سادق سیرینی
یادی لەدایکبونی پێغەمبەر د.خ تەنیا هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی کاتیی مێژوویی، یان گێڕانەوەی ڕووداوێکی تێپەڕبووی زەمەن نییە؛ بەڵکو هەڵگۆزین و بەئاگاهێنانەوەی مانای “محەمەد”ە لەناو بازنەی ژیانی ئەمڕۆماندا. مەولوودی نەبەوی، تەنیا یادکردنەوەی مرۆڤێک نییە کە ئاراستەی مێژووی گۆڕی، بەڵکو دەرفەتێکە بۆ گەڕانەوە بۆ ئەو پەیامەی کە ئاوێزانی بوو، بۆ دووبارە دۆزینەوەی ئەو مرۆڤەی کە وەحیی ئاسمانی ویستی لەسەر ئەخلاق و ڕێبازی ئەو زاتە پەروەردەی بکات.
هەرکاتێک یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری خودا( د.خ) نزیک دەبێتەوە، پرسیارێک سەرلەنوێ سەرهەڵدەدات و دەگەڕێتەوە ناو بازنەی گفتوگۆ: ئایا ئاهەنگگێڕان لەم یادە چی دەگەیەنێت؟ ئایا مەولوود بکەین یان نا؟ بەڵام پرسیارە قووڵ و بنەڕەتییەکە ئەوە نییە کە “ئایا ئاهەنگ بگێڕین یان نا؟” یان “مەولوود بکەین یان نا؟”؛ بەڵکو ئەوەیە: کاتێک بیر لە لەدایکبوونی محەمەد دەکەینەوە، چی دەبێت لە ناخماندا بگۆڕێت؟
جیاوازییەکی قووڵ و ڕیشەیی هەیە لەنێوان ئەوەی مەولوود وەک تەنیا ژمارەیەک لە ڕۆژژمێر ببینین، یان وەک ڕووداوێکی مەزن لە مێژووی مرۆڤایەتیدا لێی بڕوانین؛ لەنێوان ئەوەی وەک بۆنەیەک تەماشا بکەین کە لەگەڵ کۆتایی ئاهەنگ و کوژانەوەی چرای کۆڕەکان کۆتایی دێت و تەواو دەبێت، یان وەک دەرفەتێک بۆ زیندووکردنەوەی پەیامێک ببینین کە تا ئەمڕۆش توانای دروستکردن، پەروەردەکردن و بونیاتنانی مرۆڤی ڕاست و ڕاستەقینەی هەیە.
محەمەد هاتە جیهانێکەوە کە “یاسای دارستان” پێوەر و باڵادەست بوو؛ عەسەبییەت و دەمارگیریی هۆزایەتی کۆتوبەندی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بوو؛ لاوازەکان نێچیری زۆرداران بوون و بەهای مرۆڤ بە نەژاد، سامان و پێگەکەی دەپێورا. لەم جیهانەدا، سرووش( وەحی) دابەزی تا مرۆڤ لەناووە بونیادبنرێتەوە، ناخی پەروەردە بکرێت و کۆمەڵگەش سەرلەنوێ لەسەر بنەمای بەها، داد و ڕەحمەت دابڕێژرێتەوە.
لێرەوە، قسەکردن لەسەر هاتنەدونیای محەمەد، تەنیا قسەکردن لەسەر مەزنییەتی ئەو زاتە نییە؛ بەڵکو قسەکردنە لەسەر لەدایکبوونی پەیامێک کە پلەبەندی بەهاکانی گۆڕی؛ شکۆی بۆ مرۆڤ گەڕاندەوە، شوێنی شایستەی بۆ ڕەحمەت، سۆز و بەزەیی دیاری کرد و مانای ڕاستەقینەی بە دادپەروەری بەخشی.
مەولوود؛ لە یادەوەرییەوە بۆ مانا، لە ماناوە بۆ ژیان
ئاساییە موسڵمانان لەسەر حوکمی فیقهیی و شێوازەکانی ئاهەنگگێڕانی مەولوود ڕای جیاوازییان هەبێت؛ بەڵام نابێت ئەم جیاوازییە ببێتە هۆی دووبەرەکی و لێکترازانی دڵەکان. جیاوازی لە شێواز و هەڵوێستدا نابێت ببێتە ڕێگر لەبەردەم ئەو بنەما سەرەکییەی کە هەموومان لەسەری کۆکین: خۆشەویستیی پێغەمبەری خودا، ڕێزلێنانی، بەرزڕاگرتنی ڕێبازەکەی، ناسینی سیرەت و ژیاننامەکەی، دروود و سەلام ناردن بۆ گیانی و شوێنکەوتنی ڕەوشت و ڕێبازەکەی.
