لە 13 هۆڵی جیاواز پێکهاتووە. تێیدا ئەرشیفی پرۆسەی پەروەردە، وێنە، دەستنووس و کەلوپەلی کەسایەتییە دیارەکان و مامۆستایان و هونەرمەندانی شارەکە بە ئەمانەتەوە پارێزراون. تەواوی ئەو کەرەستانەی سەردەمانێک وانەیان پێ گوتراوەتەوە لەم هۆڵانەدا نمایشکراون، وەک: تەختەڕەشی تەباشیر، ڕەحلەی دار، زەنگی کۆنی قوتابخانە، کارتی نمرەکان، تۆماری بەڵگەنامەییی ناوەکان و جلوبەرگی کۆنی قوتابیان و تیپەکانی دێدەوانی. لە حەوشە و هۆڵەکانی مۆزەخانەکەدا، پەیکەری مامۆستا پێشەنگەکان نمایشکراون، کە دیارترینیان پەیکەری (ئیبراهیم ئەمین باڵدار) دانەری پەرتووکی مێژوویی «ئەلفوبێی نوێ»یە. هۆڵەکان هەڵگری چەندین پارچە و چیرۆکی دراماتیکی و دەگمەنن، کە فاکتەری بنەڕەتیی ڕاکێشانی گەشتیارانن. یەکێکی تر لە ژوورەکان ژووری ژمارە (4)، ئەم ژوورە یەکێکە لە هۆڵە هەرە ئەکتیڤەکان کە بە ناوی مامۆستا و هونەرمەندی کۆچکردوو واحید مەرجان نراوە. مامۆستا واحید سێ کەسایەتی لە یەک جەستەدا بووە (ئەکتەری شانۆ و دراما لە ساڵانی شەستەکان و حەفتاکاندا، ژەنیار و دامەزرێنەری تیپی میوزیک، و شێوەکارێکی گەورە). لەم ژوورەدا 10 تابلۆی زەیتیی دەستکێشراوی خۆی، ئامێرە میوزیکییەکانی، وێنەکانی لە ئاهەنگ و دراماکاندا، لەگەڵ گۆڤارە تایبەتەکانی (کە خانەوادەکەی بەخشیویانە) نمایشکراون. لە هەمان ژووردا، وێنە و کەلوپەلی کەسایەتییەکانی وەک هونەرمەندان (سەلام کۆیی و زاهیر عەبدوڵڵا) و سەرپەرشتیاران (مامۆستا فەرهاد شەریف، زرار ساڵح، و ئەحمەد سەلام) دانراون.
هەروەها لەناو مۆزەخانەکەدا چەندین کەلوپەل و کەرەستەی سەرەتایی خوێندن نمایشکراون، نمایشکردنی تەختەڕەش و ڕەحلە کۆنەکان جۆرێک لە چێژی ڕۆحی بۆ میوانە بەتەمەنەکان دروست دەکاتەوە، لە هەمان کاتدا بۆ قوتابیانی ئەمڕۆ شتێکی سەیر و سەرنجڕاکێشە، هاوکات بوونی ئامێری سینەمای قوتابخانەیی ساڵانی شەستەکان (کە پێش داهێنانی داتاشۆ بۆ پێشاندانی فیلمی پەروەردەیی بەکارهاتووە) و کەلوپەلی تیپی دێدەوانی، مێژووی پەروەردە لە هەولێر نیشان دەدەن. لە پاڵ ئەمانەشدا، مۆزەخانەکە هەڵگری چەندین کەرەستەیە کە ڕەهەندی مرۆیی و مێژوویی هەیە، لەوانە پاسکیلەکەی ئەسعەد عەبدوڵا (مەلا ئەسعەد) کە لە ساڵانی پەنجاکاندا ڕۆژانە بە خۆی و توورەکەی خواردنی دایکییەوە لە گوندی بنەسڵاوەوە پێی دەهاتە قوتابخانەی ئەربیل ئولا، تا ساڵی 2015 لای خۆی پاراستی و پێش کۆچی دوایی بە دەستی خۆی بەخشیییە مۆزەخانەکە؛ هەروەها کامێراکەی مامۆستا گیوی موکریانی کە لە نێوان ساڵانی 1936 تا 1977 لە چاپخانەی کوردستان لەژێر قەڵای هەولێر وێنەی هەزاران قوتابی و هاووڵاتی پێ گرتووە و دواتر لەلایەن شاگردەکەیەوە (محەمەد عەلی – خەڵکی تەیراوە) پارێزرا و بەخشرا بە مۆزەخانەکە.
ئامار و ژمارەی گەشتیاران
گەشتوگوزاری سەردەم سەلماندوویەتی کە مۆزەخانەكان تەنها شوێنی سەیرکردن نین، بەڵکو ناوەندی توێژینەوە و گەشتی زانستین، بۆیە ڕێژەیەکی بەرچاو لە خوێندکارانی زانکۆ، پەیمانگەکان و قوتابیانی قۆناغە جیاوازەکانی خوێندن بە یاوەری مامۆستایانیان سەردانی مۆزەخانەی پەروەردەی هەولێر دەكەن، تا لە نزیکەوە ئاشنای مێژووی پەروەردەی وڵاتەکەیان بن. ساڵانە لە نێوان 5هەزار تا 10هەزار کەس سەردانی مۆزەخانەی پەروەردەی هەولێر دەکەن. بە نموونە له ساڵی 2024 دا (5652) گەشتیار و سەردانیکەر، سەردانی مۆزەخانەکەیان کردووە. ئەم ژمارەیە لە گەشتیارانی بیانی، میوانانی کونسوڵخانەکان وەک: (ئەمریکا، بەریتانیا، ئەڵمانیا و وڵاتانی عەرەبی)، نوێنەرانی ڕێکخراوە جیهانییەکان، هاووڵاتیان پێکهاتوون، ئەم ئامارانە ئەوە دەسەلمێنن، کە کورد لە سەدەی ڕابردوودا بەشداریکار و قەڵەمێکی ئازای بواری پەروەردە و فێرکردن بووە.
لەکۆتاییدا بۆ ئەوەی مۆزەخانەی پەروەردەی هەولێر بەردەوام بێت لە ڕاکێشانی گەشتیاران و بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەکان، پێویستە ئاستەنگە تەکنیکییەکانی نەبوونی کارەبای بەردەوام و سیستەمی سەردەمیانەی گەرمی و ساردی بۆ پاراستنی پارچە ئەرشیفییەکان و ئاسوودەیی گەشتیاران دابین بکرێت، بۆ ئەوەی زیاتر پەرە بە ژێرخانی گەشتوگوزاری مۆزەخانەكە بدرێت.

*خوێندکاری دکتۆرا لەبواری بەبازاڕکردنی گەشتوگوزار / زانکۆی سلێمانی