خەبات: چیادۆست ڕەسووڵ:- ناحیەی هێرۆ دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی قەزای پشدەر و بە نزیکەی ۱۳ کیلۆمەتر لە ناوەندی شاری قەڵادزێوە دوورە، لە باکووری ڕۆژهەڵاتیشییەوە هاوسنوورە لەگەڵ شاری سەردەشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

ئەم شارەدێیە جگە لە جوانی و دڵڕفێنیی سروشتەکەی، هەروەها ناسراوە بە بوونی کۆمەڵێک داری بەرهەمدار و کۆن و مەزن. ئەگەرچی جاران کاری پیشەییی گۆزەگەری، تەندوورسازی و زێڕینگەری وێنەی شارەدێی هێرۆی بە خەڵک ناساندبوو، بەڵام لە ئێستادا گوێز، ترێ و مازووەکانی بوونەتە دڵخوازی کڕیار و فرۆشیارانی بازاڕی بەرهەمی کوردەواری.

بۆ وەرزی هاوینی ئەمساڵیش، دانیشتووانی ڕەسەنی ناحیەکە (واتە ئەوانەی لە شار و شارۆچکەکاندا دەژین)، زۆربەیان گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان و لەگەڵ دانیشتووانی گوندەکەدا خەریکی مازووچنینن.

بەشێکی زۆری دارمازووەکانیان دەکەونە هەوارگە، زەوی و کوێستانەکانی: (بەکاو، دەڵاو، بۆنخۆشە، چۆمە، تاڵواوێ، هۆدێ، مێرگان، شەشبنێ، گۆڕەهلێکێ، کاونکەران، کەڕەهەنجیرێ، شێخ باومەر، تەبەکان، بەردەکەشک، ساوەلان، کانی چنار، کانیەڕەش، دووپەزە، کۆخەڵێس). هەروەها ئەو ناوچانەی کە ئێستا پاسەوانانی سنووری کۆماری ئیسلامیی ئێران پایەگەیان لێ داناوە -کە لە بنچینەدا زەوی و موڵکی باشووری کوردستانن- پڕن لە داری بەرهەمداری مازوو و بەڕوو، وەکو: (خوبیار، جەماڵدین، باژار). بەڵام وەک خەڵکی ناحیەکە گوتیان: «لە ئێستادا ناتوانین مازوو لەو شوێنانە بچنین، چونکە پاسەوانانی سنوور تەقەمان لێ دەکەن، ئەگەرچی کوێستان و زەوی و موڵکی خۆشمانە.

خەبات لە نزیکەوە بەشێک لە هاونیشتمانیانی ناحیەی هێرۆی دواند. هاووڵاتی (دیلمان عومەر قادر) کە یەکێک بوو لە مازووچنەکانی ئەو ناوچەیە، قسەی بۆ خەبات کرد و گوتی: «بەرهەمی مازوو لە کۆنەوە سوودی لێ وەرگیراوە، هەم بۆ کۆمەڵێک خواردەمەنی و هەمیش بۆ چارەسەری هەندێک نەخۆشی. لە کۆندا پاش کوڵاندن، وشککردن و وردکردنی، دواتر تێکەڵ دەکرا لەگەڵ پەنیری تەڕدا؛ زۆرجاریش بۆ تام و بۆن لەگەڵ ژاژی، دۆ و ترخێنەشدا سوودی لێ دەستێنرا.

بەڵام لە ئێستادا ئەم وردەکارییە ماندووبوون و کاتێکی زۆری دەوێت، ناچار جووتیاران و هاوگوندییان کۆی دەکەنەوە و ڕاستەوخۆ لە بازاڕدا دەیفرۆشن.

هەروەها دیلمان عومەر ئەوەشی بە خەبات گوت: «خۆشبەختانە ئەمساڵ بەرهەمی مازوو زۆرە و لە بازاڕیشدا خێرا دەفرۆشرێت؛ وەکو ئاگاداریشم، لەمساڵدا پارەیەکی زۆر باش دەکات.

دواتر لە بەشێکی قسەکانیدا ئاماژەی بە ڕەنگ و جۆرەکانی مازوو دا، لەوانە: مازووی ڕەنگزەرد و سەوز، هەندێک جۆریشیان سپی و خاکی دەنوێنن، بەڵام ئەم جۆرەیان نرخی کەمترە و زیاتر بەوە دەناسرێتەوە کە کۆنن یان تووشی بەکتریای زیانبەخش هاتوون.

لە کۆندا مازوو زۆرجاریش وەکو دەرمان بەکارهاتووە. وەک لە نەنکمەوە بیستوومە: مازووەکە ورد دەکرا و لەگەڵ ڕۆنی ئاژەڵدا تێکەڵ دەکرا و لە شوێنی برین دەدرا، چ برینی مرۆڤ بووایە یان برینی ئاژەڵ. بەڵام لە ئێستادا دەکرێتە نێو پێکهاتەی ساردەمەنی و ئەو بەرهەمانەی لە خۆراکی هەڵگیراودا سوودیان لێ وەردەگیرێت.
سەبارەت بە مەترسییەکان و ئەو ئاستەنگانەی تووشی مازووچنەکان دەبن لە کاتی مازووچنیندا، دیلمان عومەر بە خەباتی گوت: «بێگومان ساڵانی پێشوو زۆرێکمان لەسەر داری مازوو کەوتوونەتە خوارەوە؛ هەندێکیان خۆشبەختانە تەندروستییان بەرەو باشی چوو و لە ئێستادا زۆر ئاسایی و سەلامەتن، بەداخەوە سێ بۆ چوار کەسیشمان تا ئەمڕۆ لەم کارەدا گیانیان لەدەست داوە.

ئەمە جگە لە چەند حاڵەتێکی دەگمەنی وەکو پێوەدانی مار، دووپشک و زەنگەسوورە. بۆیە داواکارم هاووڵاتیان زیاتر ئاگاداری خۆیان بن و ئەو ئامێرە ئاسانکارییانە بەکار بهێنن کە ئاسانتر و باشتر کارەکەمان بۆ ئەنجام دەدەن، هەم بۆ سەلامەتی و خۆپارێزیی خۆشمان سوودی زیاتریان هەیە، وەک: (قەڵانگ، دەستەوانە، سەرپۆش، دارتەکێن).

شایانی باسە بەرهەمی دارمازوو ساڵانە تەنیا لە دەڤەری پشدەردا زیاتر لە بیست تەنە. ئەوەی جێگەی خۆشحاڵییە، بە بڕوای زۆرێک لە هاووڵاتیانی ناحیەی هێرۆ و تەواوی گوندەکانی ناوچەی پشدەر، لە وەرزی ئەمساڵدا بەرهەمەکە ڕووی لە زیادبوون کردووە. بەڵام وەکو خۆیان گوتیان: پێویستە ئیدارەی ناوچەکە هاوکار بن لە پاراستن و پەرەپێدانی ئەو بەرهەمەدا و ڕێگری بکەن لە بڕینەوەی دارەکان؛ لە ڕێگەی گومرگ و مەرزەکانیشەوە ڕێگە نەدرێت بەرهەمی دەرەوە هاوردە بکرێت. چونکە ئەگەر لەمساڵدا مازوو هاوردەی هەرێم بکرێت، ئەوا بێگومان ئێمەش تاقەتی ئەو کارەمان نامێنێت و کەسیش ئامادە نییە بە نرخێکی کەم ئەو ماندووبوونە بەفیڕۆ بدات لە پێناو بڕە پارەیەکی کەمدا.