ڕێزلێنان و ناسینی ڕاستەقینەی محەمەد لەوەدا کۆتایی نایەت کە سروود و مەدیحەکان بخوێنین؛ بەڵکو ئەوکاتە دەست پێدەکات کە مرۆڤ لە کۆڕ و مەجلیسەکانەوە دەگەڕێتەوە و لەگەڵ دایک و باوکی میهرەبانتر، لە مامەڵەدا ڕاستگۆتر، لەگەڵ نەیاردا دادپەروەرتر، لەگەڵ لاوازدا نەرمتر و لە لوتبەرزی دوورتر دەبێت. ئەو کاتەیە مەولوود لە بۆنەیەکەوە دەگۆڕێت بۆ بەرنامەی ژیان؛ لە یادەوەرییەکەوە دەبێتە شوێنەوار و لە ئاهەنگەوە دەگۆڕێت بۆ مانا و کردار.
محەمەد و قورئان؛ کاتێک پەیام لە مرۆڤدا بەرجەستە دەبێت
یەکێک لە قووڵترین تێڕامانەکان لە ژیانی پێغەمبەر ئەوەیە کە قورئانی پیرۆز ئەوی تەنیا وەک گەیەنەری پەیام پێشکەش نەکرد؛ بەڵکو کردی بە نموونەیەکی زیندوو بۆ بەرجەستەکردنی ڕێنماییەکانی قورئان لە ژیان و ڕەفتاردا. کاتێک لە دایکی بڕواداران، عائیشە – ڕەزای خودای لێ بێت – لەسەر ئەخلاقی پێغەمبەر پرسیاری لێکرا، فەرمووی: “ئەخلاقی ئەو، قورئان بوو”. ئەم دەستەواژەیە لە چەند وشەیەکدا پڕۆژەیەکی تەواوی مرۆیی و شارستانی کورت دەکاتەوە: قورئان کتێبێکە دەخوێندرێتەوە، محەمەد نموونەیەکی دەبیندرێت؛ قورئان ڕێنیشاندەر و ڕێنمایی دەکات، محەمەد لە واقیعدا بەرجەستەی دەکات.
لەبەر ئەوە، خۆشەویستیی قورئان تەواو نابێت ئەگەر ڕۆح و ئەخلاقی قورئان لە ڕەفتارماندا نەبینرێت؛ هەروەها زۆریی دروود و سەلام ناردن بۆ پێغەمبەر دەبێت لە مامەڵە و ژیانی ڕۆژانەماندا ڕەنگ بداتەوە.
کێ محەمەدی خۆشبوێت، شوێنەوارەکانیشی خۆشدەوێت
خۆشەویستیی پێغەمبەر هەستێکی تەنیا و دابڕاو نییە؛ بەڵکو بازنەیەکە دەست پێدەکات و بەردەوام فراوانتر دەبێت. ئەوەی محەمەدی خۆشبوێت، دڵی بە مەککەوە دەبەسترێتەوە؛ چونکە شوێنی لەدایکبوونییەتی. مەدینەی خۆشدەوێت؛ چونکە شوێنی کۆچ و ئارامگەی جەستەی پیرۆزییەتی. قورئانی خۆشدەوێت؛ چونکە وەحیی ئاسمانیی ئەوە. سوننەتی خۆشدەوێت؛ چونکە نەخشەی ژیانییەتی. زمانی عەرەبیی خۆشدەوێت؛ چونکە زمانی پەیامەکەیەتی. هاوەڵان و ئەهلوبەیتی خۆشدەوێت؛ چونکە لەگەڵی بوون، پشتگیرییان کرد و ڕێگەکەیان پاراست. لەوێوە خۆشەویستیی پێغەمبەر تەنیا هەست و سۆز نییە؛ بەڵکو پردێکە مرۆڤ بە وەحی، سیرەت، مێژوو، شوێن، زمان و بەها ئەخلاقییەکانی پەیامەکەوە دەبەستێتەوە.
لەنێوان شادی و شوێنکەوتندا
مافی بڕوادارە بە فەزڵ و ڕەحمەتی خودا دڵخۆش بێت؛ هەروەک لە قورئانی پیرۆزدا هاتووە:( قُل بفضلِ اللَّهِ وبرحمتِهِ فبذلكَ فليَفرحوا). بەڵام شادیی ڕاستەقینە تەنیا هاتوهاوار، هەراوزەنا و دەرکەوتنێکی ڕووکەشانەی بێ ناوەڕۆک نییە؛ بەڵکو خۆشیی پڕمانا ئەوەیە کە مرۆڤ لەو شادییەوە هەنگاوێک بەرەو “شوێنکەوتن” هەڵبگرێت. ڕاستگۆترین کەس لە خۆشەویستیدا، ئەوەیە کە لە ئەخلاق و ڕەفتاردا هەوڵبدات لەو زاتە بچێت.
