پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، چەند كاتژمێرێك پێش ئێستا هێزە دەریاییەکانیان هێرشیان کردووەتە سەر دوو کەشتی لە گەرووی هورمز بەهۆی ئەوەی سیستەمی GPSـیان کوژاندووەتەوە و گوێیان بە هۆشدارییە ڕادیۆییەکان نەداوە، لە بەرامبەردا سێنتکۆم ڕوونكردنەوەی دا و جەختی لەسەر کراوەیی گەرووەکە و پاککردنەوەی لە مینەکان کردەوە.

  سوپای پاسداران لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند، ئەو دوو کەشتییە بەهۆی پڕوپاگەندەی هێزەکانی ئەمریکاوە هەڵخەڵەتاون و ویستوویانە بە گەرووی هورمزدا تێپەڕن.

  کەشتییەکان ئامادە نەبوون وەڵامی ئاگادارکردنەوە ڕادیۆییەکان بدەنەوە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی زیانیان پێبگات.
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا ‘سێنتکۆم’ ڕەوشی ناوچەکەی بە جێگیر وەسف کرد و ڕایگەیاند، هێزەکانی سوپای پاسداران لە گەرووی هورمز نەماون. ئێستا گەرووی هورمز بە تەواوی کراوەیە و هیچ کێشەیەک لەبەردەم هاتوچۆی کەشتییەکاندا نییە.

  سەرجەم ئەو مینانەی پێشتر باس لەوە دەکرا لەلایەن ئێرانەوە لە گەرووەکەدا چێنراون، پاککراونەتەوە و ڕۆژانە ملیۆنێک  و 500 هەزار بەرمیل نەوت بەو ڕێڕەوەدا تێپەڕدەبێت.