شەڕانگێزیی ئاشكرا و راستەوخۆ

158

محەمەد زەنگەنە
رووداوی دەستدرێژی كردنە سەر هەردوو نووسینگەی تایبەتی بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستنی ئاسایش، جگە لەوەی بەزاندنێكی دیاری سنووری هەرێمی كوردستان و دەوڵەتی عێڕاقە، هاوكات راگەیاندنێكی ئاشكرای دوژمنداری و شەڕانگێزییە لەدژی هەرێمی كوردستان و هێما نەتەوەیی و نیشتیمانی و دەزگا هەستیارەكانی هەرێم و هەوڵێكی نەزۆكە بۆ راكێشانی حكوومەت و قەوارەی هەرێم بۆ شەڕێكی قووڵ و قەیرانێكی ترسناك، كە هیچ كەس و لایەنێك سوودی لێ وەرناگرێت و لە وێرانی زیاتر، هیچی لێ شین نابێت.
لایەنی بەرامبەر نەك جارێك، بەڵكوو سەد جاری دیكەش بەرپرسیارێتیی خۆی لەو كردەوەیە رەت بكاتەوە،بەڵگەكان راستیی رەفتارەكە زۆر بەرونی نیشان دەدەن و هیچ گومانێكیش لەبارەی بەرپرسیارێتیی ئەو تاوانە ناهێڵنەوە.
پرسیاری هەرە گرنگ لێرەدا ئەوەیە: بە رەتكردنەوەی بەرپرسیارێتیان لە ئەنجامدانی ئەم رووداوە، لە خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتیان لە رووداوی هێرش كردنە سەر شوێنی حەوانەوەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە هێرش كردنە سەر یەكێك لەبارەگاكانی پێشمەرگە و شەهیدكردنی چەند پێشمەرگەیەك، ئەمە جگە لە هێرش كردنە سەر ماڵی پێشمەرگەیەك و شەهیدبوونی خۆی و هاوژینەكەی، كێ هەڵدەخەڵەتێنن و كێش بڕوایان پێ دەكات؟ لەوەش زیاتر دەیانەوێ كێی دیكە بە قسە و لێدوانەكانیان بخاپێنن؟
ئەگەر وەڵامەكە، لەچوارچێوەی سوڕبوونیانە لەسەر نەبوونی بەرپرسیارێتی لەبارەی ئەو دەستدرێژییانەی كە چەندین جار بەبێ هیچ هۆكار و بیانووێك دووبارە بووەوە، ئەوە بێگومان هەرێمی كوردستان بەو بەڵگانەی كە هەیەتی ئامادەیە هەرچیی لەبەردەستە، بیخاتە بەردەم هەر لیژنە یان دادگایەكی بێ لایەنی نێودەوڵەتی بۆ سەلماندنی راستیی بابەتەكە و بەهەر ئەنجامێكی رازی دەبێت.
بەڵام ئەگەر دۆخەكە بەو ئاراستەیە بێت كە هەرێمی كوردستان ببێتە بەشێك لەو شەڕە، ئەوە بێگومان بەهیچ شێوەیەك نایەتەدی، بەڵكو بە پێچەوانەوە، ئەمڕۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان وەكو نێوەندگێڕێكی سەركەوتووی خاوەن ئەزموونێكی نموونەیی سیاسی و ئەمنی و سەربازی و دیپلۆماسییەوە، بۆ نزیككردنەوەی بۆچوونی لایەنە ناكۆكەكان پشتی پێ دەبەسترێت و وەكو یەكەمین بژاردە بۆ ئەو پرسە نێودەوڵەتییە سنووربڕە لێی دەڕوانرێت.
لە هەموو ئەنجام و دۆخێكیش دا، گرەوی بوونی هەرێمی كوردستان بە بەرەیەك بۆ لایەنێك لەدژی لایەنەكەی دیكە، یان بەشداری لەو هاوكێشەیە بكات و ببێتە خاڵی یەكلاییكردنەوەی سەنگی یەكێك لە بەرەكانی شەڕ، هەمیشە گرەوێكی دۆڕاو و بێ ئەنجامە و هەموو هەوڵەكان بۆ ئەم پرسە شكستیان هێنا و هیچی لێ نەكەوتەوە، بۆیە ناكرێ ئەو شەڕانگێزی و دوژمندارییە لەوە زیاتر بەردەوام بێت و ناشكرێ ئەو خاڵە گرنگە لەیاد بكرێت كە هەر مووشەك یان دڕۆنێك ئاراستەی هەرێمی كوردستان بكرێت، و بەغداش لێی بێ دەنگ بێت، دەرفەتی بەنێودەوڵەتیكردنی گەڕان بەدوای چارەسەری زیاتر دەكات.