لەبەر ئەوە، نابێت یادی لەدایکبوونی ئەو زاتە بکرێتە گۆڕەپانی ناکۆکی و ململانێی نێوان موسڵمانان. ئەوەی پێی وایە ئاهەنگگێڕان بۆ مەولوود دروستە، با لە چوارچێوەی شەرع و ئادابدا بیکات؛ ئەوەش کە پێی وایە پێویست نییە یان لە ڕووی فیقهییەوە جائیز نییە، با لێی بگەڕێت، بەبێ ئەوەی بەرامبەرەکەی بریندار، تۆمەتبار یان سووکایەتی پێ بکات. چونکە ئەوەی کۆمان دەکاتەوە، زۆر زیاتر و گەورەترە لەوەی جودامان دەکاتەوە: پێغەمبەرێک، قورئانێک، قیبلەیەک و ئامانجێکی هاوبەش. کەواتە بۆچی مەولوود نەکەین بە پرد لەوەی بیکەین بە دیوار؟ پردێک بۆ نزیککردنەوەی دڵەکان، نەک دیوارێک بۆ فیتنە و ئافاتی زمان.
لەسەردەمی بێڕێزیکردن بە پێغەمبەری خودا
ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین کە هەندێک لە هێما و پیرۆزییە ئایینییەکان ڕووبەڕووی بێڕێزی، گاڵتە و پەلاماری جۆراوجۆر دەبنەوە. لەبەر ئەوە، نابێت وەڵاممان تەنیا تووڕەییەکی کاتی بێت. بەهێزترین بەرگری لە نێردراوی خودا ئەوە نییە بە هاتوهاوار و دەنگی بەرز ناوی بەرز ڕابگرین؛ بەڵکو ئەوەیە ئەخلاقەکەی لە خۆماندا بەدی بکەین، پەرەی پێ بدەین و بە کردار نیشانی جیهانی بدەین.
با جیهان ببینێت کە بڕوادار لە بازرگانیدا دەستپاکە، لە ماڵیدا میهرەبانە، لەگەڵ نەیاردا دادپەروەرە، لەگەڵ لاوازدا بەبەزەییە، لە بەڵێنیدا وەفادارە و لە دەسەڵاتیشدا خۆپارێز و لەخۆبردووە. ئەوکات محەمەد تەنیا ناوێک نابێت کە بە وشە بەرگری لێ بکەین؛ بەڵکو دەبێتە بەهایەکی زیندووی مرۆیی کە خەڵک لە ڕەفتار و مامەڵەی ڕۆژانەماندا دەیبینن.
مەولوودێک کە ئەمڕۆ پێویستمانە
ئێمە ئەمڕۆ پێویستمان بە جەنگ، ناکۆکی و ململانێ نییە لەسەر مەولوود؛ بەڵکو پێویستمان بە لەدایکبوونەوەیەکی نوێی ئەخلاق هەیە. پێویستمان بەوە هەیە ڕاستگۆیی، دادپەروەری، بەزەیی و لێبوردەیی لە تاکی بڕوادار و لە کۆمەڵگەی موسڵماندا سەرهەڵبدەن؛ بەهاگەلێک کە شایستەی ڕێبازی ئەو زاتە بن.
ئەو ئوممەتەی یادی محەمەد دەکاتەوە، پاشان یەکتری تاوانبار دەکەن و دڵی یەکتر دەشکێنن، پێویستییان بە پێداچوونەوەیەکی قووڵ هەیە لە گوفتار و ڕەفتاریان و بە خوێندنەوەیەکی نوێی “سیرەت” هەیە؛ خوێندنەوەیەک کە تەنیا زانیاری زیاد نەکات، بەڵکو گۆڕانکاری دروست بکات.
ئەمڕۆ، مزگەوت و ماڵەکان دەڕازێنەوە، دەنگی دروود و سەلام بۆ پێغەمبەر بەرز دەبێتەوە، سیرەتەکەی دەخوێندرێتەوە و یادەوەریی لەدایکبوونی لە دڵاندا زیندوو دەبێتەوە. بەڵام با تەنیا نەپرسین: چۆن ئاهەنگ بگێڕین؟، با پرسیاری سەرەکی ئەوە بێت: لە یادی لەدایکبوونی پێغەمبەرەوە چی لە ناخماندا لەدایک دەبێت؟.. ڕەحمەت، لێبوردەیی، ڕاستگۆیی، دادپەروەری، خۆشەویستی و مرۆڤایەتی.
چونکە محەمەد تەنیا مرۆڤێک نەبوو کە لە مێژوودا لەدایک بوو؛ بەڵکو لەگەڵ ئەو زاتەدا – دروودی خودای لەسەر بێت – مانایەکی نوێ لەدایک بوو. کەواتە پێویستە لە مەولوود دا ئەو پرسیارە بکرێت و ئەو پرسە بخرێتە بەرباس: ئایا محەمەد لە ئەخلاقی ئێمەدا زیندووە؟
ئەگەر وەڵامەکە بەڵێ بێت، ئەوا مەولوود لە یادەوەرییەوە بووەتە ژیان.