خەبات – تریفە ئازاد
شاری هەولێر خاوەنی کەلەپوورێکی دەوڵەمەند و مێژوویەکی دێرینە لە یادکردنەوەی مەولودی پێغەمبەر (د.خ)، بە شێوازێک کە سنووری ڕێوڕەسمێکی ئایینی تێپەڕاندووە و بووەتە بەشێک لە ناسنامەی کلتووری، کۆمەڵایەتی و گەشتوگوزاریی شارەکە. لەم ڕۆژەدا هەولێر دەبێتە مەڵبەندی ئاهەنگگێڕانێک کە تێیدا ئیمانداری و شانازی بە کەلەپووری ڕەسەنی کوردی تێکەڵ بە یەکتر دەبن.
ڕەگ و ڕیشەی مێژوویی؛ نەریتێکی هەشت سەدەیی
دیاریکردنی ڕێوڕەسمی مەولود وەک بۆنەیەكی ئایینی گەورەی جەماوەری و فەرمی لە هەولێر، دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی فەرمانڕەوایی سوڵتان مزەفەرەدین گۆکبەری، كە سوڵتان مزەفەر لە قەڵا و دەشتاییەکانی دەوروبەری، ساڵانە ئاهەنگێکی شکۆداری بە بەشداری زانایانی ئایینی و شێخانی تەریقەت، شاعیران، ئەدیبان و خەڵکی ناوچە جیاوازەکان ڕێکدەخست. ئەم نەریتە، كە سەدان ساڵە بەردەوامیی هەیە و هەولێری کردووە بە یەکێک لە ناوەندە سەرەکی و مێژووییەکانی یادکردنەوەی مەولود لە جیهانی ئیسلامیدا، بە جۆرێک کە تا ئێستاش ڕێوڕەسمەکە هەمان گیانی جۆش و خڕۆشی مێژوویی پاراستووە.
دەف و بەیت؛ ڕەهەندە
ئەدەبی و هونەرییەکان
لە هەولێر، مەولود خوێندنەوە تەنیا خوێندنەوەی چەند دەقێكی ئایینی نییە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی هونەر و ئەدەبی ڕەسەنی ناوچەکەشە. کۆڕی مەولود خوێندنەوە و لێدانی دەف لە بەشێکی زۆری تەكیە، خانەقا، مزگەوت و سەنتەرە کلتوورییەکان و ماڵەکاندا، دەنگی دەف و ئاوازی تەسەوف دەبیسترێت. خوێندنەوەی مەولودنامەی قازی ڕەشاد موفتی و شاعیرانی تر بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی، كەشێكی ڕۆحانی تایبەت بە ئیمانداران و بە تایبەتیش بە دەروێش و سۆفییەكان دەبەخشێت، كە بە توندی داكۆكی لەم ڕێوڕەسمە ئایینییە دەكەن و هەموو ساڵێكیش دووبارەی دەكەنەوە.
دیارترین دیمەنی ئەم یادە لە دەوروبەری قەڵای هەولێر و بازاڕی قەیسەریدا دەبینرێت، خەڵکێکی زۆر لە هەموو تەمەن و توێژەکان لەم شوێنە کۆدەبنەوە. بە دەفژەنین، خوێندنەوەی قەسیدەی مەولودنامە و ناردنی سەڵاوات بۆ سەر گیانی پێغەمبەر، کەشێکی پڕ لە ئارامی، خۆشەویستی و تەبایی لە نێوان دانیشتووانی شارەکەدا دروست دەکەن. ئەم ڕۆژە لە هەولێردا تەنیا یادێکی ئایینی نییە، بەڵکو سیمبولی لێبووردەیی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتییە.
جلوبەرگی ڕەسەنی کوردی، یەکێک لە دیمەنە بەرچاوەکانی ئەم ڕۆژەیە، پۆشینی جلی ڕەسەنی کوردی لەلایەن پیاوان، ژنان و منداڵانەوە. شارەکە دەبێتە پێشانگەیەکی زیندووی ڕەنگاڵەیی کلتووری کوردی و سیمایەكی دیاری ئەم ڕێوڕەسمە ئایینییەیە، كە مۆركێكی نەتەوەیی بە ڕێوڕەسمەكە بەخشیووە.
ڕازاندنەوەی شار
هاوكات پارێزگای هەولێر لەم بۆنەیەدا هەڵدەستێت بە ڕازاندنەوەی شەقام و كۆڵانەكانی ناوشار و بازاڕی قەیسەری، دەوروبەری قەڵای هەولێر و پارکی شار بە ئاڵا، گڵۆپی ڕەنگاوڕەنگ و دروشمی بەخێرهاتنی ئامادەبووانی ڕێوڕەسمەكە، كە ئەوەیش وایكردووە ژمارەیەكی زۆری گەشتیاران و ڕۆژنامەنووس و كەناڵە میدیاییە ناوخۆیی و بیانییەكان ڕوو لە شوێنێ ئاهەنگ و ڕێوڕەسمەكە بكەن و ڕووماڵی بكەن و بیگوازنەوە.
نوێكردنەوەی گیانی بەخشندەیی و ئاشتیی کۆمەڵایەتی
بەخشین و دابەشكردنی خواردن و شیرینی و میوانداری بڕبڕەی پشتی ئاهەنگەکەیە لە هەولێر، کە تێیدا دابونەریتی بەخشندەیی ناوچەکە دەردەکەوێت. شیرینییە کەلەپوورییەکان زیاتر بریتین لە دابەشکردنی نوقڵ و پاقلاوە و، خواردنەوە گازییەكان، كە زۆرتریش لە بازاڕ و بەردەم مزگەوتەکان دادەنرێت و ڕێبواران دەتوانن بیخۆن.
سەردانیکردن و ئاشتەوایی
بەشێكی بەرچاوی ئەم ڕێوڕەسمانە بریتییە لە سەردانیکردنی دراوسێ و خزمەکان، دەستپێشخەری بۆ ئاشتکردنەوەی کەسانی تۆراو و بەهێزکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان. لەپاڵ ئەوەیشدا بەرپرسانی شاری هەولێر دەچنە ناو خەڵك و پیرۆزبایی ڕۆژی لە دایكبوونی پێغەمبەری خوا (د.خ) لە ئامادەبووانی ڕێوڕەسمەكە دەكەن.
ڕەهەندی گەشتوگوزاری
لەم ڕۆژەدا ناوەندی شار و دەوروبەری قەڵای هەولێر دەبێتە شوێنی گردبوونەوەی دەیان هەزار هاووڵاتی لە هەولێر و پارێزگاکانی تری هەرێمی کوردستان و عێراق. خێزانەکان تا درەنگانی شەو لە شوێنە گشتییەکان دەمێننەوە، کە تێیدا سنووری نێوان پابەندبوونی ئایینی و شانازیی کلتووری دەپارێزرێت و هەردوو ڕەهەندەکە لە قالبێکی هاوبەشدا ناسنامەی شارەکە دەنوێنن. ژمارەیەكی بەرچاوی گەشتیارانیش ڕوو لەو شوێنە گشتییانە دەكەن و بەشداریی لەم بۆنەیە دەكەن.