
خهبات- حەمید سوورچی:
دکتۆرڕێوان حسێن پسپۆری نەشتەرگەریی نەخۆشییەکان و شێرپەنجەی مەمک، لەم دیدارەیدا تیشک دەخاتە سەر نەخۆشی شێرپەنجە و هۆکارەکانی تووشبوون بەم نەخۆشیە، جۆرەکانی شێرپەنجه، نیشانەکانی نەخۆشییەکە، چۆنیەتی دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی بۆ خهبات ڕوون دەکاتەوە.
* لە دەستپێکدا لە بارهی ناساندنی نەخۆشی شێرپەنجە دکتۆر ڕێوان حسێن، بۆ خهبات گوتی:
شێرپەنجە ناوی کۆمەڵێک نەخۆشییە، کە تێیدا خانەکانی جەستە بە شێوەیەکی نائاسایی و بێکۆنترۆڵ زیاد دەکەن، ئەم خانانە دەتوانن لە شوێنی خۆیان گەورە ببن یان بۆ بەشەکانی تری جەستە بڵاوببنەوە.
* لەبارەی هۆکارەکانی نەخۆشی شێرپەنجە دکتۆر ڕێوان گوتی: زۆرجار یەک هۆکار نییە، بەڵکوو کۆمەڵێک هۆکار ههن لەوانە:
تەمەن و پیرەبوون، هۆکاری بۆماوەیی هەندێک گۆڕانکاری جینی، جگەرەکێشان دوکەڵ بە هەموو جۆرەکانی، کەمبوونی چالاکی جەستەیی و کێشی زیادە، خواردنی نادروست وەک خواردنە خێراکان، خواردنی پرۆسیسکراو لەگەڵ خواردنەوەی شلە گازیەکان، خواردنەوەی ئەلکۆل، تووشبوون بە ڤایرۆس، هەندێک جۆری تیشک و ژینگە، مێژووی خێزانیی هەندێک جۆری شێرپەنجە.
* لەبارەی پرسیاری ئایا جۆرەکانی نەخۆشی شێرپەنجە چین؟ لە وەڵامدا دکتۆر ڕێوان حسێن گوتی: جۆرەکانی شێرپەنجە زۆرن، بەڵام باوترینیان ئەمانەن: شێرپەنجەی مەمک، شێرپەنجەی سییەکان، شێرپەنجەی کۆڵۆن، شێرپەنجەی پڕۆستات، شێرپەنجەی ڕەحم و هێڵکەدان، شێرپەنجەی جگەر، شێرپەنجەی پەنکریاس، شێرپەنجەکانی خوێن، وەک لۆکیمیا و لیمفۆما.
*لە وەڵامی پرسیاری ئایا ماوەی کارکردن یان پیشە کاریگەریی لەسەر شێرپەنجە هەیە؟ لە مبارەیەشەوە گوتی:
بەڵێ، هەندێک پیشە و ژینگەی کارکردن، دەتوانن مەترسی هەندێک جۆری شێرپەنجە زیاد بکهن، بەتایبەتی ئەگەر مرۆڤ بۆ ماوەیەکی درێژ بەرکەوتەی مادە کیمیاییە زیانبەخشەکان و تۆز یان تیشک بوو.
*لەبارەی نیشانەکانی نەخۆشی شێرپەنجە و چۆنیەتی دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە، دکتۆر ڕێوان گوتی:
نیشانەکان بە پێی جۆری شێرپەنجە جیاوازن، بەڵام هەندێک نیشانەی گشتی هەن: بوونی گرێ لە مەمک یا ژێر باڵ، خوێن ڕۆیشتنێکی نائاسایی، کەمبوونی کێش بەبێ هۆکاری دیاریکراو، ماندووبوونی بەردەوام، ئازاری بەردەوام و بێهۆکار، گۆڕانکاری لە عادەتی میزکردن یان پاشماوەکردن، دەنگگۆڕانێکی بەردەوام، گۆڕانکاری لە پێست یان پەڵەیەک کە چاک نابێتەوە. هەر یەکێک لەم نیشانانە بە مانای شێرپەنجە نییە، بەڵام ئەگەر بەردەوام بوو، پێویستە سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکرێت.
لە بارەی دەستنیشانکردنیش بە پێی جۆری شێرپەنجە جیاوازە. دەتوانێت لە ڕێگەی: پشکنینی پزیشکی، پشکنینەکانی تیشک و سونار وەک سۆنار، مامۆگرافی، CT یان MRI، تاقیکردنەوەی خوێن لە هەندێک حاڵەتدا، پشکنینی خامنەیی و شانەیی(FNA& tissue biopsy) بەڵام ئەوەی زۆر گرنگە پشکنینی زوو و Screening بکرێت بۆ هەندێک جۆری شێرپەنجە دەتوانێت بۆ دۆزینەوەی نەخۆشی پێش ئەوەی نیشانەکان دەربکەون یارمەتیدەر بێت.
* لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا لە بارەی ئەوەی نەخۆشی شێرپەنجە چۆن چارەسەردەکرێت؟ لە وەڵامدا گوتی: چارەسەرکردن بە جۆر، قۆناغ، شوێن و تایبەتمەندییەکانی شێرپەنجە پەیوەستە. لەوانە: نەشتەرگەری، کیمیاوی چارەسەرکردن (Chemotherapy)، تیشكدان (Radiotherapy)، هۆرمۆن تراپی Targeted therapy، Immunotherapy زۆرجار زیاتر لە یەک شێوازی چارەسەرکردن بەکاردێت. بۆیە پلانی چارەسەرکردن دەبێت بەپێی دۆخی هەر نەخۆشێک بە تایبەتی دیاری بکرێت.
* لە وەڵامی دواپرسیاریش لە بارەی ڕێنمایی بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشیی شێرپەنجە چییە؟ بۆ ئەمەش گوتی: هەموو جۆرەکانی شێرپەنجە ناتوانرێت بە تەواوی ڕێگریان لێ بکرێت، بەڵام دەتوانین مەترسییەکە کەم بکەینەوە بە پەیڕەوکردنی ئەمانە: دوورکەوتنەوە لە جگەرە و توتن، ئەنجامدانی وەرزش و دوورکەوتنەوە لە قەڵەوی، خواردنی تەندروست و زۆر خواردنی میوە و سەوزە، خۆ پاراستن لە بەرکەوتنی تیشکی خۆر، پشکنینی پێش وەختە Screening بەپێی تەمەن، ڕەگەز و مەترسییە تایبەتییەکان.
گرنگترین پەیام:
شێرپەنجە لە زۆر حاڵەتدا ئەگەر زوو بدرۆزرێتەوە، هەلی چارەسەر و کۆنترۆڵکردنی زۆر باشترە. بۆیە «دۆزینەوەی زوو» و «پشکنینی پێش وەختە » گرنگترین هەنگاون.