١٦ی ئاب و رێبازێکی بەردەوام و هێمایەکی درەوشاوەی خۆڕاگری

153

ئیسماعیل ئیبراهیم ( ئەمەریکا)
لە مێژووی گەلاندا هەندێک بەروار هەن ڕێکەوت نین، بەڵکو نەخشەی چارەنووسن. ١٦ی ئابی ١٩٤٦ تەنیا ڕۆژێک نییە لە ڕۆژژمێردا، بەڵکو خاڵی بەیەکگەیشتنی سێ ڕەهەندی مەزنە لە یەک ساتەوەختدا: بارزانی نەمر، لە لووتکەی خەباتی نەتەوەییدا بڕیاری دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستانی دا و لە هەمان ئان و سات و لە هەمان ڕۆژدا، ئەستێرەیەکی درەوشاوەی دیاری مێژوو هاتە ئاراوە بە ناوی مسعود بارزانی. ئەمە تەنیا هاوکاتبوونێکی ئاسایی نییە، بەڵکو وەک ئەوە وایە مێژوو لە یەک جەستەدا هەم ڕابەرێکی حەکیم و سەنگین، هەم قەڵایەکی سیاسیی کۆکەرەوەی جەماوەر و هەم ئەمانەتدارێکی متمانەپێکراوی ئایندەیی بۆ ئەو سەنگەرە گۆش کردبێت.
ئەمڕۆ کە تەمەنی سەرۆک مسعود بارزانی دەگاتە ٨٠ ساڵی ڕێک، جیهان شایەتحاڵی هاوکێشەیەکی ناوازە و بێوێنەیە، ٨٠ ساڵ تەمەنی ڕابەرێک کە بە تەواوی ئاوێزان بووە لەگەڵ ٨٠ ساڵ تەمەنی پارتەکەی. ئەمە تەنیا تێپەڕبوونی تەمەنی مرۆڤێک نییە، بەڵکو هاوتەمەنی ڕابەرێکە لەگەڵ ئازار، هیوا، شکست و سەرکەوتنەکانی گەلەکەیدا. سەرۆک بارزانی لە هەمان ئەو ڕۆژەی پارتەکەی چاوی بە ئاسۆی ڕزگاری هەڵێنا لەدایکبوو، لەناو سەنگەرەکانیدا گۆش کرا و دواتریش بووە قەڵغانی پاراستنی ئەو ڕێبازەی کە بارزانی نەمر ڕابەرایەتی دەکرد. کاتێک لەم سێگۆشە پیرۆزەی ١٦ی ئاب دەڕوانین( باوکێکی ڕۆحی و ڕابەر، حیزبێکی نەتەوەیی و هەڵگرێکی ئاڵای خەبات کە تەمەنی ئاوێزانی تەمەنی شۆڕشەکە بووە) تێدەگەین کە ئیرادەی ئەم نەتەوەیە بە وێنەی وەکو داربەڕووی کوردستانە، چونکە ڕەگ و ڕیشەی مێژوویی لەسەر دەستی بارزانی نەمر شادەماری جێگیربوونی چەسپێندرا، جەستەکەی پارتییە و سێبەرە بەردەوامەکەشی ئەو سەرکردایەتییە دڵسۆز و بڕوابەخشەیە کە هەشت دەیەیە بێوچان پارێزگاری لە کەرامەت و ناسنامەی خەڵکی کوردستان دەکات.