شارەزایەكی كەشناسی ئاماژە بەوە دەدات، لە دوای كاتەكانی نیوەڕۆ و ئێوارەی سبەی هەینی، ناجێگیرییەك لە كەشوهەوا دروست دەبێت، ئەگەری تاوەباران و تەرزە و هەورەبرووسكە هەیە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 29/10/2026، ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی، لەبارەی كەشوهەوای سبەی هەینی، ڕایگەیاندووە: “لە ئەنجامی بەردەوامیی حاڵەتی ناجێگیری کەشوهەوا، سبەی ئاسمانی هەرێمی كوردستان زۆربەی کات بە نیمچەهەوری دەمێنێتەوە، لە کاتەکانی نێوان نیوەڕۆ بۆ ئێوارەش لە بەشێکی ناوچەکانی سلێمانی، هەڵەبجە، دهۆک، زاخۆ، سۆران و ڕاپەرین، ئەگەری دروستبوونی کەڵەکەهەوری برووسکاوی و تاوەبارانی مامناوەند دەبێت، لە هەندێك شوێنیشدا تاوەبارانی بەخوڕ و تەرزە دەبارێت.”
دەشڵێت: “پلەی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ بە ڕێژەی 2 پلە نزم دەبێتەوە، خێرایی با لەسەرخۆ بۆ مامناوەند دەبێت.”
ئەو شارەزایەی كەشناسی باسی لەوەش كردووە، کاریگەریی ئەو ناجێگیرییە سبەی هەینی لە کاتەکانی شەودا کۆتایی پێ دێت.