ئەنوەر مەسیفی
مێژوو تەنیا چیرۆکی جەنگ و هێرش و داگیرکردن نییە، بەڵکوو وانەیەکە بۆ ئەوەی بزانین چۆن نەتەوەکان هەندێ جار لە دەرەوە بە هێزی چەک و سووپا و هەندێ جاریش لە ناوخۆ بە دابەشکردن، دروستکردنی گومان، لاوازکردنی متمانە و شکاندنی یەکڕیزی لاواز کراون.
لە بیرۆکەکانی ڕۆبرت گرین لە کتێبی ٣٣ ستراتیژیی جەنگدا، یەکێک لە وانە سەرەکییەکان ئەوەیە کە دوژمن هەمیشە پێویستی بەهێرشی ڕاستەوخۆ نییە، ئەگەر بتوانێت یەکڕیزیی ناوخۆیی بەرانبەرەکەی تێکبدات، دەتوانێت ئەوەی بە جەنگ نەتوانێت بەدەستی بهێنێت، لە ڕێگەی ناوخۆوە بەدەستی بهێنێت. نموونەی مێژوویی کۆریا لە ساڵی ١٩٠٥ لەو بارەیەدا وانەیەکی گرنگە. ژاپۆن بە گوشاری سیاسی و سەربازی، پەیماننامەی ئیلسای بەسەر کۆریادا سەپاند و دەسەڵاتی پەیوەندییە دەرەکییەکانی کۆریای بەدەستەوە گرت. لە ناوخۆی حکوومەتی کۆریاشدا، هەموو بەرپرسان یەک هەڵوێستیان نەبوو؛ هەندێک دژی پەیمانەکە بوون، بەڵام پێنج وەزیر ڕازی بوون بە واژۆکردنی. دواتر ئەوان بە پێنج خائینەکەی ئیلسا ناسران.
ئەم ڕووداوە وانەیەکی مێژووییە بۆ ئەوەی بزانین کە هێزی دەرەکی، کاتێک دەرفەتی ناوخۆیی بۆ دروست دەبێت، دەتوانێت لە ناوخۆی کۆمەڵگا و دامەزراوەکاندا کاریگەریی خۆی زیاد بکات.
لە مێژووی کوردستانیشدا، دوژمنانی کورد زۆر جار هەوڵیان داوە بە هێزی سەربازی و جەنگ خواستی کوردستان بشکێنن، بەڵام زۆر جار ئەوەیان بۆ نەکراوە. بۆیە لەگەڵ گوشار و هێرشی دەرەکی،ڕێگەی تێکدانی ناوخۆیانیش گرتووەتەبەر: دروستکردنی ناکۆکی، بڵاوکردنەوەی گومان، لاوازکردنی متمانە و دابەشکردنی کۆمەڵگە.
مەترسی تەنیا لەو کەسانە نییە کە بە ئاشکرا لەگەڵ دوژمن کار دەکەن، بەڵکوو دەکرێت کەسانێک، بە ئاگاداری یان بەبێ ئاگاداری، ببنە ئامرازی جێبەجێکردنی ئەجندایەکی دەرەکی. ئەمە دەکرێت لە ڕێگەی پڕوپاگەندە، گەورەکردنی کێشە ناوخۆییەکان و هەڵگیرساندنی ناکۆکییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانەوە بێت.
بەتایبەتی لە سیستەمێکی سیاسی و پەرلەمانی، پێویستە جیاوازییەکی گرنگ بکرێت: هەر ئۆپۆزسیۆنێک دوژمن نییە و هەر ڕەخنەیەک خیانەت نییە. ڕەخنە و چاودێریی دیموکراتیک پێویستن، بەڵام لە هەمان کاتدا، هەر کەسێکی سیاسی و پەرلەمانی دەبێت ئاگادار بێت کە هەڵوێست و کردارەکانی نەبنە ئامرازێک بۆ تێکدانی یەکڕیزیی کۆمەڵگە.
ئەمەش دەمانگەڕێنێتەوە بۆ پرسیارێکی گرنگ: ئایا هەڵوێستەکانمان تەنیا لەسەر بەرژەوەندیی خەڵک و نیشتیمان دامەزراون، یان هەندێ جار بە ئاگاداری یان بەبێ ئاگاداری، خزمەت بە پلانێک دەکەن کە لە دەرەوە داڕێژراوە؟ کوردستان لە ئێستادا تەنیا پێویستی بە هێزی سەربازی نییە؛ پێویستی بە هۆشیاریی سیاسی و کۆمەڵایەتی هەیە. چونکە جەنگی ئەمڕۆ تەنیا جەنگی تانک و فڕۆکە نییە؛ جەنگێکە لە میدانی هۆش، زانیاری، ڕاگەیاندن و کۆمەڵگا. ئەگەر دوژمن بتوانێت کورد وا لێ بکات کە یەکتر بە دوژمن بزانین، متمانەمان بە یەکتر لەدەست بدەین و هەر جیاوازییەکی سیاسی بگۆڕین بۆ دژایەتیی نەتەوەیی، ئەوا بەبێ ئەوەی تەقەیەک بکات، بەشێک لە ئامانجەکانی خۆی بەدەست هێناوە.
لەبەر ئەوە، ئەوەی ئەمڕۆ لە کوردستان هەمانە، بە ئاسانی بەدەست نەهاتووە. ئەم دەستکەوتانە بە ساڵانێک خەبات، قوربانی، خوێن و فرمێسکی دایک و باوک و خێزانە کوردەکان بەدەست هاتوون. پشت هەر قۆناغێکی سەختی مێژووی کوردستان، هەزاران چیرۆکی قوربانی و خەبات هەیە؛ بۆیە نابێت ئەوەی بەخوێن و فرمێسک بەدەست هاتووە، بە ناکۆکی و دابەشبوون لەدەست بچێت. ئەم دەستکەوتانە موڵکی تاکێک یان لایەنێک نییە؛ بەرهەمی خەباتی گشتیی گەلی کوردە. بۆیە پاراستنیان ئەرکی هەموومانە.
جیاوازیی سیاسی دەتوانێت هەبێت، ڕەخنە دەتوانێت هەبێت، تەنانەت ململانێی سیاسییش بەشێکە لە ژیانی دیموکراتیک، بەڵام هەموو ئەمانە نابێت ببنە هۆی شکاندنی بنەما نیشتیمانییەکانمان. دوژمن کاتێک زۆرترین دەرفەتی سەرکەوتنی هەیە کە بتوانێت کورد بەرانبەر کورد دابنێت.
ئەگەر بتوانین لەگەڵ هەموو جیاوازییەکانمان یەکڕیزیی خۆمان لەسەر بەرژەوەندییە سەرەکییەکانی کوردستان بپارێزین، ئەوا زۆرێک لە پیلانەکانی دەرەوە پووچەڵ دەبنەوە. ئەوەی بە خوێن و فرمێسک بەدەست هاتووە، نابێت بە بێ ئاگایی لەدەست بدرێت. کوردستان بە یەکڕیزی دەبێتە هێز و بە دابەشبوون، دەبێتە ئامانجی دوژمن.