خه‌بات: لاپه‌ڕه‌ی گەشتوگوزار:- چیای کێلیا شەدا لە پارێزگای دهۆک، زیاتر لە 750 مەتر بەرزە و دەڕوانێتە سەرناوەندی شاری دهۆك لە باشوور و سەر بەنداوی دهۆك لە باكووری رۆژئاوادا، بە یەکێک لە شوێنە گەشتیاری و سروشتییە دیارەکانی ناوچەکە دادەنرێت و ساڵانە گەشتیاران و هاووڵاتیان بۆ چیاوانی و بینینی دیمەنی سەرنجڕاکێشی شارەکە و بەنداوی دهۆک ڕووی تێدەکەن و كاتە خۆشەكانیان بەدیار دیمەنە جوانەكان لەسەر ئەو لوتكە چیایە بەسەر دەبەن، بە دابینكردن چەند خزمەتگوزارییەك، شوێنەكە بایەخی زیاتری پەیدا كردووە و بۆتە ڕوانگەیەكی گەشتیاری سەرنجڕاكێش بەتایبەت لە شەواندا.

پارێزگای دهۆك شوێنەكەی كردۆتە ناوچەیەكی گەشتیاری و چەندین خزمەتگوزاری بۆ دابین کردووە، وەك: (چاککردن و دروستکردنی دوو ڕێگای پیادەڕۆ بۆ سەر لووتکەی چیاکە، ڕێگای یەكەم لە خوار ئاڵای کوردستانەوە بەرەو لوتکە دەچێت و لە شێوەی قادرمە (دەرەجە) كراوەتە پڕۆژە وجێبەجێ کراوە، ڕێگای دووەمیش لە نێوان ئەشکەوتی چوارستوون بۆ سەرێ کێلیا شەدا، لە ئایندە جێبەجێ دەكرێت. هەروەها ستوونی ڕووناکی (كارەبا) لەسەرانسەری ڕێگاکەدا جێگیر کراون بۆ ئەوەی گەشتیاران و وەرزشوانان بتوانن بە شەوانیش بە ئاسانی و بە سەلامەتی سەردانی لوتكەی چیاكە بکەن و دیمەنە جوانەكانی شار و بەنداوی دهۆك ببینن.

دكتۆر بێكەس بریفكانی بەڕێوەبەری شوێنەوار و كەلەپووری دهۆك بە رۆژنامەی خەباتی ڕاگەیاند: كێلیا شەدا شوێنێكی شوێنەوارییە، چونكە گۆڕدەخمە بووە، واتە تەختی دانانی مردووەكان بووە و پەیوەندارە بە ئەشكەوت و پەرستگەی چارستین، كە شوێنكێ گرنگی شوێنەواری سەردەمی زەردەشتییەكانە، تاكو نزیك ئاڵاكە پەیژەی سەركەوتنی بۆ دروستكراوە، بەڵام بەهۆی شوێنەوارەكەی بەشێكی ماوە، لە پڕۆژەدایە لە ئایندە لە ژێر سەرپەرشتی شوێنەوار تەواو بكرێت و بە رێگەی پەرستگەی چارستین ببەسترێتەوە، ئەمەش وادەكان شوێنەكە لە ڕووی گەشتیاری و شوێنەواری بایەخی زیاتری هەبێت.