سهرهتا وتار پێشمەرگە هێڵێکی دەستوورییە و تێکەڵاوکردنی کارتەکان بێسوودە
کاروان محەمەد سینۆ
حکومەتی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی ئەلزەیدی و پاڵپشتیی ڕاستەوخۆی ئەمریکا و خودی دۆناڵد ترامپ، کە تەمەنی نزیکەی سێ مانگ و نیو دەبێت، تاکو ئێستا لە چاو تەمەنی خۆیدا هەنگاوی باشی هەڵناوە، بەتایبەت لە ڕووی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و سەروەریی دەوڵەتی فیدڕاڵدا. چاوەڕوانیی زیاتریشی لێ دەکرێت، لە سەرووی هەمووشیانەوە داماڵینی چەکی ئەو میلیشیا عێراقییانەی لە یاسا دەرچوون کە کۆتایی مانگی ئەیلوول وەک دوا وادە بۆ ڕادەستکردنی چەکەکانیان دیاری کراوە، ئەگینا رووبەڕووی ڕێکاری توندی یاسایی و غەزەبی ئەمریکا دەبنەوە.
لە بەرامبەر ئەم گوشارە نێودەوڵەتی و حکومییەدا و (پاش سەردانەکەی ٢٤ی ئابی ڕابردوو کە شاندی باڵای ئەنجومەنی شارەزایانی ڕێبەریی ئێران بە سەرۆکایەتیی ئایەتوڵڵا موحسین قومی بۆ لای سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە بەغدا)، چەند بەرپرسێکی میلیشیای لەیاسادەرچوو کە لەلایەن ئێرانەوە پشتگیری دەکرێن، لەم چەند ڕۆژەی دواييادا بێ ئەوەی ڕەچاوی دەستووری هەمیشەیی عێراق بکەن، دەستیان کردووە بە تێوەگڵاندنی پێشمەرگە و بەهانەهێنانەوە و مەرجدانان بەرامبەر بە ڕادەستکردنی چەکە نایاساییەکانیان بە دەوڵەت.
ئەم هەوڵانەی میلیشیاکان بۆ تێکەڵاوکردنی کارتەکان و تێوەگلاندنی هێزی پێشمەرگە لە دۆسیەی کۆنتڕۆڵکردنی چەکدا، هەوڵێکی مایە پووچ و کوتانەوە ئاسنی ساردە لە لایەن کەسانێکی میلیشیاوی کە فەرمان و بڕیار لە دەرەوەی عێراق وەردەگرن و ئینتیمایان بۆ ئەجندایەکی غەیرە عێراقە (وەکو خۆیان لە زۆر بۆنەدا بەڕاشکاوانە باسی لێ دەکەن)، لەکاتێکدا کە هێزەی پێشمەرگە بەشێکن لە سیستەمی ئەمنی نیشتیمانی و پێش پەسەندکردنی دەستووری عێراق لە ساڵی ٢٠٠٥ و پێش پێکهێنانی دەوڵەتی نوێ لە ساڵی ٢٠٠٣ پێشمەرگە هەبووە، و هەروەها پێشمەرگە بەپێی دەقی دەستووری هەمیشەیی عێراق ماددەی ١٢١ بڕگەی پێنجەم وەک پاسەوانی هەرێم لە چوارچێوەی یاسا و دەستوردا کار دەکەن. بۆیە تێوەگلاندنی ناوی پێشمەرگە لەم دۆسیەیەدا تەنها تێکەڵاوکردنی کارتەکانە و هیچ ئامانجێکی تێدا نییە جگە لە قەیرانسازیکردن نەبێت.
شایانی باسە، لە کاتێکدا بەرپرسانی میلیشیاکان خۆیان جەخت لەوە دەکەنەوە کە ڕێکخستنی چەک لە عێراقدا دەبێت بە یاسا بکرێت و ئامانجێکی نیشتمانییە کە دەبێت دوور لە دەستوەردانی دەرەکی بەڕێوە ببرێت…، بۆیە پێویستە میلیشیا دەرچووەکەکان لەوە تێبگەن کە لە حکومەتی عەلی ئەل زەیدیدا دیاردەی مانەوەی چەک بەدەست میلیشاکینەوە بڕیاری نەهێشتنی دراوە و داهاتووی پەیوەندییە دەرەکی و ئابوورییەکانی عێراق بە تەواوی بەندە بە داماڵینی چەکی میلیشاکان.
کەواتە، پێویستە میلیشیاکان لەم ڕاستییە تێبگەن کە پەنابردنە بەر مەرجدانان دژی پێشمەرگە و قەوارەی هەرێم ناتوانێت چارەنووسیان لە بەرامبەر یاسا و سەروەریی دەوڵەتی فیدڕاڵ ڕزگار بکات. کۆنتڕۆڵکردنی چەک بە دەست دەوڵەتدا بڕیارێکی یەکلاکەرەوەیە و دوا وادەش بەرەو کۆتایی دەچێت، هەر بۆیە ملدان بۆ دەستوور و یاسا تەنها ڕێگەیە بۆ پاراستنی سەقامگیریی عێراق.. عێراقێکی فیدڕاڵی بڕیار بەدەست و خاوەن سەروەری خۆی.