سهرهتا وتار هەستی نەتەوایەتی لە دیدی زانایانی ئاینی کوردستاندا
د. عەبدولعەزیز مەنتک
گەلی کورد وەک یەکێک لە گەلە دێریینەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، خاوەنی مێژووییەکی درێژ و کولتوورێکی دەوڵەمەندە.ئەم گەلە لە ماوەی سەدەکانی ڕابردوودا تووشی زۆرینەی ئازار، داگیرکاری و هەوڵی سڕینەوەی ناسنامە بووە، بەڵام بەهۆی هەبوونی هێزە ڕۆشنبیری و زانستییەکانی، توانیویەتی ناسنامە و زمانی خۆی بپارێزێت. لە نێوان ئەو هێزانەدا، مەلا و زانایانی کورد ڕۆڵێکی دیار و کاریگەریان هەبووە لە دروستکردن و پاراستنی هەستی نەتەوایەتیی و کوردایەتیدا. کاتێک باس لە کوردایەتی دەکرێت، مەبەست تەنیا خۆشەویستی خاک و نیشتمان نییە، بەڵکو بریتییە لە پاراستنی زمان، کولتوور، مێژوو، بەها مرۆییەکان و ناسنامەی نەتەوەیی. ئەم هەستەش لە زۆر قۆناغی مێژووییدا لەلایەن زانایان و مەلاکانەوە پارێزراوە و گەشەی پێدراوە.
مەلا و زانایانی کورد هەمیشە پارێزەری ناسنامە بوونە.
لە سەردەمێکدا کە زۆربەی گەلانی ناوچەکە تووشی لەناوبردنی زمان و کولتووری خۆیان بوون، زانایانی کورد بە نووسین، فێرکردن و دانانی کتێب، زمان و کولتووری کوردییان پاراست. قوتابخانە ئایینییەکان و حوجرەکان بوون بە بنکەی زانست و ڕۆشنبیری و زۆرێک لە گەورە زانایان لەو شوێنانەدا پەروەردە بوون. مەلاکان لە مزگەوت و حوجرەکاندا وانەیان بە زمانی کوردی دەوتەوە و ئەدەب، مێژوو و وانەی ڕەوشتیان فێری نەوەکان دەکرد. ئەگەرچی زۆرجار زمانی فەرمی قوتابخانەکان عەرەبی، فارسی یان تورکی بووە، بەڵام زمانی پەیوەندی و گواستنەوەی بیر و هەست لەنێوان خەڵکدا زمانی کوردی بووە.
لە ڕیزبەندی ئەو زانایانەدا، ناوی مەلا ئەحمەدی خانی بە شێوەیەکی بەرچاو دەدرەوشێتەوە. خانی شاعیرێکی ئاسایی نەبوو، بەڵکو بیرمەندێکی نەتەوەیی و ڕۆشنبیرێکی ژیر بوو. لە بەرهەمە ناودارەکەیدا بە ئاشکرا باس لە دۆخی گەلی کورد دەکات و بانگەوازی یەکگرتوویی و بێداربوونەوەی نەتەوەیی دەکات. خانی بە ئازاری دابەشبوونی کوردستان و نەبوونی دەسەڵاتێکی کوردی دەناڵێنێت و پێی وایە گەلی کورد شایستەی سەربەخۆییە. ئەو بیرۆکانەی خانی بوونە بناغەیەکی فکری بۆ زۆرێک لە بزووتنەوە نەتەوەییەکانی دواتر.
حوجرەکان و مزگەوتەکان تەنها شوێنی عبادت نەبوون، بەڵکو ناوەندێکی پەروەردە، هۆشیاری و نیشتمانپەروەری بوون. زۆرێک لە شاعیر، نووسەر و زانایانی ناوداری کورد لەو حوجرانەدا خوێندنیان تەواو کردووە و دواتر بوونەتە خزمەتکاری زمان و نەتەوەکەیان. کوردایەتی تەنیا لە حوجرە و مزگەوتدا نەماوەتەوە، بەڵکو لە ئەدەب، شیعر و هونەریشدا گەشەی کردووە. شاعیرانی کورد وەک مەلای جزیری، نالی، سالم و مەحوی بە بەرهەمەکانیان خزمەتێکی گەورەیان بە زمان و هەستی نەتەوەیی کردووە و ئەدەبیان کردە ئامرازێک بۆ بێدارکردنەوەی هەستی نیشتمانی.
یەکێک لە دیارترین ئەو کەسایەتیانەی کە پەروەردەی حوجرە بووە و میراتێکی گەورەی سیاسیی و نەتەوەیی بەجێهێشتووە، مەرحوم مەلا مستەفای بارزانییە. مێژووی ژیان و خەباتەکەی بووەتە سەرچاوەی هاندانی نیشتمانپەروەری. جێگەی ئاماژەیە کە مەلا مستەفا بارزانی خۆی خوێندنی حوجرە و مەلایەتی تەواو کردبوو، بەڵام لەبەر سەرقاڵی بە کاری شۆڕش و خەبات و لەبەر ڕێزگرتنی باڵا و پێگەی مەلایەتی لەلایەکی ترەوە، مۆڵەتی مەلایەتی وەرنەگرتبوو و فەرمووبووی: « من خۆم بە شایستە نابینم بۆ مەلایەتی و حەز دەکەم خزمەتی ئایین و زانایان بکەم»؛ وەک چۆن لە دیمانەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە ڕۆژنامەی (پەیامی زانایان) لە ساڵی ( ٢٠٠٤)دا کە برای بەرێز و خۆشەویست د. عەبدوڵڵا شێرکاوەیی لەگەڵ مامۆستا مەلا مستەفای دارولسەلام کردویەتی، ئاماژە بەم زانیارییە کراوە.
زۆر کات هەندێک کەس هەوڵیان داوە وا پیشان بدەن کە کوردایەتی و ئیسلام دوو شتی دژ بە یەکن، بەڵام مێژووی کورد ئەوە ڕەتدەکاتەوە. زۆربەی زانایانی کورد هەردوو هەستی کوردایەتی و ئیسلامییان پێکەوە هەڵگرتووە و پێیانوابووە کە پاراستنی زمان و کولتوور دژی ئیسلام نییە، بەڵکو بەشێکە لە پاراستنی میراتی مرۆڤایەتی. خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرموێت: ﴿وَمِنْ آيَاتِهِ اخْتِلَافُ أَلْسِنَتِكُمْ وَأَلْوَانِكُمْ﴾ (واتە: جیاوازی زمان و ڕەنگەکانتان لە نیشانەکانی خوایە). بۆیە پاراستنی زمانی کوردی و ناسنامەی نەتەوەیی دژی ئایین نییە، بەڵکو ڕێزلێگرتنە لەو تایبەتمەندییە خوداییە.
لە کۆتاییدا، دەکرێت بە دڵنیاییەوە بگوترێت کە مەلا و زانایانی کورد یەکێک بوون لە گرنگترین بنیاتنەرانی هەستی کوردایەتی. ئەگەر ئەمڕۆ کورد خاوەنی ئەدەبێکی دەوڵەمەند و ناسنامەیەکی زیندووە، ئەوە بەشێکی گەورەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو زانایانەی کە ژیانی خۆیان بۆ خزمەتکردنی نەتەوە و زمانەکەیان تەرخان کرد.
*بەرپرسی ناوچەی بنەسڵاوەی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان.