وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەڵامی لێدوانەکانی ئالا تاڵەبانی، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەداتەوە و رایدەگەیەنێت، تەواوی ئەو تۆمەتانەی لەبارەی بەرهەمهێنان، هەناردەکردن و کۆمپانیا نەوتییەکان خراونەتەڕوو، بێبنەما و چەواشەکارانەن، هاوکات ئاشکرای دەکات کە بەرهەمهێنانی ئێستای نەوتی هەرێمی کوردستان نزیکەی 255 هەزار بەرمیلە نەک 650 هەزار بەرمیل.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 29ـی تشرینی یەکەمی 2026، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە راگەیەندراوێکدا، بە توندی سەرکۆنە و رەتکردنەوەی خۆی بۆ ئەو لێدوانە چەواشەکارانە دەربڕی کە ئالا تاڵەبانی لە ڕێگەی کەناڵی (ئەلاوولا)ـوە سەبارەت بە نەوتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بڵاوی کردوونەتەوە. وەزارەت ئاماژەی بەوە کردووە ئەم گوتانە نەک هەر زیان بە دامەزراوەکانی هەرێم دەگەیەنن، بەڵکو بێڕێزیکردنە بە دامەزراوە فیدراڵییەکان و پرسیار لەسەر متمانەی ئەو لێدوانانە دروست دەکات.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە پێنج خاڵی سەرەکیدا وەڵامی تەواوی ئەو تۆمەتانەی داوەتەوە لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە “بەپێی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی، کۆمپانیای پسپۆڕی نێودەوڵەتی ‘وود ماکنزی’ (Wood Mackenzie) کە گرێبەستی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵیدا هەیە، ڕاسپێردراوە بۆ دیاریکردنی قەبارەی نەوتی بەرهەمهێنراو و تێچووی دەرهێنان و گواستنەوەی لە کێڵگەکانی هەرێم. بەپێی داتاکانی ئەم کۆمپانیایە، ئاستی بەرهەمهێنانی ئێستای نەوت لە هەرێم نزیکەی 255 هەزار بەرمیلە لە رۆژێکدا. پێشبینیش دەکرێت لە باشترین حاڵەتدا تا ساڵی 2027 بگاتە 308 هەزار بەرمیل، بە مەرجێک کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان شایستە داراییەکانیان پێ بدرێت و کەشێکی ئارامی ئەمنی هەبێت بۆ بەردەوامیی وەبەرهێنان. بۆیە باسکردنی ژمارەی 650 هەزار بەرمیل و بەستنەوەی بە سەرچاوەی نێودەوڵەتی، چەواشەکردنی رای گشتییە.”

سەبارەت بە تۆمەتی قاچاخچێتی، وەزارەت جەختی کردووەتەوە باسکردنی ئەم بابەتە نەزانینی تەواوە بە پرۆسەی هەناردە و چاودێری؛ چونکە 42 نوێنەری وەزارەتی نەوتی فیدراڵی راستەوخۆ سەرپەرشتیی پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بۆ تورکیا دەکەن لە رێگەی کۆمپانیای نەوتی باکوور و بە هاوکاریی کۆمپانیای سۆمۆ. دەشڵێت “هەر تۆمەتێک لەم بارەیەوە، لەبری حکوومەتی هەرێم، راستەوخۆ دەچێتە سەر دامەزراوە فیدراڵییەکان، و پێویست بوو وەزارەتی نەوتی فیدراڵی راستییەکان بۆ رای گشتی روون بکاتەوە و بەرگری لە ستاف و شێوازی کارکردنی خۆی بکات.”

لە بارەی داهاتی نەوتیشەوە، لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە “تەواوی داهاتی فرۆشتنی ئەو نەوتەی لە رێگەی (سۆمۆ)وە هەناردە دەکرێت، راستەوخۆ دەچێتە خەزێنەی وەزارەتی دارایی فیدراڵییەوە. کەواتە هەر قسەیەک لەسەر سەرپێچی لە داهاتدا هەبێت، دەبێت بەڵگەی لەسەر بخرێتەڕوو و ئاراستەی ئەو لایەنانە بکرێت کە سەرپەرشتیی پارەکە دەکەن، نەک تۆمەت بۆ هەرێمی کوردستان دروست بکرێت.”

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئەو تۆمەتانەی بە توندی رەت کردەوە کە گوایە کۆمپانیا نەوتییەکان موڵکی بنەماڵەی دەسەڵاتدارن لە هەرێم و رایگەیاند “کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، کۆمپانیای گەورەی نێودەوڵەتین و لە بۆرسە جیهانییەکاندا تۆمار کراون و لەژێر وردبینی و پێوەرە توندەکانی دژە گەندەڵیدا کار دەکەن. گرێبەستەکانیشیان لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە بە یاسایی ناسێنراون و کاریان پێ دەکرێت، تەنانەت بەشێک لەو کۆمپانیایانە لە ناوچەکانی دیکەی عێراقیش گرێبەستیان لەگەڵ وەزارەتی نەوت هەیە. ئەم تۆمەتانە زیان بە ناوبانگی عێراق و کەشی وەبەرهێنان دەگەیەنن.”

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان باسی لەوە کردووە کە لە ماوەی رابردوودا حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی بە بەرپرسیارییەتییەوە کاریان بۆ چارەسەری کێشەکان کردووە و هەرێم دەرگای هەموو کێڵگە نەوتییەکان و تەنانەت پێوەرەکانی هەناردەکردنی (عدادات) بەبێ جیاوازی بۆ وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و پسپۆڕانی بێلایەنی نێودەوڵەتی واڵا کردووە.

وەزارەت داوا لە دەزگاکانی راگەیاندن دەکات پابەندی بنەماکانی پیشەیی بن و زانیارییەکان لە سەرچاوە فەرمییەکانەوە وەربگرن، هاوکات ئامادەیی تەواوی خۆی نیشان دا بۆ خستنەڕووی هەر زانیاری و داتایەک لەپێناو پاراستنی شەفافییەت و بەرژەوەندیی گشتی.