سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، بۆ ڕێگریکردن لە زیادەڕۆیی و بەتاڵانبردنی زەوییە خزمەتگوزارییەکان لە گەڕەکی جنگلاوە و گوندی علیاوە، نووسراوی فەرمییان ئاراستەی سەرۆکوەزیران و دەستە پەیوەندیدارەکان کردووە و ڕێگری لە پڕۆژە نایاسایییەکان دەکەن.
د. شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند: لە پێناو ڕاگرتنی زیادەڕۆیی و داگیرکردنی ئەو زەوییانەی بۆ خزمەتگوزاری تەرخان کراون، لە دوای گەیشتنی سکاڵای هاووڵاتییانی گەڕەکی (جنگلاوە) بەوەی پارچەزەوییەکی خزمەتگوزاری دراوە بە وەبەرهێنان، نووسراوێکی فەرمییان ئاراستەی سەرۆکوەزیران، دەستەی دەستپاکی و دەستەی وەبەرهێنانی نیشتمانی کردووە بۆ ئەوەی ڕێگری لەو پڕۆژەیە بکەن، دواتریش نووسینگەی سەرۆکوەزیران نووسراوەکەی ئاراستەی ئەمینداری گشتی کردووە و ئەوانیش ئاراستەی پارێزگای کەرکووکیان کردووە بە مەبەستی ڕاگرتنی.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی جەختی کردەوە، بەرامبەر بەردەوامیی ئەو پڕۆژەیە و هەر پڕۆژەیەکی تر لەسەر زەویی ماددەی (140) هەموو ڕێکارێک دەگرنەبەر، هاوکات لەسەر کێشەی گوندی “علیاوە”ش نووسراوی فەرمییان ئاراستەی هەمان لایەنەکان کردووە و لەسەر نووسراوەکەیان دەستەی وەبەرهێنانی نیشتمانی، دەستەی وەبەرهێنانی کەرکووکی بۆ ڕاگرتنی بابەتەکە ئاگادار کردووەتەوە.
ئاماژە بەوەش دراوە، پێشتریش لێژنەی ماددەی (140) لەسەر نووسراوی ئەوان داوای کردووە تەواوی ئەو پڕۆژانەی دەکەونە سەر زەویی ماددەی 140 ڕابگیرێن، د. شاخەوان عەبدوڵڵا دڵنیاییشی دایە هاووڵاتییان کە هەر داواکارییەکیان بگاتە دەستیان وەک فراکسیۆنی پارتی بەدواداچوونی بۆ دەکەن و هەمیشە لەگەڵ داواکارییە ڕەواکانیاندا دەبن.
شایەنی باسە، ماوەیەکە لە شاری کەرکووک بە ناوی وەبەرهێنانەوە شەپۆلێکی نوێی تەعریب جێبەجێ دەکرێت، بە جۆرێک زەوی، موڵک و ماڵی هاووڵاتییانی کورد بە ناوی زیادەڕۆیی دەڕووخێنرێن و دەدرێنە وەبەرهێنەرانی سەر بە نەتەوەیەکی دیکە.