سهرهتا وتار سەرکردەی بڕوا و مێژوو؛ لە ڕێزلێنانی پاپاوە تا سایەی ئارامیی نیشتیمان
شێخ ستار عەواڵانی
ڕۆڵی سەرکردەی مەزن لە سنوورە جوگرافییەکان تێپەڕ دەکات و دەبێتە هێمایەکی جیهانی بۆ بەها بەرزەکانی مرۆڤایەتی. بەخشینی “نیشانی باڵای پاپا پایۆسی نۆیەم” لەلایەن پاپای ڤاتیکانەوە بۆ جەنابی سەرۆک مسعود بارزانی، دانپێدانانێکی ڕووحی و نێودەوڵەتیی مێژوویی بوو بە هەیبەت، گەورەیی و ڕۆڵی جەوهەریی سەرکردەیەک کە تەمەنێکی ئاڵتوونیی تەرخان کردووە بۆ پاراستنی شکۆی مرۆڤ و نەتەوەکەی.
گەورەیی ئەم خەڵاتە لەوەدایە کە بەرزترین نیشانی ڕێزلێنانی دەسەڵاتی ڕووحیی ڤاتیکانە. کاتێک نێردەی تایبەتی پاپا و سەری کەنیسەی کلدانی لە جیهاندا ئەم خەڵاتە بەرزە ڕادەستی سەرۆک بارزانی دەکەن، پەیامێکی ڕوون بە جیهان دەگەیەنن: کوردستان لەژێر سایەی سەرکردایەتیی سەرۆک بارزانیدا، دوورگەی ئارامی و پەناگەی بێپەنایانە. ئەم ڕێزلێنانە گوزارشت لە پێزانینی قووڵی جیهانی مەسیحییەت دەکات بۆ پاراستنی بڕواداران، کەنیسەکان و ناسنامەی ئایینیی پێکهاتەکان لە سەختترین ساتەکانی مێژوودا.
ڕۆڵی سەرۆک بارزانی لە مانابەخشین بە چەمکی پێکەوەژیان و مرۆڤدۆستی، ڕەگ و ڕیشەی لە هزرێکی قووڵی نیشتمانپەروەری و ئاشتیخوازیدایە. لەو سەردەمەی ناوچەکە لەژێر شەپۆڵی توندڕەوی و تاریکپەرستیدا دەیناڵاند و هێزە ئایینی و نەتەوەییە جیاوازەکان ڕووبەڕووی سڕینەوە و جینۆساید دەبوونەوە، سەرۆک بارزانی وەک قەڵایەکی پارێزەر وەستا. هەڵوێستی مێژوویی جەنابیان لە داڵدەدانی سەدان هەزار ئاوارەی مەسیحی، ئێزدی و پێکهاتەکانی تر لە دوای پەلامارەکانی داعش، تەنیا ئەرکێکی سیاسیی نەبوو؛ بەڵکو وێنەی پاکی ناخی سەرکردەیەک بوو کە ئازادی و سەلامەتیی مرۆڤ بە بەرزترین بەها دەزانێت.
گەورەیی سەرۆک بارزانی لەوەدا کورتنابێتەوە کە سەرکردەیەکی مەیدانیی سەربەرز بوو لە بەرەکانی جەنگدا، بەڵکو لەوەشدایە کە ئەندازیاری ئاشتی و قبووڵکردنی ئەوانی ترە. ئەرکی پاراستنی پێکهاتەکان لای جەنابیان بنەمایەکی نەگۆڕی ستراتیژییە؛ هەر ئەم ڕوانگە فەلسەفییەی جەنابیان بووەتە هۆی ئەوەی هەرێمی کوردستان بێ جیاوازیی ئایین، مەزهەب و نەتەوە، ببێتە نموونەیەکی درەوشاوەی تەبا و برایەتی لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
لە کۆتاییدا، ئەم ڕێزلێنانەی ڤاتیکان تاجێکی زێڕینە بەسەر خەبات و ماندووبوونی تەواوی خەڵکی کوردستان و بە تایبەتیش پێزانینێکە بۆ کەسایەتیی سەرۆک بارزانی. گەورەیی سەرۆک لەوەدایە کە توانیویەتی ناوی کوردستان بە جیهان ئاشنا بکات وەک پایتەختی ئاشتی. گەورەیی سەرۆک لە دەستکەوتە مێژووییەکانیدا دەبینرێت و ئەم خەڵاتەش بەڵگەیەکە کە جیهان بە ڕێزەوە سەیری هەنگاوەکانی دەکات.
پیرۆزبایی گەرمی لێ دەکەین؛ مرۆڤدۆستی، نیشتمانپەروەری و خۆشەویستیی جەنابیان بۆ خاک و وڵات وای لێکردووین کە بە گیان و ڕوح خۆشەویستی و پابەندبوونمان بۆ هەموو هەنگاوەکانی ڕابگەیەنین و پارێزگارییان لێبکەین.