١٦ی ئاب ئەستێرەیەکی گەش و پرشنگداری ئاسمانی کوردایەتی

154

ڕێبوار حەمەلاو شوانی
ئەمساڵ ٨٠ هەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستانە؛ ئەو حیزب و قوتابخانەیەی هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە وەک ئەستێرە و ئاسۆیەک لە مێژووی پڕ شانازیی کوردستاندا دەرکەوت. پارتی، جیاواز لە هەموو بزاڤ و جووڵانەوە چەکدارییەکانی پێشتر، خاوەن دیدگایەکی فراوانتر و گشتگیرتر بوو، بە جۆرێک قۆناغی کوردایەتی لە چوارچێوەی ناوچەیی و خێڵگەڕایییەوە گواستەوە بۆ بزاڤێکی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی. پارتی توانی لە زاخۆوە تا خانەقین، کەسایەتیی بەهێز، تێکۆشەر و ڕووناکبیر لە دەوری هزری کوردایەتی کۆبکاتەوە، بە ڕابەرایەتیی باوکی ڕوحیی نەتەوەکەمان، بارزانیی نەمر لە ١٦ی ئابی ١٩٤٦دا.
ئەم بیرۆکە و ڕێبازە، زادەی پشتاوپشتی خەباتی شۆڕشگێڕیی بارزان بوو کە سەرچاوەکەی لە شێخ عەبدولسەلامی بارزانی و شێخ ئەحمەدی بارزانی و دەیان کەڵەپیاوی دیکەی خەباتەوە هەڵقوڵابوو؛ ئەو سەرکردانەی ببوونه‌ فریادڕەس بۆ شۆڕشەکانی کوردستان لە باکوور، باشوور، ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا. بارزانیی نەمر دوای بەشداریکردنی کاریگەر لە دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە مهاباد، پاش لەدەستدانی کۆمارەکەش، خەبات و تێکۆشانی گواستەوە بۆ باشووری کوردستان و بە ئەقڵانیەت و سیاسەتێکی لێزانانەوە بناغەی پارتێکی سەرتاسەریی داڕشت.
گرنگیی پارتی دیموکراتی کوردستان لەوەدا بوو کە لە جەرگەی بەغدای پایتەختی عێراقەوە، بە ڕوحیەتێکی نەتەوەییەوە دامەزرا و داوای مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستانی کرد. پارتی هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە تاکو ئامڕۆ، وەک پرەنسیپی کار، ڕێچکەیەکی ئاشتییانەی گرتووەتە بەر؛ گفتوگۆ، لێکتێگەیشتن و دانوستاندن گرنگترین هۆکاری مانەوە و بەهێزبوونی بەردەوامی ئەم حیزبە بوونە.
پارتی جگە لە خەباتی چەکداری و سیاسیی، سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی لەبیر نەکرد. قۆناغ بە قۆناغ ڕێکخراوە جەماوەری و پیشەیییەکانی دامەزراند تاوەکو هەموو توێژەکان لە پرۆسەی خزمەتکردندا بەشدار بن. وەکو دامەزراندنی یەکێتیی قوتابیان، یەکێتیی لاوان، یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان، یەکێتیی ئافرەتان و یەکێتیی مامۆستایان بەشێکی گرنگی ئەم ستراتیژە نەتەوەییە بوون.
دوای ئەوەی هەمیشە دەسەڵاتدارانی بەغدا ڕێگەی دیالۆگیان دەبەست، خەبات و بەرخودان ببووە کاری لەپێشینە، کە سەرەنجام شۆڕشی مەزنی ئەیلوولی لێکەوتەوە. ئەو شۆڕشە حکوومەتی عێراقی ناچار کرد ددان بە مافەکانی خەڵکی کوردستاندا بنێت لە ڕێگەی ڕێککەوتننامەی ١١ی ئاداری ١٩٧٠. ئەگەرچی پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی بووە هۆی نسکۆی کاتی لە ساڵی ١٩٧٥دا، بەڵام زوو هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی گوڵان لە ساڵی ١٩٧٦ و دواتریش دروستبوونی بەره‌ی کوردستانی، ڕێگەی خۆش کرد بۆ ڕاپەڕینە مەزنەکەی ١٩٩١ کە بەرهەمەکەی دروستبوونی قەوارەی هەرێمی کوردستان، پەرلەمان و حکوومەت بوو.
ئەمڕۆش پارتی بە ڕابەرایەتیی سەرۆک بارزانی، لەسەر بنەمای باوەڕبوون بە پاراستنی دەستکەوتەکانی کوردستان، زەمینەسازیی بەردەوامی کردووە بۆ پێکەوەژیان، لێبوردەیی و ئاشتی. پارتی باوەڕی وایە هەرێمی کوردستان تابلۆیەکی ڕەنگاوڕەنگی پێکەوەژیانی نەتەوە و ئاینزا جیاوازەکانە، و لە ٨٠ ساڵی تەمەنیدا سەلماندوویەتی کە ئەستێرەیەکی درەوشاوەی ئاسمانی کوردایەتییە و لە خەبات بەردەوامە و بەردەوام دەبێت.