وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، کڕین و فرۆشتنی دەرمان بەشێوەی ئۆنڵاین بە هەموو جۆرێک نایاسایی و قەدەغەیە، هاوکات ڕێکاری توندی یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگیرێتەبەر.
وەزارەتەکە داوا لە هاووڵاتییان دەکات بۆ پاراستنی سەلامەتییان پشت بە ڕیکلام و پلاتفۆرمە ئۆنڵاینەکان نەبەستن و دەرمان تەنها لە دەرمانخانە مۆڵەتپێدراوەکان بە ڕەچەتەی پزیشک وەربگرن.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا تیشک خراوەتە سەر مەترسییە کوشندەکانی ئەو بەرهەمانەی بۆ کۆنترۆڵکردنی کێش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەفرۆشرێن:
مەترسییەکانی دەرمانی خۆلاوازکردن: زۆربەیان ماددەی کیمیایی قەدەغەکراو یان بڕێکی زۆر لە کافایین و هاندەرەکان لەخۆ دەگرن، کە دەبنە هۆی بەرزبوونەوەی مەترسیداری پەستانی خوێن، تێکچوونی لێدانی دڵ، جەڵتەی دڵ و مێشک، و تێکشکانی خانەکانی جگەر و گورچیلە.
مەترسییەکانی دەرمانی خۆقەڵەوکردن: بڕێکی نائاسایی لە هۆرمۆنەکان و ستیرۆیدەکان (وەک کۆرتیزۆن) لەخۆ دەگرن، کە دەبنە هۆی کۆبوونەوەی شلە لە جەستەدا، تێکچوونی توندی هۆرمۆنەکان و سیستمی بەرگری، لەگەڵ لاوازکردنی توانای کارکردنی ئەندامە سەرەکییەکانی لەش.
وەزارەتی تەندروستی جەخت دەکاتەوە کە تیمەکانی چاودێری بەتوندی بەدواداچوون دەکەن و هەر کەس و لایەنێک ئەم جۆرە مامەڵە نایاساییە بکات، ڕووبەڕووی دادگا و سزای توند دەکرێتەوە.