خەبات: پەری محەمەد:- کیفاح شنگالی، ڕاوێژکاری سەرۆک بارزانی، باس لە ڕۆڵی کاریگەری هەرێم و حیکمەتی سەرکردایەتیی سیاسیی سەرۆک بارزانی دەکات لە چارەسەرکردنی ئاڵۆزییەکانی سووريا.

ڕاوێژکاری سەرۆک بارزانی، کیفاح شنگالی، تایبەت بە (خەبات)ی ڕاگەیاند: سەرەڕای ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و ململانێکانی نێوان ئەمەریکا، ئێران، بەغدا و هەولێر، ڕێککەوتنی ئەم دواییەی سووريا دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد هەنگاوێکی باش و گرنگە. هەرچەندە لە ئاستی تەواوی داواکاری و ئامانجەکانی کورددا نییە، بەڵام لە ئێستادا و لەم قۆناغەی ئاساییکردنەوەی دۆخەکەدا، ئەمە باشترین بڕیارە.

هەروەها شنگالی جەختی لەسەر ڕۆڵی سەرەکی و کاریگەریی هەرێمی کوردستان کردەوە لە لێکنزیکردنەوەی لایەنەکان، بەتایبەت لە کێشەکانی نێوان ئەلشەرع و مەزڵووم عەبدی. ئاماژەی بەوەش دا کە دیدگا و حیکمەتی سەرۆک بارزانی لەسەر ئەو بنەمایەیە کە کاتژمێرێک دانوستان لە ساڵێک جەنگ باشترە کە ئەم دەستپێشخەرییە بۆ گفتوگۆ بووەتە نەخشەڕێگەی دەربازبوون لە قەیرانەکان و بەدەستهێنانی پشتیوانیی نێودەوڵەتی، وڵاتانی عەرەبی و ناوچەکە. وڵاتانی کەنداو، سعوودیە، ئیمارات، ئوردن و هێزە ئیقلیمییەکان دانیان بەم سیاسەتە حەکیمانەیەی هەرێمی کوردستان و جەنابی سەرۆک بارزانیدا ناوە بۆ پاراستنی سەقامگیری و چارەسەری ئاشتییانە.

هەروەها ئەو ڕاوێژکارە گوتیشی: ئەم رێککەوتنەی ئیستا کراوە لە سووريا لەگەڵ بارودۆخی هەستیاری ناوچەکە و داهاتووی مافەکانی کورددا گونجاوە. ئەگەر بێت و لە چەند ساڵی تری داهاتوودا، هەڵبژاردنێکی ڕێکوپێک و دروست بەڕێوە بچێت، بێگومان پێگە و ڕێژەی دەنگی کورد لە سووريا بەهێزتر دەکات، و ڕەنگە بەم ڕێگەیە کوردانی ڕۆژئاوا باشتر بگەن بە مافە ڕەواکانی خۆیان بۆ ئەوەی کورد بە ئازادی بژیت.

کیفاح شنگالی باسی سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیشی بۆ سووريا کرد لە مانگی ڕابردوودا و گوتی: چوونی بەڕێزیان بۆ سووريا و ڕۆژئاوا، ورە و توانایەکی نوێی بەخشییەوە بە کوردانی ڕۆژئاوا بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی و بەدەستهێنانی مافەکانیان.